بەهۆی هەڵمەتی گرتنی گەندەڵكاران و ئۆپراسیۆنی "هێرشی بەرەبەیان" لە یەكشەمی ڕابردوو كە گرتنی دەیان بەرپرس و پەرلەمانتاری لێ كەوتەوە، عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق ئێستە ڕووبەڕووی كاردانەوەی توند و تووڕەیی حزبەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووەتەوە.
پێگەی "
زە ناشناڵ نیوز"ی ئیماراتی بابەتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، زەیدی كە لە سەرەتای ئایار/مایۆ حكوومەتی پێكهێنا، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كردە میحوەرێكی سەرەكی كاركردنی حكوومەتەكەی، لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا فەرمانی بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای دەستپاكی و چاودێری و گێڕانەوەی سامانی گشتی دا، بۆ چاودێری تێچووی زۆر و ئاراستەكردنی دۆسیەكان بۆ دادگا و فەرمانی بە پێداچوونەوە بە گرێبەستە گەورەكانیش كرد كە حكوومەتەكانی پێشوو ئەنجامیان داوە.
هەڵمەتەكەی زەیدی بەناوی "هێرشی بەرەبەیان" لە یەكشەمی ڕابردوو كە هێزی بژارە و تایبەتی دەزگەی دژە تیرۆری عێراق ئەنجامیان دا، هەڵیانكوتایە سەر ماڵی بەرپرسانی گەندەڵ لە ناوچەی سەوزی بەغدا و چەندان پارێزگای تر كە سەرەنجام گرتنی 47 بەرپرس و پەرلەمانتاری لێ كەوتەوە.
لە ناو گیراوان عەلی بەهادلی جێگری وەزیری نەوت بۆ كاروباری دابەشكردن و سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم موسەننا سامەرایی، ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەربە هاوپەیمانییەكەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی پێشووی حكوومەتی عێراق كە بە ملیۆنان دۆلاری كاش و بڕێكی زۆر زێڕەوە گیران.
دەسەڵاتی دادوەری دووپاتی كردەوە كە دەركردنی فەرمانی گرتن لەلایەن دادگاوە، دوای ددانپێدانەكانی عەدنان جومەیلی جێگری پێشووی وەزیری نەوت بۆ كاروباری پاڵاوتن بوو، كە لە كۆتایی ئایار/مایۆ بە تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیل و سپیكردنەوەی پارە گیرا.
گرژییەكان گەیشتنە لووتكە كاتێك هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە سەرجەم حزبەكانی شیعە لەخۆ دەگرێ و عەلی زەیدییان كردە سەرۆكی حكوومەت، دووشەمی ڕابردوو كۆبوونەوەیەكی داخراو و تایبەتیان ئەنجام دا.
بەگوێرەی زانیارییەكان تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە، هەڵمەتەكەی زەیدی بوو بۆ گرتنی گەندەڵكاران، گرژی كۆبوونەوەكەی داپۆشیبوو، بەشێك لە سەركردەكانی چوارچێوە ڕەخنەی توندیان لە ئەنجامدانی ئەو هەڵمەتە گرتووە و ڕەخنەی سەرەكی ئەوەبوو، حكوومەت پێویستی بەوە نییە هێزی تایبەت و تانك و زرێپۆش بڵاو بكاتەوە و ناوچەی سەوز دابخات و وەك شانۆیەكی سیاسی ئەم هەڵمەتە ئەنجام بدات.
سەرچاوەیەك دەڵێ، لە كۆبوونەوەكە ئەو هەڵمەتەی زەیدی بە هێرشی كەسی بۆ سەر خۆی ناو بردووە، چونكە ژمارەیەكی زۆر لەو پەرلەمانتارانەی سەربە هاوپەیمانییەكەی ئەون، گیران. هاوكات سەركردەكانی تر عەلی زەیدیان ئاگادار كردووەتەوە كە بەر لە گرتنی هەر گەندەڵكارێك، پێویستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاگادار بكاتەوە، بەڵام ئەوە لەلایەن عەلی زەیدی ڕەت كراوەتەوە.
هاوكات سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕەخنەیان گرتووە، بەوەی گرتنەكان بێ ڕاوێژكردنی پێشوەختە بە چارچێوەی هاوئاهەنگی ئەنجام دراوە، بڵاوبوونەوەی زانیاری لەبارەی ئەو دۆسیانە زیان بە ناوبانگیان دەگەیەنێت، بەر لەوەی دادگە دۆسیەكان یەكلا بكاتەوە.
یەكێكی تر لە ڕەخنەكان ئەوە بووە كە بەشێك لە ئەندامانی ئەو هێزەی هەڵیانكوتایە سەر گەندەڵكاران، وێنە و ڤیدیۆی گیراوان و ئەندامانی خێزانەكانیان گرتووە و لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاویان كردووەتەوە، ئەمەیشیان بە كارێكی نەگونجاو ناو بردووە.
سەرجەم سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاوڕابوون لەوەی لە بنەڕەت و پرەنسیپ لەگەڵ ڕیشەكێشكردنی گەندەڵین، بەڵام هۆشدارییان لە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێكی یەكلایەنە و بێ ڕاوێژكردن بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوە، چونكە ئەمە دواجار دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
لەلایەكی ترەوە بەرەبەیانی چوارشەمی ڕابردوو، هێزەكان درۆنێكیان بە ئاسمانی ناوچەی سەوز بینی و بەرپرسێكی تەناهی دەڵێ، بەرگریی ئاسمانی هەوڵی خستنەخوارەوەی درۆنەكەی دا كە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری هاتبووە سەر ناوچەكە، بەڵام بەهۆی بەرز فڕینی درۆنەكە شكستیان هێنا لەوەی بیخەنە خوارەوە، تا ئێستەیش هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی هەڵدانی ئەو درۆنەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام كاتی هەڵدانی و بردنی بۆ سەر ناوچەی سەوز لەگەڵ بەردەوامی هەڵمەتەكەی زەیدی بۆ گرتنی گەندەڵكاران یەكدەگرێتەوە.
دەستكردن بەو هەڵمەتی گرتنی گەندەڵكاران و ڕیشەكێشكردنی گەندەڵی لە كاتێكدایە، تا ئێستەیش عێراق لە ریزبەندی 136ەم گەندەڵترین وڵاتە لە كۆی 181 وڵاتی دنیا، بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2025.
سەرەڕای ڕەخنە و كاردانەوەی توندی سەركردەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەڵام موقتەدا سەدر و شوێنكەوتووانی بە فراوانی ستایشی ئەو هەڵمەتە دەكەن و زەیدی بە سەربازی چاكسازی ناو دەبەن، لە گوتاری ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە حوسێنییەكان، شوێنكەوتووان و یاریدەدەرانی سەدر پشتیوانی تەواوی زەیدی و هەنگاوەكانیان كرد و سەدر زەیدی بە پاڵەوانی چاكسازی ناوبرد، كە هەوڵی دروستكردنی ڕووناكی لە ئاسمانی عێراق دەدات و داوای لە جەماوەر كرد بە تەواوی پشتیوانی بن.