دەیان پڕۆژەی ستراتیجی بۆ مسۆگەركردنی ئاسایشی ئاو لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون

:: PM:03:24:06/07/2026 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی، بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن و بنبڕكردنی كێشەی كەمئاوی، زنجیرەیەك پڕۆژەی ستراتیجی و گەورەی لە سەرانسەری هەرێم خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەم پڕۆژانە كە بەشێكیان تەواو بوون و بەشێكی تریان لە قۆناغی كۆتایی و دەستپێكردندان بە گوژمەی تریلیۆنان دینار، بە مەبەستی دابینكردنی سەتان هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان، بۆ چەندان دەیەی داهاتوو ئەنجام دەدرێن.

پڕۆژە تەواوبووەكانی ئاو
لە سەرووی پڕۆژە تەواوبووەكاندا، پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرای هەولێر دێت كە گەورەترین پڕۆژەی تەواوبووە بە گوژمەی 720 ملیار دینار؛ ئەم پڕۆژەیە ڕۆژانە 480,000 مەتر سێجا ئاو دابین دەكات و كێشەی كەمئاویی هەولێر بۆ دەیان ساڵ چارەسەر دەكات.

هەروەها پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، بە گوژمەی 222 ملیار دینار و توانای 72,000 مەتر سێجا ئاوی لە ڕۆژێكدا. پڕۆژەی ئاوی فایدە لە دهۆك، بە گوژمەی 50 ملیار دینار و توانای 72,000 مەتر سێجا، خزمەتگوزاریی ئاو دابین دەكەن.

هاوكات پڕۆژەی ئاوی پیرمام و دەوروبەری، بە گوژمەی 34.7 ملیار دینار كۆتایی هاتووە و ڕۆژانە 9,600 مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنێت.

ئەو پڕۆژانەی نزیكن لە تەواوبوون
چەندان پڕۆژەی تری ئاو لە قۆناغی كۆتایی جێبەجێكردندان، لەوانەش:

  - پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان: بە ڕێژەی 98% تەواو بووە، بە گوژمەی 30.1 ملیار دینار و توانای 24,000 مەتر سێجا ئاو.

  - تۆڕی ئاوی هەولێر (411 كم): بە درێژیی 411 كیلۆمەتر و گوژمەی 25 ملیار دینار، كارەكانی گەیشتووەتە 95%.

  - پڕۆژەی ئاوی ڕانیە- چوارقوڕنە- حاجیاوا: بە گوژمەی 36.7 ملیار دینار كە ڕێژەی 70%ی كارەكانی تەواو بووە، توانای دابینكردنی 72,000 مەتر سێجا ئاوی هەیە.

  - پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ: بە گوژمەی 41.1 ملیار دینار، كارەكانی 67%ی بڕیوە و توانای دابینكردنی 72,000 مەتر سێجا ئاوی هەیە.

  - پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان: بە گوژمەی 25 ملیار دینار و ڕێژەی جێبەجێكردنی 65%یە و بەردەوامە، توانای دابینكردنی 24,000 مەتر سێجا ئاوی هەیە.

پڕۆژە ستراتیجییە نوێیەكان
لە قۆناغی دەستپێك و كاركردنی بەردەوامدا، چەندان پڕۆژەی تری گەورە هەن وەك:

  - پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ: بە گوژمەی 101 ملیار دینار، كارەكانی گەیشتووەتە 37%، توانای دابینكردنی 60,000 مەتر سێجا ئاوی هەیە.

  - پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش: بە گوژمەی 428 ملیار دینار، كاركردن تێیدا دەستی پێ كردووە و گەیشتووەتە 10%، بە تەواوبوونی دەتوانێ 72,000 مەتر سێجا ئاو دابین بكات.

  - پڕۆژەی ئاوی دوكان - سلێمانی 3: پڕۆژەیەكی ستراتیجییە بە گوژمەی 551 ملیار دینار و توانای 240,000 مەتر سێجا ئاو، ئێستە لە قۆناغی دەستپێكدایە.

چارەسەركردنی ئاوی قورس
جگە لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، حكوومەت گرنگییەكی تایبەتی بە ژینگە و چارەسەری ئاوەڕۆ داوە. لەم چوارچێوەیەدا دوو پڕۆژەی گەورە لە قۆناغی جێبەجێكردندان:

- بەشی یەكەمی پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی قورس: بە گوژمەی 200 ملیۆن دۆلار و توانای چارەسەركردنی 52,500 مەتر سێجا ئاوی قورسی لە ڕۆژێكدا هەیە.

- بەشی دووەمی پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی قورس: بە گوژمەی 579 ملیۆن دۆلار و توانای چارەسەركردنی 210,000 مەتر سێجا ئاوی قورسی لە ڕۆژێكدا هەیە، ئێستە 4%ی كارەكانی جێبەجێ كراوە.

ئەم پڕۆژانە گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە كەرتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن، ئاسایشی ئاو بۆ نەوەكانی ئێستە و داهاتوو مسۆگەر دەكەن.




وشە - رامیار جەواد