بەر لەوەی ڕۆژ بە تەواوی گەرم بێت، محەمەد عیماد و هاوڕێكانی لە كەناراوەكانی شاری حیلە بە ئامرازی سادە و ئیرادەیەكی بەهێزتر لە گەرمای هاوین، بێ چاوەڕوانیكردنی لایەنە فەرمییەكان و هاتنی هاوێنەی كامێراكان، بڕیاریان داوە دەست بە جەنگەكەیان دژ بە گوڵ یان ڕووەكێك بكەن كە ڕووبارەكەی بە بێدەنگی داپۆشیوە و خەریكەی كۆتایی پێ دەهێنێت.
محەمەد و هاوڕێكانی كە ئەو دەسپێشخەرییەیان ڕاگەیاندووە و خەریكی هەڵكەندن و لەناوبردنی گوڵی نیلن لە كەناراوی ڕووبارەكانی عێراق، بۆ "
عالەم جەدید" قسەی كردووە و دەڵێ، تیمەكەی ڕاهاتوون لە ڕاگەیاندنی هەڵمەت و دەسپێشخەری بۆ خزمەتی شارەكەیان، ئەمساڵ كاری لە پێشینەی خۆیان كردووەتە وەستانەوە و نەهێشتنی گولی نیل دوای ئەوەی بە چڕی لە حەوزی حیلە بڵاو بووەتەوە، ئاوی ڕووبارەكە بە تەواوی دەخوات و ڕێگریی لە ڕێڕەوی ڕووبارەكە دروست دەكات، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە عێراق پێویستی بەردەوامی بە ئاوی زیاترە.
زیاتر گوتی، بەردانەوەی زیاتری ئاو لەم وەرزە وایكردووە كە خەڵك هەست بە گەشبینی بكەن، بەڵام ئەو گەشبینی و دڵخۆشییە درێژە ناكێشێت، كاتێك ئەو ڕووەكە لەسەر رووی رووبارەكان بوونی هەبێت، لە ژێر ئاوەوە بینیمان كە چۆن ڕەگی درێژ دەبێتەوە و هەنگاو بە هەنگاو وەك نەخۆشییەك تەواوی جەستەی ڕووبارەكە دادەپۆشێت، لەبەرئەوە بە ئەركی سەرشانی خۆمان زانی دەست بە هەڵمەتی هەڵكەندن و ڕیشەكێشكردنی ئەو گوڵە بكەین.
محەمەد هێمای بۆ ئەوەیش كرد، خۆبەخشانی ناو هەڵمەتەكەی ناتوانن بە تەواوی حەوزی حیلە لەو ڕووەكە پاك بكەنەوە، ئەو ئەركە زۆر گەورەترە لە توانای ئەوان، بەڵام دەسپێشخەرییەكەیان بەو هیوایە كە لایەنەكانی حكوومەت پشتیوانیان بكەن و دەیانەوێ پەیامێكیش بە خەڵك و حكوومەت بگەیەنن، كە پاراستنی ڕووبارەكان بەرپرسیاریەتییەكی هاوبەشە و هەمووان دەتوانن تێیدا بەشداری بكەن.
ئەو گەنجە داوای لە فراوانكردنی بازنەی دەسپێشخەرییەكە كرد و هیوای خواست كە لە مینبەری حوسێنییەكان و لە مانگی عاشوورا داوا لە خەڵكی بكرێت، بەشداریی لەو هەڵمەتە بكەن و ژینگە و ڕووبارەكان بپارێزن و گوڵی نیل بە فراوانی لە زۆربەی ناوچەكان هەڵبكەنرێت، تا ئەو هەڕەشە گەورەیە لەسەر ڕووبارەكان نەمێنێت.
گوڵی نیل یەكێكە لە مەترسیدارترین ڕووەكە گازییەكانی ناو ئاو، لە ساڵانی هەشتاكان بۆ توێژینەوەی زانستی هێنراوەتە عێراق، بەڵام دواتر دزەی پێكرا و وەك گوڵێكی جوان چێنرا و بەربڵاو بوو، ئێستەیش ڕووپۆشی ئاوی ڕووبارەكانی داپۆشیوە و خەریكە كارەساتێكی ژینگەیی گەورە دروست دەكات، ئێستە ئەو گوڵە لە پارێزگاكانی بەغدا و واست و ئەو پارێزگایانەی كە فوراتیان پێدا تێپەڕ دەبێت، بە فراوانی بڵاو بووەتەوە و هۆكاری تەنگژەیەكی ڕاستەقینە و هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ ئاسایشی ئاو و خۆراك لە وڵات.
ئەو گوڵە كە لەسەر ڕووی ئاو بڵاو دەبێتەوە، ڕێژەیەكی یەكجار زۆری ئاو بۆ گەشەكردنی دەخوات و بەهۆی بڵاوبوونەوەی لەسەر رووی ئاوەكان، ڕێگریی لە گەیشتنی تیشكی خۆر بۆ ناو ئاو دەكات، ئەمەیش ڕێژەی ئۆكسجین لە ناو ئاو كەم دەكات، كەمی ئۆكسجینیش لە ناو ئاوی ڕووبارەكان دەبێتە هەڕەشەی مەرگ بۆ زیندەوەرەكانی ناو ئاو و هەنگاو بە هەنگاو كۆتایی بە سەرجەم گیانەوەرە ئاوییەكان دەهێنێت.
تەحسین مووسەوی پسپۆری بواری ئاو دەڵێ، گوڵی نیل لە گوڵێك كە بۆ جوانی دیمەنەكەی دەچێنرا، گۆڕاوە بۆ یەكێك لە گەورەترین مەترسی و ئاڵنگارییەكان كە بەرۆكی سەرچاوەكانی ئاوی لە عێراق گرتووە، دوای ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوو بە فراوانی بڵاوبووەوە كە هاوكات بوو لەگەڵ كەمبوونەوەی بەردانی ئاو لەلایەن توركیا و دروستبوونی وشكەساڵی لە عێراق.
زیاتر گوتی، هەر ڕووەكێكی ئەو گوڵە ڕۆژانە سێ تا پێنج لیتر ئاوی پێویستە، سەرەڕای ئەوەی ڕێگریی لە گەیشتنی تیشكی خۆر دەكات كە دەبێتە كەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆكسجین لە ناو ئاو و ماسی و بوونەوەرە ئاوییەكان قڕ دەكات.
مووسەوی گوتی، لایەنە پێوەندارەكان سەرەتا پشتیان بە چارەسەركردنی میكانیكی بۆ نەهێشتنی ئەو گوڵە بەست، وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو ویستی بە "حەفارە" ئەو گوڵە لە ناو ئاو كۆ بكاتەوە و ئەو هەڕەشەیە نەهێڵێت، بەڵام لە 2017ەوە گوڵی نیل بە چڕی بڵاو دەبێتەوە و گەشە دەكات و ئێستەیش بووەتە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە.
ئەو پسپۆرەی ئاو دەڵێ، وڵاتانی دنیا بۆ لەناوبردنی گوڵی نیل پشت بە بەكارهێنانی مادەی كیمیایی و بوونەوەرەكان دەبەستن كە ڕەگی ئەو گوڵە دەخۆن، بەمشێوەیە ڕووەكەكان دەمرن و كۆتاییان دێت، پێویستە عێراق سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تر وەربگرێت.
بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی ئەو گوڵە و نەوەستانەوە دژی و كەمی سەرچاوەی ئاو، دەبێتە مەترسییەكی گەورە لەسەر ئاسایشی ئاو لە عێراقدا، بۆیە پێویستە ڕێوشوێنی بە پەلە بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری بكرێ و بە تەواوی ڕیشەكێش بكرێت.
موسەننا تەمیمی وەزیری سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی عێراق پێشتر گوتی، پلانێكی تایبەتیان بۆ پاككردنەوەی رووبارەكان لە گولی نیل داڕشتووە. ئەو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە نەجەف گوتی، بە دەست گوڵی نیلەوە زۆر دەناڵێنین، بۆیە پلانی پاككردنەوەی ڕووبارەكانمان لەو گوڵە داڕشتووە و سەرەتایش لە نەجەفەوە دەست پێ دەكەین و بەردەوامی بە پرۆسەكە دەدەین.