حكوومەتی زەیدی ئاشكرای كرد كە تا 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ، پێویستە میلیشیاكانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چەكەكانیان ڕادەستی حكوومەت بكەن و ئەو كاتەیشی بە دوا وادە ناوبرد. بەمشێوەیەیش فرە هێزی كۆتایی دێت و سەروەری و دەسەڵاتی دەوڵەت زیاتر دەبێت و ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بۆ لەناوبردنی داعش لە عێراق كۆتایی پێ دەهێنرێت، بەڵام ئایا تا ئەو كاتە كە 90 ڕۆژە سەرجەم میلیشیاكان چەكەكانیان ڕادەست دەكەن؟ بەغدا لەو پلانە و وادەیەی دایناوە سەركەوتوو دەبێ لە چەكداماڵینی میلیشیاكان؟
پێشتر حەیدەر عەبوودی گوتەبێژ بە ناوی حكوومەت ئاشكرای كرد، وادەی 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەر بە سەرجەم گرووپە چەكدارەكان گەیەنراوە، دوای ئەو وادەیە هەر چەكێك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بمێنێتەوە، ئەوە وەك چەكی ناڕێكخراو و بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
ئەو بڕیار و دیاریكردنی وادەیە بۆ چەكداماڵینی میلیشیاكان لەلایەن حكوومەتەوە، بەهۆی گوشارە سیاسییە زۆرەكان لە ناوخۆ و دەرەوە دێن، جیا لەو هۆشدارییانەی ئەمەریكا كە زەیدی دەدەن و بڕیارە زەیدیش لە ناوەڕاستی ئەم مانگە سەردانی واشنتن بكات و چاوەڕوان دەكرێ دۆسیەی گرووپە چەكدارەكان تەوەری هەرە سەرەكی دانیشتنی زەیدی و ترەمپ بێت.
هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەكان بۆ نەهێشتنی چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، حكوومەت ئۆپراسیۆنێكی تری بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دەست پێ كردووە، ئەو هەڵمەتەی بەرەبەیانی یەكشەمی ڕابردوو دەستی پێكرد، دەست لە هیچ كەس ناپارێزێت و پارێزبەندی لەسەر بەرپرسان و پەرلەمانتاران هەڵگیرا، تا ئەوانەی تریش كە ماون لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ڕێوشوێنی گرتن و پەلكێشكردنیان بۆ بەردەم دادگا و گێڕانەوەی سامانی گشتی بۆ گەنجینەی دەوڵەت بەردەوامی هەبێت.
زەیدی لەوكاتەی وەك سەرۆكی حكوومەت هاتە هەڵبژاردن، بەڵێنی دا بەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت كۆ دەكاتەوە، چونكە بوونی هێزی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان، قۆرخكردنی ئەركی دامەزراوە فەرمییەكانە لەلایەن ئەو گرووپە چەكدارانەوە، هاوكات هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە هێزە شیعەكانی فەرمانڕەوای عێراقی تێدایە، ڕێگەیان بە سەرۆكی حكوومەت دا هەرچی پێویستە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی باڵای وڵات بگیرێتەبەر، لەوانەیش كۆكردنەوەی چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە میلیشیاكان.
ئەو هەنگاوە دەسبەجێ پێشوازیی گرووپی چەكداری سەرایا سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەقی لێ كەوتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا گرووپەكانی بەسەر دوو بەرە دابەش كردووە، بەشێكیان دەیانەوێ و ڕازیبوون چەكەكانیان ڕادەستی حكوومەت بكەنەوە و بەشێكیشیان ڕەتی دەكەنەوە. لەوانەی پێشوازی لەو هەنگاوە دەكەن، بریتین لە گرووپەكانی سەرایای سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی، لە بەرانبەر ئەوەدا بەشێك لە گرووپەكان تا ئێستەیش بە توندی دژی ئەو هەنگاوە وەستاونەتەوە، لەوانەیش كەتیبەكانی حزبوڵا و بزووتنەوەی نوجەبا و كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا، ئەوانە ڕەتی دەكەنەوە چەك ڕادەستی دەوڵەت بكەنەوە و سوورن لەسەر مانەوەیان لە ناو بەرەی موقاوەمە و دەرفەتی كڕینەوەی چەكی میلیشیاكانی تریشیان ڕاگەیاند كە ئامادەن چەك ڕادەست بكەنەوە.
لە پەراوێزی ئەو دابەشبوون ئەوە دەردەكەوێ كە ئەم ڕەتكردنەوەیەی بەشێك لە گرووپەكان تەنیا لە ڕووی سەربازی و تەناهییەوە نییە، بگرە پێوەندی بە دۆسیەی سیاسی و دەستوەردانی دەرەكیشەوە هەیە، جیا لەوەیش تا ئێستە خوێندنەوەی جیاواز بۆ بڕیارەكانی حكوومەت لەوبارەوە دەكرێت، مەبەستی لە چەكدادان ئەوەیە چەكی میلیشیاكان ڕادەستی هێزە فەرمییەكانی حكوومەت بكرێتەوە، یان ئەو گرووپە میلیشیایانە چەكەكانیان لای خۆیان بێ، بەڵام دووبارە ڕابهێنرێنەوە و بخرێنەوە ڕیزی سوپا و هێزە فەرمییەكانی تری حكوومەتی عێراقەوە.
ئەحمەد عەدنان ئەندامی دەستەی گشتی بزووتنەوەی سادیقوون كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات و هاوكات گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەقیش سەر بەو ڕەوتەیە دەڵێ، ئەوەی ڕوو دەدات ڕادەستكردنی چەك نییە بە حكوومەت، بەڵكو كۆكردنەوەی بڕیاری بەكارهێنانی چەك و هێزە بە دەستی دەوڵەت، چەكی گرووپەكان لە شوێنی خۆیان و لە ناو دامەزراوەی حەشدی شەعبی دەمێنێتەوە، جیا لەوە پێوەندی سیاسی ئەو گرووپانە بوونی نامێنێت و تەنیا هێزی سەربازی دەبن و لایەنی سیاسیش كاریگەری بەسەریانەوە نابێت.
ئەحمەد عەدنان بۆ
شەفەق نیوز دەڵێ، جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە پێویستە سەرجەم گرووپەكان بێ هیچ جیاوازییەك بگرێتەوە، ئەمەیشی بە بڕیارێكی نیشتمانی و ئاینی و سیاسی ناو برد و كۆتاهاتنی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەیلوول/سێپتێمبەری داهاتوو، دەرگە بە ڕووی گفتوگۆ و مشتومڕ لەبارەی داهاتووی گرووپەكان و ئامانجەكانیان دروست دەكات.
عەدنان كنانی پسپۆری سیاسی و تەناهی لەوبارەیەوە گوتی، قۆناغی ئێستە بووەتە خاڵێكی وەرچەرخان، كۆتاهاتنی بەرەی موقاوەمەی چەكدار پێویستە كۆتایی بێ و گرووپەكان پێویستە تێكەڵی هێزه فەرمییەكان بكرێن و بچنە ژێر فەرمانی دەوڵەتەوە، ئەمە گۆڕانێكی گەورەی تەناهی و سیاسی دەبێت.
كەنانی بۆ شەفەق نیوز گوتی، بوونی ناكۆكی لە ناو گرووپە چەكدارەكان بە پشتیوان و بەرهەڵستكار لە بڕیارەكەی حكوومەت، سەلمێنەری ئەوەیە كە پێویستە ئەو دۆسیەیە لە ڕیشەوە چارەسەر بكرێ و جارێكی تر سەرهەڵنەداتەوە.
لەلایەكی ترەوە موعین كازمی سەركردە لە ڕەوتی بەدر بە سەرۆكایەتیی هادی عامری گوتی، داهاتووی بەرەی موقاوەمە پێوەستە بە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، بۆیە ڕازیبوونی گرووپەكان بە ڕادەستكردنی چەك دەبەستنەوە بە كشانەوەی تەواوەتی و كردارەكی هێزەكانی ئەمەریكا و كۆتاهاتنی هەڵمەتی ئاسمانی و سەربازییان لە عێراق.
زیاتر گوتی، گرووپەكانی وەك كەتیبەكانی حزبوڵا و كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا مەرجی گەرەنتیكردنی ڕوونیان هەیە، بەوەی جارێكی تر ئەمەریكا دەستوەردانی سەربازی لە عێراق نابێت، حكوومەت توانای گرتنەدەستی دۆسیەی تەناهیی وڵاتی هەیە و ئەمەیش پێویستی بە بڕیارێكی سیاسی یەكلاكەرەوە هەیە، هەر ڕێككەوتنێكی كۆتایی لەبارەی چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، پێویستی بە هاوسەنگییە لە پابەندبوونەكان لە نێوان واشنتن و بەغدا لەگەڵ خاوەنداریەتی سەروەری تەواوی عێراق لە خاك و ئاسمان و ئاوەكەی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە.
موستەفا عجیل پسپۆری تەناهی دەڵێ، دیاریكردنی كۆتایی مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەر كە هاوكاتە لەگەڵ كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمەریكا، وا دەكات كە هیچ بیانوویەك بۆ چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بوونی نەمێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا شارەزایان هۆشداری دەدەن كە سەركەوتنی ئەو پلانە پشت بە میكانیزمی جێبەجێكردنی دەبەستێت، بەتایبەت لە دووبارە ڕێكخستنەوەی دەستەی حەشدی شەعبی و دیاریكردنی ئەو لایەنانەی چەكەكان وەردەگرنەوە لە پەراوێزی نائامادەیی ئامادەكاری تەواو و ئاشكراكراو تا ئێستە.