" بۆردمانی بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە بەحرێن پلانەكانی واشنتنی هەڵوەشاندەوە"

:: PM:01:02:27/06/2026 ‌
ڕاپۆرت و لێكۆڵینەوە سەربازییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، بۆردمانی مووشەكی و درۆنی ئێران كە بنكە و دامەزراوەكانی ئەمەریكایان لە بەحرێن كردە ئامانج، زیانی گەورەیان بە ناوەندی سەركردایەتیكردن و ئۆپراسیۆنە هەستیارەكان گەیاند، هۆی سەرەكی دووبارە پێداچوونەوە و چاوخشاندنەوەی حیساباتەكانی ئەمەریكا بوو لە جەنگی دژ بە ئێران و بوون و ئامادەیی سەربازی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال لەوبارەیەوە بەدواداچوونێكی وێنەیی بڵاو كردووەتەوە كە ئاماژە بەو ڕێگەیە دەكات، كە بووە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوی جەنگ و حیساباتەكانی ئەمەریكا لە جەنگی دژ بە ئێران، سەرەكیترین هۆكاریش بۆردمانكردنی چڕ و وێرانكردنی بنكەی پشتیوانی هێزی دەریایی سەربە كەشتیگەلی ئەمەریكا بوو لە بەحرێن.

پلان و بۆچوون و ڕوانینەكانی ئەمەریكا گۆڕانی بەسەردا هات، كاتێك مووشەك و درۆنەكانی ئێران ناوەندی سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنی دەریایی ئەمەریكایان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆردمان كرد و بە وردی ئامانجەكانیان پێكا، بنكەی سەربازیی پشتیوانی و سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنی دەریایی ئەمەریكا كە لە كۆتایی مانگی شوبات/فێبرایەر و حوزەیران/یۆنیۆ چەندان جار لەلایەن ئێرانەوە پێكرا، زیانی زۆر گەورەی بە توانای هێزی دەریایی ئەمەریكا گەیاند.

بۆردمانەكان توانیان بەرگریی ئاسمانی بنكە سەربازییەكە ببڕن، بەگوێرەی شیكارییەك كە ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال بڵاوی كردووەتەوە، وێنەی مانگە دەستكردەكان و گرتەی ڤیدیۆی و بۆچوونی پسپۆرانی سەربازی ئێستە و پێشووی بڵاو كردووەتەوە، سەرجەمیان دووپات لەوە دەكەنەوە كە زیانی گەورە بەر بنكە سەربازییەكە گەیشتووە، بەڵام پنتاگۆن تا ئێستە ددانی بەو ڕاستییە نەناوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، بۆردمانەكانی ئێران زیانی قورسیان بە بارەگای سەركردایەتی بنكە سەربازییەكە و 12 باڵەخانەی ناو بنكه سەربازییەكە گەیاندووە، لەوانەیش وێستگەی پێوەندییەكان لە ڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە.

سوپای ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە لە ئەنجامی بۆردمانەكان، هیچ كەسێك لە بنكە سەربازییەكە گیانی لە دەست نەداوە كە بە بنكەی سەربازی بەحرێنی دەریایی بۆ پشتیوانی ناسراوە. هاوكات سوپا ئاماژەی داوە كە بۆردمانەكانی ئێران، بەشێوەیەكی گەورە كاریگەریی لەسەر ئۆپراسیۆنەكان دروست نەكردووە و بە پەلە بنكە سەربازییەكە چۆڵ كراوە و ژمارەیەكی كەمی كارمەندانی تێدا ماوەتەوە.

كاپتن تیم هۆكینز گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی ناوەندی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا گوتی، فەرماندەی ناوەندی هێزە هاوبەشەكان، پێشینەی بە پاراستنی گیانی كەسانی ناو بنكە سەربازییەكە دا و ستراتیجەكەمان سەركەوتوو بوو لە پاراستنی كەسانی ناو بنكەكە، ئێران زیاتر لە هەشت هەزار مووشەك و درۆنی ئاراستەی بنكەكە كرد، بەڵام زیانی مرۆیی تەنیا دوو بریندار بوون.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، سوپای ئەمەریكا زیانی زۆر گەورەتر لەوەی بە ئێران گەیاندووە و لە ماوەی جەنگدا، زیاتر لە 13 هەزار و 500 شوێنی گرنگ و ستراتیجی وێران كردووە.

بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئەمەریكی ئاگادار، زیانی گەورە و زەبەلاح بەر بنكە سەربازییەكە كەوتووە و لە تەك ئەوەیش 20 پێگە و بنكەی تری ئەمەریكی لە تەواوی ناوچەكەدا بۆردمان كراون، هەر لە بنكەی سەربازی و دیپلۆماسی و جۆرەكانی تریشەوە، ئەمە هانی ئەمەریكای دا دووبارە چاوخشانەوە بە بوونی لە ناوچەكە بكات.

ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال نووسیویەتی، سوپای ئەمەریكا ئێستە تاوتوێی دووبارە ڕێكخستنەوەی بنكەكانی لە بەحرێن دەكات و دەیەوێ بوونی ئەمەریكا لە كوێت و سعوودیە كەم بكاتەوە، بەشێك لە بنكە سەربازییەكان و ئەركەكانی بۆ ڕۆژئاوا بگوێزێتەوە و بە تەواوی لە توانای گەیشتنی مووشەك و درۆنی ئێرانی دووریان بخاتەوە.

یەكێك لە ئەگەرەكان گواستنەوەی ناوەندی سەركردایەتی و كۆنترۆڵكردنی ئۆپراسیۆنەكانە بۆ ژێر زەوی، هەروەها توانا سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ڕووبەڕێكی فرەوانی ناوچەكە بڵاوە پێ بكات، سەرەڕای بوونی ئەو پلانە و تاوتوێكردنی، بەڵام بە كردەیی تا ئیستە هیچ بڕیارێكی كۆتایی لەوبارەیەوە نەدراوە.

تاكە وڵاتی كاندیدكراو بۆ ئەوەی بوونی بنكەی سەربازی ئەمەریكی زۆری لێ بێت، بریتییە لە ئیسرائیل، دوو بەرپرسی ئەمەریكی پشتڕاستی ئەو زانیارییە دەكەنەوە و ئاماژەیان داوە، دەیان فڕۆكەی جەنگی ئەمەریكا و فڕۆكەی بەخشەری سووتەمەنی بە فڕۆكە جەنگییەكان لە ماوەی جەنگدا لە ئیسرائیل بوونیان هەبوو.

بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییانە لە مانگی نیسان/ئەپریلی ڕابردوو، حكوومەتی ئەمەریكا داوایەكی لە كۆمپانیاكانی وێنەگرتن لە ڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە كرد، گەیشتن بە وێنەی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنووردار بكەن و كۆتوبەندی بخەنەسەر،  بەوهۆیەوە ناتوانرێ زیانەكان بە تەواوی ببینرێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن، ئەو هەنگاوە وایكرد كە هێزەكانی ئەمەریكا زیاتر پارێزراو بن.

لەگەڵ ئەو زیانە زۆرانەیش، تا ئێستە بەرپرسانی پنتاگۆن ڕەتی دەكەنەوە باس لە تێچووی زیانەكان و جەنگ بە گشتی بگەن، پێشتر پیت هێگسەس لە كۆنگرێس كاتێك داوای ڕاپۆرتیان لەبارەی تێچووەكانی جەنگ لێ كرد، لە وەڵامدا گوتی، تێچووی دەستگەیشتنی ئێران بە چەكی ئەتۆمی چەندە؟

گەی هێرست چاودێری دارایی پنتاگۆن مانگی ڕابردوو بۆ پنتاگۆن گوتی، تێچووی خەمڵاندنی جەنگ دەگاتە 29 ملیار دۆلار، ئەمە زیانەكان ناگرێتەوە كە بەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا گەیشتووە، بەگوێرەی راپۆرتێكی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی تێچووی گشتی جەنگ لەسەر ئەمەریكا گەیشتووەتە 40 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، لەو ڕێژەیەیش دوو تا پێنج ملیار دۆلار ئەو زیانانەن كە بەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە كەوتوون.

وۆل ستریت جۆرنال نووسیویەتی، تێچووی زیانی بنكە سەربازییە خەمڵێنراوەكان، تەنیا وێرانكردنیان هەژمار كراوە، بەڵام لابردنی پاشماوەكان و دووبارە دروستكردنەوەی تێچووەكە زۆر زیاتر دەكات، لەوانە ئەو بنكە سەربازییەی بەحرێن بەگوێرەی خەمڵاندنەكان پاككردنەوە و دروستكردنەوەی بە تەنیا 400 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.

بنكەی سەربازی پشتیوانی و سەركردایەتی ئۆپراسیۆنە دەریاییەكانی ئەمەریكا لە بەحرێن كە 150 میل لە كەناراوەكانی باشووری ئێران دوورە، پێشتر ڕۆڵێكی كارای لە وەستانەوە بە رووی دزەپێكردنی چەك و ناردنی بۆ حووسییەكان و ڕێگرتن لە چاندنی مین لە ئاوەكانی كەنداو  بینیوە، ئەو بنكە سەربازییە بەسەر سێ بەش دابەش بووە، ناوچەی كەناراوەكان كە تایبەت بە ئۆپراسیۆنی كەشتییە جەنگییەكان و لە تەكییەوە بنكەی سەرەكی هەیە كە باڵەخانەی كارگێڕی و تەلاری سەركردایەتی لە خۆ دەگرێ، هەروەها كۆگەكان و پاشكۆكانی هیزی دەریایی ئەمەریكا، هەرسێ بەشەكەی لەلایەن ئێرانەوە بۆردمان كراون. هاوكات زیان بە بارەگای كەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمەریكا گەیشتووە كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كۆنترۆڵ دەكرد، بەگوێرەی زانیاری بەرپرسێكی ئەمەریكی، ئێستە بنكەی كەشتیگەلی پێنجە بۆ بەكارهێنان شیاو نییە و بنكەی مەشق هێزی ئاسایشی دەریاییش وێران كراوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د