هەڵمەتەكەی زەیدی تا كوێ بڕ دەكات؟

:: PM:07:27:28/06/2026 ‌

ئەمشەو كتوپڕ هەڵمەتێكی فراەوانی گرتنی ژمارەیەك تۆمەتبار و تێوەگلاو لە چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ كرد، تا ئێستە چەندان بەرپرس و پەرلەمانتار و كارساز گیراون، بەشێك لە شارەزایان دەست پێكردنی هەڵمەتەكە بە گوشارەكانی ئەمەریكا دەبەستنەوە، بۆیە پێیان وایە تا ئەو گوشارانە بەردەوام بن هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێ بەر لە سەردانەكەی بۆ واشنتن لەو مانگی داهاتوو پێشوەچوون لە چەند دۆسیەیەك بەدەست بێنێت، لەوانە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

ئەحمەد تائی چالاكی سیاسی دەڵێت، ئەگەری هەیە ئەو هەڵمەتە زیاتر بەردەوام بێت، بەتایبەتی ئەگەر گوشاری ئەمەریكا لەسەر حكوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و نەهێشتنی پاڵپشتیی دارایی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بەردەوام بێت، ئێستە حكوومەتی عێراق دەیەوێ بەر لە سەردانی عەلی زەیدی بۆ واشنتن پێشوەچوون لە چەند دۆسیەیەك بەدەست بێنێت.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی عێراقی هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و چەندان ناوی بەرپرسی باڵا خراونەتە ناو لیستی قەدەغەكراو لە گەشتكردن بۆ دەرەوەی عێراق، ئەوان پێوەندییان بە دۆسیەكانی گەندەڵی زیاتر لە سێ ملیار دۆلار لە وەزارەتەكانی كارەبا و نەوت هەیە، جیا لەوانە دۆسیەكانی گەندەڵی لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و كۆچیش ئەگەری هەڵدانەوەیان هەیە، كە هەر هەمووی پێوەندیی بە حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانییەوە هەیە.

هەڵمەتەكەی ئەمشەو لە لایەن دەزگای دژەتیرۆر و ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان لە ناوچەی سەوزی بەغدا و ئەنبار و نەینەوا و بابل و سەڵاحەدین و بەسرە و واست و هەولێر بەڕێوە چوو، ئەوانەی گیران فەرمانی گرتنیان لە دادگا هەبوو و پەرلەمانتارەكان پێشوەختە پارێزبەندییان لەسەر لادرابوون واتە هاوئاهەنگییەكی پێشوەختە و رانەگەیەندراو لە نێوان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و حكوومەت و پەرلەمان بۆ ئەو هەڵمەتە هەبوو، كە لەسەر بنەمای دداننانەكانی عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوتی گیراو هات.

جومەیلی لە دداننانەكانی باسی ئەوەی كردبوو كە مامەڵەی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرس و سیاسەتوان كردووە و پارەی بۆ هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ئەوان تەرخان كردووە، پارەیەكی زۆری بەوان داوە، جیا لەوە دەستەواەری تری گەورەی گەندەڵی لەكاتی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا بووە، وەك بەرپرسێكی دەستەی دەستپاكیی عێراق دەڵێت، هەندێك لە تۆمەتباران پێوەندییان بە سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتیكردنی دارایی میلیشیاكانی سەر بە ئێران هەیە.   

دووپاتی كردەوە، هەموو پرۆسەی گرتنەكان بەپێی فەرمانی دادگا بووەن هاوئاهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ تەواوكردنی رێوشوێنە ئاساییەكانی پێوەست بە لابردنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی تۆمەتبار كراوە، رێوشوێنەكانی بە نهێنییەكی تەواو كراون بۆ رێگرتن لە دزەكردنی زانیارییەكان و بواردان بە هەڵاتنی تۆمەتبارەكان، ئێستەش دادگا فەرمانی قەدەغەی گەشتكردنی بۆ چەندان كەسایەتیی سیاسی و بەرپرسی حكوومەت دەركردووە، كە ناویان لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە، ئەگەری هەیە لە لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ تۆمەتبارن ناوی زیاتر و دەسترۆیشتووتر ئاشكرا بكرێت.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی تایبەت، بە درێژایی رۆژانی رابردوو تیمێكی لێكۆڵینەوەی ئەمەریكی لە بەغدا بووە بۆ لێكۆڵینەوە لە چەند دۆسیەیەكی پێوەندیدار بە پارەداركردنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران، لە رێگەی گرێبەست و دەستەوارە نەوتییەكانی عێراق، بەتایبەتی لە پاڵاوگەی بێجی و حەمام عەلیل لە سەڵاحەدین و نەینەوا، دووپاتیان كردەوە لێكۆڵینەوەكان تۆڕێكی پاڵپشتییان بۆ میلیشیاكان ئاشكرا كردووە كە ژمارەیەك سیاسەتوان لەخۆ دەگرێت، لیستێك بە گەندەڵیی فرەوانی ئەوان دیاری كراوە كە پارەیەكی زۆریان بۆ میلیشیاكانی ئێران دابین كردووە، بۆیە ئێستە جموجۆڵێكی فرەوانی سیاسی لە بەغدا بۆ رێگرتن لە فرەوانبوونی زیاتری رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستی پێ كردووە، لە لایەن چەند سەركردەیەكی سیاسی و حكوومەتی پێشوو، دیارترنیان محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشوو. 

هاوكات بەپێی سەرچاوەكان ئەو هەڵمەتەی دەستی پێ كراوە تەنیا بەغدا ناگرێتەوە، كاتێك هێزە تایبەتەكان خۆیان بۆ فرەوانكردنی هەڵمەتەكە لە چەند سەعات و رۆژی داهاتوو لە پارێزگاكانی عێراق ئامادە كردووە، پێشبینی ئەوەش هەیە هەڵمەتەكە چەندان كەسایەتیی سیاسی و ئیداری تر بگرێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل