كەرێك بەڕەڵا بووە و باس لە نەمانی كوردستان دەكات ئەرێ كەسێك نییە بیبەستێتەوە؟

:: PM:01:40:25/06/2026 ‌
لە دوای ئەوەی شاسوار باسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانی كرد، شەپۆلێكی ناڕەزایی لە هەرێمی كوردستان دروست بووە، داوای داگاییكردنی دەكەن و بەشێكیشیان داوا لە ئەندامانی یەكێتی دەكەن لەوبارەیەوە بێدەنگ نەبن، چونكە ئەوانیش بۆ قەوارەی هەرێم قوربانیی زۆریان داوە.

رۆژنامەنووس هانا چۆمانی پرسیاری ڕژدی لە هەڵوێستی ئێستەی یەكێتی دەكات بەرانبەر ئەو لێدوانانەی كە داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەو ئاماژە بەوە دەدات كە ناكرێت مێژووی پڕ لە قوربانیی ئەم حزبە، بكرێتە قوربانیی ململانێیەكی سیاسیی تەسك.

هانا چۆمانی لە پلاتفۆرمی خۆی لە فەیسبووك لە وەڵامی قسەكانی شاسوار عەبدولواحید ڕای گەیاند: "لە كاتێكدا مام جەلال تەواوی تەمەنی خۆی بۆ چەسپاندنی ئەم قەوارەیە بەخشی و یەكێتی زیاتر لە 35 هەزار  شەهید، 10 هەزار كەمئەندامی سەنگەر و هەزاران گیراوی سیاسیی پێشكەش كردووە، جێگەی سەرسوڕمانە ڕێگە بدرێت سووكایەتی بەم مێژووە بكرێت."

 هانا چۆمانی لە درێژەی ڕەخنەكانیدا پەنجەی تۆمەت بۆ شاسوار عەبدولواحید درێژ دەكات و دەڵێت: "لەو كاتەی پێشمەرگەكانی یەكێتی لە سەنگەری شەهیدبووندا بوون، شاسوار و باوكی سەرقاڵی كەبابفرۆشتن بوون، كەچی ئێستە بە ڕێنوێنی كەسانێكی وەك ڕەیان كلدانی و قەیس خەزعەلی، لە پێناو بەرژەوەندیی دارایی خۆیدا دەڵێت با هەرێمی كوردستان نەمێنێت".

هانا چۆمانی هۆشدارییەك ئاراستەی ناوەندی بڕیاری یەكێتی دەكات و دەڵێت: "بۆچی دەبێت وا بكەن كوردایەتی تەنیا لە چاوی پارتییەوە ببینرێت؟ ئایا دەكرێت تەنیا بۆ شەرمەزاركردنی ڕكابەرێكی سیاسی، ئامادە بن دەستبەرداری دەستكەوتە نەتەوەییەكان بن و هەرێم وەك ڕۆژئاوا لێ بكەن؟".

لە كۆتایی پەیامەكەیدا، داوا لە كادر و لایەنگرانی یەكێتی دەكات بێدەنگی بشكێنن و ڕێگە نەدەن وردەواڵەكان بە ناوی ئەوانەوە، سووكایەتی بە شكۆی كورد و كوردستان بكەن و پێویستە وەڵامێكی توندی ئەم جۆرە لێدوانە تێكدەرانە بدەنەوە.

هاوكات رۆژنامەنووس سوهەیب شێخ ئەحمەد لەوبارەیەوە دەڵێت، بە بەرچاوی دنیاوە باسی نەمانی هەرێمی كوردستان دەكات وەك ئەوەی باوك و مام و كەسوكاری ئەو خوێنیان بۆ ڕشتبێ و شەهید بووبن.

سوهەیب رای گەیاند، باسكردن لە نەمانی هەرێمی كوردستان و بە بەرچاوی ئەو هەموو میدیا و كەناڵە ناوخۆیی و جیهانییانەوە جگە لە رێسوابوونی خۆت، هیچی كەی لێ سەوز نابێت. پێم سەیرە ئەوەندە گڵۆپی سەوزت بۆ هەڵكراوە بە ئاشكرا بڵێی، هەرێمی كوردستان نامێنێ ئەگەر حكوومەت پێك نەیەت.

باسی لەوەش كردووە، لەسەر كەزیی كچە شەڕڤانێك كە بە سووكایەتی بە كورد لێكدرایەوە، هەموو كوردێك هاتە وەڵام و شەرمەزاریان كرد. ئێستە تۆیەكی دۆڕاوی سیاسیی بە ئاشكرا سووكایەتی بە هەموو كورد دەكەیت و باسی نەمانی هەرێمی كوردستان دەكەیت، دەبێ ئەو قسەیەت شەرمەزار و رێسوا بكرێ و دادگایی بكرێیت، نەك لە كەناڵەكانەوە بۆت بڵاو بكەنەوە.

لەلایەكی ترەوە حەمەسەعید زەنگەنە كە چیرۆكنووسێكی كەركووكە لەوبارەیەوە دەڵێت، كەرێك بەڕەڵا بووە و باس لە نەمانی هەرێم دەكات، ئەرێ كەسێك نییە بیبەستێتەوە؟

بڵێسە شاوێس كە توێژەرێكی سیاسییە لەمبارەیەوە رای گەیاند، ئەوەی كە زووزوو كەسێكمان لێ قوت دەبێتەوە و جاڕی نەمانی هەرێمی كوردستانمان بۆ لێدەدات، هۆكارەكەی ئەوەیە ئەو كەسە پشتی بە هەرێمەكەوە نەئێشاوە. 

دەڵێت، كێشەكە لەوێدایە بەشی زۆری ئەو كەسانە سوودمەندترینەكانی هەرێمی كوردستانن، وەك شاسوار عەبدولواحید كە پشتی بە سامانەكەی خۆشیەوە نەئێشاوە.

باسی لەوەش كردووە، ئەمە نیوەی باسەكەیە، نیوەكەی تری دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كێ بە گوتاری پشت نەمانی هەرێمی كوردستان دەڵێت ستۆپ.

لە كۆتاییشدا گوتوویەتی، ئەم ستۆپە بەو شێوازە ناكرێت كە میدیای پارتی دەیكات و بۆ جاری سێ هەزارەم ڕاپۆرت لەبارەی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند دەكات. بە كەسانێك ناكرێت كە ئەوانیش هەرێمی كوردستان بە مانگای شیردەر تێگەیشتوون و لە ناوەڕۆكدا جیاوازییەكیان لەگەڵ شاسوار نییە. بە هوتافی حەماسیش ناكرێت. بەڵكو پێویستی بە كەسانێكە كە پشتیان بەبنیاتنانی هەرێمی كوردستانەوە ئێشاوە و ئێستەش خەم لە حاڵی هەرێمەكە و میلەتەكە دەخۆن.



وشە - سۆران عەزیز