بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە كاتێكدا هێشتا دنیا رووناك نەبووەوە، گرتنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە عێراق و لە ناوەڕاستی بەغدا دەستی پێ كرد. ئۆپراسیۆنێك تانك و هێزی دژەتیرۆر تێیدا رۆڵی دەبینێ.
چۆن دەستی پێ كرد؟
ئۆپراسیۆنی گرتنی تۆمەتبارانی گەندەڵی بیرۆكەیەكی كۆن نییە، بەڵكو لەگەڵ دەستبەكاربوونی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتە پێشەوە، بە جۆرێك دەستكراوەیی زەیدی بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە، یەكێك بووە لە مەرجەكانی بۆ رازیبوون بە چارەسەری كێشەی تر و وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
بەیانی ئەمڕۆ، لە كاتێكدا عێراق لە خەودا بوو، تانك و زریپۆش لە ناوچەی سەوزی بەغدا و چەندان گەڕەكی تری شارەكە بڵاوەی پێ كرا، بە پشتبەستن بە بڕیاری فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق ژمارەیەك لە گەندەڵكاران گیران.
ئۆپراسیۆنەكە بە خێرایی دەنگدانەوەی لێ كەوتەوە، شەقامی عێراقی بە تەواوی پشتیوانی ئەو هەنگاوە رژدە بوون كە بۆ گرتنی تۆمەتباران دەستی پێ كرد.
پاڵپشت بە چی گیران؟
زۆربەی ئەو كەسانەی ئەمڕۆ گیران، لەسەر بنەمای ددانپێدانانەكانی عەدنان جومەیلی بووە و هەریەكەیان رووبەڕووی تۆمەتێكی جیاواز بوونەتەوە.
بەڵام فەرمانی گرتنی تۆمەتباران لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەرییەوە دەرچووە، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پێش گەشتكردنی بۆ دەرەوەی عێراق، فایەق زێدان ئەو بڕیارانەی واژوو كردووە و جێبەجێكردنەكەی خراوەتە ئەمڕۆ.
بەگوێرەی یاسای دەستەی دەسپاكی عێراق، دادوەری دەسپاكی یان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كە بەرزترین پلەی دادوەری هەیە، دەسەڵاتی دەركردنی هەر فەرمانێكی هەیە بۆ گرتن لە هەركات و پاڵپشت بە هەر بەڵگەیەك بێت.
بەڵگەی ناو نووسراوەكەی ئەنجوومەنی دادوەری، پشتی بە ددانپێدانانی عەدنان جومەیلی بەستووە كە پێشتر بە تۆمەتی گەندەڵی گیراوە.
ناوی دیارترین گیراوەكان و تۆمەتەكانیان بریتین لە عەلی مەعارج بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دابەشكردن، حەسەن خەفاجی گەورە بازرگانی زێڕ كە بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی گیراوە، هەروەها عالیە نسەیف پەرلەمانتاری پێشوو كە تۆمەتەكەی پێوەستە بە ساختەكردنی نووسراوە فەرمییەكان، حوسێن موئەنەس سەرۆكی فراكسیۆنی (حقوق) لە پەرلەمانی عێراق كە تۆمەتبارە بە داگیركردنی زەویوزاری هاووڵاتییان.
هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی ئەم هەڵمەتە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری قەدەغەكردنی گەشتی لە دەرەوەی وڵات بۆ سەرجەم ئەو تۆمەتبارانە دەركردووە كە ناویان لە دۆسیەكاندا هاتووە.
هەفتەی رابردوو دەسەڵاتی دادوەری عێراق ئاشكرای كرد، دەستیان بەسەر بڕی زیاتر لە 85 ملیۆن دۆلاردا گرتووە و بەشێكی زۆری ئەم پارانە بەشێوەی نەختینە، لەناو ماڵەكان و لەناو چاڵ لە قووڵایی چوار مەتر لە ژێر زەویدا شارابوونەوە، كۆی گشتی ئەو پارانەی لەم دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە، بریتین لە زیاتر لە 98 ملیار دیناری عێراقی و 11 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی و دەستبەسەرداگرتنی 70 خانوو و زەوی و 21 ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز.
ئەم دۆسیەیە یەكێكە لە گەورەترین دۆسیەكانی گەندەڵی كە لەمدواییانەدا ئاشكرا كراوە، حكوومەتی نوێش دووپات لەسەر بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكاتەوە.
لێدوانی دەستەی دەسپاكی عێراق
هەرچەندە بەفەرمی هیچ لێدوانێكیان نییە، بەڵام سەرچاوەیەك لە دەستەی دەسپاكی عێراق، بۆ "وشە" گوتی، ئەو ئۆپراسیۆنە زیاتر پێوەندی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری و سەرۆك وەزیرانی عێراق هەبووە، جگە لەوەی چەند بڕیارێكی پێشووی دادگا و فایلی گەندەڵی لە دەستەی دەسپاكی بەگوێرەی ناو وەرگیراون.
سەرچاوەكە گوتی، ئەو ئۆپراسیۆنە پێدەچێ تا 15ی مانگی داهاتوو بەردەوام بێت، پێش ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەشتەكەی بۆ ئەمەریكا بكات.