هائارتس: ناكۆكی لە ناوخۆی ئێران هەیە و ئەمەریكا لە دانوستانەكان دەیقۆزێتەوە

:: AM:10:56:04/07/2026 ‌
تسفی برئیل نووسەری ئیسرائیلی لە ڕۆژنامەی "هائارتس" نووسیویەتی، گوشاری ناوخۆ و دابەشبوون لە ناو تیمی دانوستانكاری ئێران، یەكێكە لە گرنگرترین خاڵەكانی كاریگەریدانان لەسەر ڕێڕەوی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا، سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بە ئارامی و نەرمییەكی زۆرەوە دەكات و بە هیچ شێوەیەك پەلە ناكات لە گرتنەبەری بژارەی سەربازی.

ترەمپ سەرەڕای هەڕەشەكانی پێشووی، ئێستە زۆر سوور نییە لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران و دركی بەوە كردووە، هەر گرژی و پێكدادانێك دەبێتە هۆی داخستنی گەرووی هورمز بۆ چەندان مانگ كە ئەمەیش لێكەوت و كاریگەری بەسەر ناوچەكە و دنیا دەبێت.

گفتوگۆكانی ئێستە لە قەتەر بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی وڵاتانی ناوەندگیر، قەتەر و پاكستان و بە هاتنی شاندی ئەمەریكی بۆ دەوحە كە لە ستیڤ ویتكۆفی نێردەی ترەمپ و جارید كۆشنەری زاوای ترەمپ پێكهاتوون، لە ڕێگەی وڵاتانی ناوەندگیرەوە پەیام لەگەڵ شاندی ئێرانی ئاڵوگۆڕ دەكەن، ئاماژەی پێشكەوتنی سنوورداری لە دۆسیەی پارە بلۆككراوەكانی ئێران بەخۆوە بینیوە.

زانیاری و ڕاپۆرتە میدیاییەكان باس لەوە دەكەن، ئەمەریكا بەشێوەیەكی سەرەتایی ڕەزامەندی لەسەر ئازادكردنی سێ ملیار دۆلار لە پارە بلۆككراوەكانی ئێران دەربڕیوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر تاران داوای ئازادكردنی 12 ملیار دۆلاری بە یەك پاكێج و گەرەنتی ئازادكردنی سەرجەم پارەكانی تر هەنگاو بە هەنگاوی دەكرد.

دۆسیەی پارە بلۆككراوەكانی ئێران جۆرێك لە دابەشبوونی لە ناوخۆی ئێران دروست كردووە و ڕەخنەی باڵی پارێزخواز و توندڕۆكان لە دانوستانەكان زۆر زیاتر بووە، ئەوان لەو باوەڕەدان كە پێشكەشكردنی ساز بۆ ئەمەریكا پێچەوانەی ڕێنوێنی و هەڵوێستی سەركردایەتیی ئێرانە.

نووسەر بۆ پشتڕاستكردنەوەی بوونی ناكۆكی باس لەوە دەكات، چاوپێكەوتنێكی تۆماركراوی محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئێران لە كەناڵێكی ئێرانی، ئەو بەشەی باس لە پارە بلۆككراوەكان دەكات، لە چاوپێكەوتنەكە بڕاوە، بەهۆی ئەوەی ڕەخنەی لە توندڕۆكان گرتووە كە دژی دانوستانەكانن، ئەمەیش ئاماژەیە بۆ بەرزكردنەوەی گرژییەكان لە ناوخۆی دامەزراوەكانی فەرمانڕەواییكردن لە ئێران.

ئێزگەی پەخشی ئێران و میدیاكان لە ژێر دەسەڵاتی كەسایەتییە توندڕۆكانی ئێرانن، لە سەرووی هەموویانەوە سەعید جەلیلی كە بەرهەڵستكاری سەرەكی دانوستانەكانە لەگەڵ واشنتن، بەو هۆیەشەوە ڕووماڵی میدیایی لە میدیاكانی ئێران بۆ دانوستانەكان بەو ئاراستەیە كە توندڕۆكان دەیانەوێت.

قالیباف و پزیشكیان و عێراقچی بەردەوام ڕووبەڕووی هەڵمەتی ڕەخنەگرتنی توند لەلایەن توندڕۆكانەوە دەبنەوە و دووپات لەوە دەكەنەوە، هاوشێوەی تیمی دانوستانی ئێران لە 2015 دواجار ڕێككەوتنێك دەكەن و سەرەنجام ئەمەریكا لێی دێتە دەرەوە.

ئاماژەكان ئەوە دەرخەنە كە توانای سەركردایەتیكردنی ئێران لە كۆنترۆڵكردنی ناكۆكی و دابەشبوونەكان بە تەواوی لاواز بووە، بەتایبەت كە ڕێبەری نوێی ئێران موجتەبا خامنەیی خاوەنی هەژموونی سیاسی زۆر نییە، وەك ئەو هەژموونە گەورە و فراوانەی باوكی هەیبوو، ئەمەیش وایكردووە كە ڕەخنەگرتن و دژایەتیكردن و دابەشبوونەكان لە نێوان پیاوانی ئاینی و پەرلەمانتاران و میدیاكاران و كەسایەتییەكانی ئەكادیمی بە ڕوونی و بە ئاشكرایی دەرببڕێت.

ئەو ناكۆكی و گوشارە ناوخۆییەی لە نێوان بەرەی توندڕۆ و میانڕۆكانی ئێران هەیە، لەلایەن ئەمەریكاوە خراوەتە لیستی حیساباتەكانەوە،  ئەمە وایكردووە كە باوەڕێك لای ترەمپ دروست ببێت كە پێویستە مامەڵە لەگەڵ ئێران بكرێت، وەك هاوبەشێكی سەرەكی ڕێككەوتن، نەك وەك لایەنێكی شكستخواردوو، بەمشێوەیە دەتوانێ مەرجەكانی خۆڕادەستكردن بەسەر ئێران بسەپێنرێت.

قالیباف لە بەردەم ڕای گشتی ئێران دووپات لە پێویستی دانوستانەكان و بیانوو بۆ پەنابردن بۆ دانوستانەكان دەهێنێتەوە، ئەمەیش قەبارەی گوشاری سیاسی پێشان دەدات كە ئێستە سەركردایەتیی ئێران ڕووبەڕووی بووەتەوە، ئەمەیش وا دەكات دەرفەتێكی زیاتر لە بەردەم واشنتن بێت، تا بە ویستی خۆی دەرفەتەكان ئاڵۆز بكات، بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی و دانوستانەكان بەكار بهێنێت، وەك ئامرازێك بۆ قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان لە ناوخۆی ئێران.


وشە - باز ئه‌حمه‌د