لە وڵاتانی ئەسكەندەنافیاوە تا چیاكانی ئەلپ،
ئەوروپییەكان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەدەست بەرزبوونەوەی تەواوی پلەكانی گەرما ناڵاندیان و بە سەتان هاووڵاتی بەوهۆیەوە گیانیان لە دەست دا و پلەكانی گەرمایش گەیشتنە سەرووی 40 پلەی سەدی، ئەمەیش پرسیاری ڕژدی لەسەر شێوازی ژیانی ئەوروپییەكان دروست كردووە و هەڵمەتی چوونە دەرەوە لە شارە جەنجاڵ و گەرمەكان دەستی پێ كردووە.
پلەكانی گەرما لە ئەڵمانیا و دانیمارك و چیك و فڕەنسا و بەریتانیا گەیشتنە بەرزترین پلە كە تا ئێستە ئەو پلە گەرمییە زۆرەیەیان بەخۆیەوە نەدیوە، لە بەرلین پلەی گەرما 39 پلە و لە هەرێمی سەكسۆنیا گەیشتە 41.5 پلە و لە هەرێمی زاربروكن گەیشتە 41.3 پلەی سیلیزی. هاوكات لە دانیمارك پلەی گەرما لە باكوری شاری ئارهۆس گەیشتە 37 پلە، ئەمەیش بە بەرزترین پلەی گەرمی لە ساڵی 1874 زاینییەوە تۆمار كرابێت. لە چیك پلەی گەرما گەیشتە 40.8 پلەی سیلیزی.
لە ئیتاڵیا حكوومەت لە 18 شار زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێ دا، كە شارەكانی میلانۆ و رۆما و تۆرینۆ و ڤێنس و فلۆرەنسا و پۆلۆنیا و شارەكانی تریشی گرتەوە.
لە فڕەنسا پلەی گەرما گەیشتە سەرووی 40 پلەی سیلیزی و هاتوچۆی شەمەندەفەر و بەرهەمهێنانی كارەبا وەستێنرا و خواردنەوە كهوولییەكان قەدەغە كران و قوتابخانەكان داخران. ئەمە لە فڕەنسا تەنیا وەك دیاردەیەكی كەشوهەوا و ژینگەیی هەژمار نەكرا، بەڵكو بۆ تەنگژەیەكی كۆمەڵایەتی و دەروونی گەورە گۆڕاوە و فشەڵی ئەندازە و سیستمی پەرەپێدانی شار و ماڵەكانی دەرخستووە، بۆیە فڕەنسییەكان ئێستە خەریكن چۆنیەتیی ژیانیان دەگۆڕن و شارەكان جێدەهێڵن.
شوقە و ماڵەكان لە فڕەنسا نەبوونە نەوایەكی ئارام بۆ فڕەنسییەكان، بەڵكو بەهۆی شەپۆلی گەرماوە بوون بە فڕنی مرۆیی و گەرماوی ساونا، ئەمەیش هەزاران هاووڵاتیی ناچار كرد ماڵەكانیان جێبهێڵن و ڕوو لە دەوروبەری شارەكان و كەناراوەكان بكەن.
ئەنابێل ژنێكی دووگیانە و لە شەشەم مانگیدایە بۆ لۆفیگارۆ دەڵێ، شەوێكی ترسناكم لە شوقەكەم لە پاریس بەسەر برد، ئەو شوقەیە بوو بە كۆگەی هەڵگرتنی وزەی گەرمی، هیچ چارەیەكی ترم نەدۆزییەوە، بۆیە بێ پێچانەوەی جانتا و كەلوپەلەكانم ڕووم لە باغی پوورەكانم لە نۆرماندی كرد و لەوێ ماومەتەوە كە پلەی گەرما 25 پلەی سیلیزییە.
لیز هاووڵاتییەكی تری فڕەنسییە و بەهۆی ئەو شەپۆلی گەرمایەوە تووشی گرفتی دەروونی بووە، ئەو لە شوقە 32 مەترسییەكەی لە پاریس دەژی و شەو پلەی گەرما گەیشتووەتە 30 پلەی سیلیزی، ئەمەیش تووشی شێواوی و شێتییەكی زۆری كردووە و ئەو دەڵێ، ئەو هەستەم لا دروست بووە كە ئۆكسجین بۆ مێشكم ناچێت و بەردەوام نیگەرانم.
ژوولیان هاووڵاتییەكی تری تەمەن 35 ساڵییە و دەڵێ، ئەو گەرمییە سیستمی دەماری تێكداوم و كەمتر سەبر و ئارامیم ماوە، توانای بیركردنەوەم نەماوە و هیچ وزەیەكم بۆ جووڵەكردن تێدا نییە.
ئەم گەرمییە ڕەفتار و كرداری فڕەنسییەكانیشی گۆڕیوە و فڕەنسییەكان ئێستە بە دوای شوێنگرەوەی ماڵەكانیان دەگەڕێن، بۆ ئەوەی ماوەیەك لە كەشێكی فێنك بمێننەوە، كریستۆف چیرۆكی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێ، ڕۆژانە شەش جار بۆ ماركێكی "بیكارد" بۆ ساردەمەنییەكان دەچم، خۆم بە خوێندنەوەی سەر بەرهەمەكان سەرقاڵ دەكەم، بەهۆی ئەوەی ماركێتێكی سارد و فێنكە بەمشێوەیە كاتێكی زۆر لە ناو كەشێكی فێنك و سارد دەمێنمەوە.
ماری لە شاری لیۆن دەڵێ، ڕۆژانە دوو تا سێ سەعات لە ناو فارگۆنی هێڵی ترەما دەمێننەوە، بێ ئەوەی بزانم بۆ كوێ دەچم، تەنیا بۆ ئەوەی كاتێكی زۆر لە كەشێكی فێنك بم و بیركردن و هزرم لەسەر شوقە گەرمەكەم دوور بكەوێتەوە.
سارە كە كارمەندێكی وەزارەتی دادە و دەڵێ، كاتی پشوو وەرگرتنم لە ژوورەكەم نامێنمەوە و دەچمە هۆڵی دادگای تاوانەكان كە ساردكەرەوەی لێیە و ناچارم گوێم لە دۆسیەكانی كوشتن و تاوانە جۆراوجۆرەكان بێت، ئەمەیش بە تەواوی تووشی سەرئێشە و بێ مەزاجیم دەكات.
رافائیل دەڵێ، ناچار بووم ڕۆژێك خۆم و ماڵباتەكەم لە هۆڵێكی ساردكەرەوەی تەرمەكان لە خانەی تەرمەكان بمێنمەوە، تا لە دەست ئەو گەرمییە تاقەتپرووكێنە ڕابكەم.
لەلایەكی ترەوە پێگەی میدیا ئاپارت گۆشەیەكی تری قسە لەسەر نەكراوی ئەو دۆخەی گرنگی پێداوە كە ئەویش گرتووخانەكانن، ڕاپۆرتێكی لەسەر دۆخی گرتووخانەی رین بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، گیراوان دەیانەوێ گرتووخانەكانیان بە دانانی پەڕۆی تەڕ لەسەر پانكەكان خۆیان فێنك بكەنەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ ئامێرێكی فێنككەرەوەی پێشكەوتووی تێدا نییە.
دەستەی كارگێڕی گرتووخانەكە دووپات لەوە دەكاتەوە، ئەوان گۆچانی سیحرییان لا نییە كە دۆخەكە بە خێرایی چارەسەر بكەن، پەرلەمانتارێكیش لە كاتی سەردانی گرتووخانەكە ئەم دۆخەی بە تەنگژە و پێچەوانەی ڕێكار و ڕێساكانی سیستمی دادوەری لە وڵات ناوبرد.
میدیاكانی ئەو وڵاتە حكوومەتی
فڕەنسا بەوە تۆمەتبار دەكەن كە پلانی ستراتیجی و پێشوەختەی بۆ دۆخێكی لەمجۆرە نەبووە، خەڵكیش بە هیچ شێوەیەك پەنایان بۆ كڕینی فێنككەرەوە نەبردووە، بەهۆی ئەوەی ساڵانی پێشوو بە هیچ جۆرێك ئەمجۆرە گەرمایە نەبووە، ئەمەیش وایكردووە بە ملیۆنان خەڵكی ئەو وڵاتە لە یەك كاتدا تووشی ئەو شەپۆلە گەرمییە ببنەوە، بەوهۆیەشەوە سەتان كەس گیانیان لە دەست داوە و سەدانی تریش براونەتە نەخۆشخانەكان.