ئۆپەراسیۆنی گرتنی گەندەڵكارانی عێراق بەردەوامی هەیە، "وشە" دوایین زانیاری لەوبارەیەوە دەست كەوتووە و ئەو ئۆپەراسیۆنە تا دوو هەفتەی تر بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوەی كە باس لە گرتنی هەزار تۆمەتبار دەكرێت؛ هێشتا پشتڕاست نەكراوەتەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەم، ئۆپەراسیۆنێكی چڕی گرتنی چەندان كەس بەتۆمەتی گەندەڵی و بردنی ماڵی گشتی لە عێراق دەستی پێ كرد، چەندان پەرلەمانتار و كەسی سیاسیی بەغدا گیران، بەشێك لەو پەرلەمانتارانە لە هەرێمی كوردستان بوون بە هاوئاهەنگی ئاسایش و هێزەكانی عێراق گیران و رادەست كرانەوە.
دوای دوو ڕۆژ، هێشتا قسە لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە دەكرێت، چونكە تادێت نهێنیی زیاتری پارە و ماڵی دزراوی دەوڵەت لەلایەن گەندەڵكارانەوە ئاشكرا دەبێت.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تا ئێستە، دەست بەسەر 170 ملیار دیناری كاش و بڕێكی زۆر زێڕ و چەك و ئۆتۆمبێلی گرانبەهای بەرپرساندا گیراوە.
سەرچاوەیەك لە دەستەی دەسپاكیی عێراق، بۆ "وشە" گوتی، دەستیان بەسەر بڕی 170 ملیار دیناری كاش، دەیان ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز، قاڵبی زێڕ، چەكی جۆراوجۆر و چەندان ئەسپی رەسەندا گرتووە، كە ئەوانە بەشێوەی جیاواز لە ماڵ و شوێنی مانەوەی ئەو تۆمەتبارانە دۆزراونەتەوە.
پێشتر "وشە" ئەوەی ئاشكرا كردبوو، كە ئەو هەڵمەتە بە پشتبەستن بە ددانپێدانانە وردەكانی عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوت بەڕێوە دەچێت، كە شوێنەكانی ئاشكرا كردبوون.
لە ئۆپەراسیۆنەكەدا، بڕیاری فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق جێبەجێ دەكرێت، بەڵام ژوورێكی عەمەلیات بە سەرپەرشتیی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێكهێنراوە. بە گوتەی سەرچاوەكەی "وشە" كۆمەڵێك ناوی تریش هەن كە پێویستە بگیرێن، بەڵام ئەو هەواڵانەی باس لە گرتنی هەزار كەس دەكەن راست نییە.
هاوشێوەی زۆرێك لە تۆمەتبارانی تر لە عێراق، لەناو تۆمەتبارانی گەندەڵی؛ هەڵاتن هەیە، بەڵام بەشێك لەوانەی ویستوویانە هەڵبێن لە بەردەرگای ماڵەكانیان گیراون و دوو كەسایەتیی دیاریش توانیویانە بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵبێن، ئەوانیش حوسێن موئنیس سەرۆكی فراكسیۆنی حقووق لە ئەنجوومەنی نوێنەران سەر بە كەتائیبی حزبوڵا، و عەلا سەكر ئەندامی ئەنجوومەن لە هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان.
لە لایەكی ترەوە، هێزە تەناهییەکان توانیویانە شكست بە چەند هەوڵێكی هەڵاتنی بەرپرسان بهێنن، لەوانە پەرلەمانتارێك كە ویستوویەتی لە رێگەی دەروازەیەكی سنوورییەوە خۆی بگەیەنێتە وڵاتێكی دراوسێ، لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری تر كە بەر لەوەی خۆیان دەرباز بكەن، گیراون.