هەموو ئەوانەی ئێستە بەتۆمەتی گەندەڵی گیراون و ئەوانەشی كە بڕیارە هەر بەو تۆمەتە بگیرێن، لەم ساڵانەی پێشوودا خەڵكی كوردستانیان بە نەناردنی پارە ئازار دەدا و پارەیەكی خەیاڵییان لە سامانی گشتیی عێراق بە ئاشكرا بۆ خۆیان دەدزی.
ئامارەكانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكەن، بەغدا تەنیا هەشت بۆ 10%ی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی لە ساڵی 2021دا ناردووە.
هەروەها خشتەی بەراوردكاری بۆ ساڵانی 2024 و 2025 پێشانی دەدات كە هیچ بڕە پارەیەك لە بەغداوە لەو دوو ساڵەدا بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە نەكراوە. لە ماوەی حەوت ساڵدا، كۆی ئەو پارانەی كە بەغدا لە پشكی 12.67%ـی یاسایی هەرێمی كوردستان بڕیوە و گلی داوەتەوە، گەیشتووەتە دەیان تریلیۆن دینار.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوودا بەتەنیا مایەوە لە دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كە 945.8 ملیار دینارە بۆ 1.19 ملیۆن مووچەخۆر. دیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەناچاری لە رێگەی داهاتی ناوخۆیی گومرگ و باج بەشێكی دابین كردووە، بەڵام ئاشكرایە هیچ كات نەیتوانیوە قەرەبووی ئەو پارەیە بكات كە بەغدا نەیدەنارد.
لەم ساڵانەدا كە ئەم دزانە لە بەغدا بەرپرس بوون، هەریەكەیان لەلای خۆیەوە خەڵكی كوردستانیان سزا دەدا و پارەیان بەچەندان شێوە دەبڕی، بەڵام دەركەوت نادادی تا كۆتایی بۆ كەس ناچێتە سەر.
بەگوتەی د. مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوو، تا ئێستە بە نزیكەی 600 ملیار دۆلار لە عێراق دزراوە و ئەوەش بودجەی 30 ساڵی وڵاتێكی وەك كوێتە.
تەواوی داهاتی نانەوتی ساڵانەی هەرێمی كوردستان كە دەرەنجامی گومرگ، باجی خانووبەرە و باجی كۆمپانیاكانە لە هەموو پارێزگاكاندا، بە دەگمەن لە 700 ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا تێدەپەڕێت. تەنیا یەك كەیسی گەندەڵی و دزیكردن لە بەغدا كە لە ماوەی 12 مانگدا لە رێگەی مامەڵەی كاغەزییەوە كراوە، یەكسان بووە بە زیاتر لە حەوت ساڵی هەموو ئەو داهاتەی كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە تەنیا كۆی بكاتەوە.