دوای سێ ساڵ لە رەتكردنەوەی پڕۆژەكە و گومان خستەسەری و رێگریكردن لە جێبەجێكردنی و پەنابردنەبەر بەغدا بۆ لابردنی، سەرئێشاندنی خەڵكی كوردستان بە دژایەتیكردنی پڕۆژەكە، دواجار خۆشیان فۆرمی "هەژماری من"یان پڕ كردەوە. ئەوان نەك بۆ "هەژماری من" تەنانەت بۆ كامێرای خاڵبەخاڵیش هەمان شتیان كرد.
"هەژماری من" پڕۆژەیەكی ئابووری گرنگە، بەدەستپێشخەرییەكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە 28ی شوباتی 2023 بە فەرمی لەلایەن مەسروور بارزانییەوە ڕاگەیەنرا.
پڕۆژەكە بۆ ڕێكخستنی شێوازی وەرگرتنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی كەرتی گشتی، یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كە بە ئامانجی مۆدێرنیزەكردنی كەرتی بانكی و بەدیجیتاڵكردنی پرۆسەی پێدانی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی كەرتی گشتی خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەم دەستپێشخەرییە ھەوڵێك بوو بۆ گواستنەوەی ھەرێمی كوردستان لە ئابوورییەكی نەختینەیی (كاش) بۆ سیستمێكی دارایی پێشكەوتوو كە تێیدا شەفافییەت، ئاسایش و ئاسانكاری بۆ ھاووڵاتییان دابین دەكرێت.
كاتێك دەست بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكە كرا، بەغدا هیچ پڕۆژەیەكی لەم چەشنەی نەبوو، تەنانەت پلانی پڕۆژەیەكی واش لە ئارادا نەبوو، بەڵام راستەوخۆ دوای راگەیاندنی "هەژماری من" ئەوانیش دەستیان بەتەوتین كرد.
ئەم پڕۆژەیە كۆمەڵێك ئامانجی ھەمەلایەنەی ھەیە كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان، كارایی حكوومەت و گەشەی ئابووریی ھەرێم دەبێت.
بەدیجیتاڵكردنی مووچە: گۆڕینی شێوازی تەقلیدی دابەشكردنی مووچە و گواستنەوەی بۆ سیستمێكی ئەلیكترۆنی كە مووچەخۆران بتوانن لە ڕێگەی كارتێكی بانكییەوە مووچەكانیان وەربگرن.
زیادكردنی شەفافییەت و كارایی حكوومەت: كەمكردنەوەی پشتبەستن بە مامەڵەی كاش وا دەكات پرۆسە داراییەكانی حكوومەت ڕوونتر و وردتر بن، ھەروەھا ڕێگری لە گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی گشتی دەكات.
پڕۆژەكە جۆرێكە ھاندانی زیاتری ھاووڵاتییان بۆ بەشداریكردن لە كەرتی بانكیدا و سوودمەندبوون لە خزمەتگوزارییە مۆدێرنە بانكییەكان. پڕۆژەكە پاڵنەرێكی گرنگە بۆ بانكەكان تا خزمەتگوزارییەكانیان پەرە پێ بدەن و لەگەڵ ستانداردە جیھانییەكاندا خۆیان بگونجێنن.
لە پڕۆژەكەدا مووچەخۆران پێویستیان بە چاوەڕوانی و نۆرەگرتنی درێژ نابێت، دەتوانن 24 سەعات لە شەو و ڕۆژدا لە ڕێگەی ھەزاران ئامێری پارە ڕاكێشان (ATM) لە سەرانسەری كوردستان مووچەكانیان بەردەست بێت.
كەمكردنەوەی مەترسییەكان: مەترسییەكانی وەك دزین و ونبوونی پارەی كاش نامێنێت.
دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانكییە مۆدێرنەكان: ھەڵگرانی كارتی "ھەژماری من" دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییەكانی وەك قەرز، پاشەكەوت، پارەدانی ئەلیكترۆنی (POS) بۆ كڕینی كاڵا و خزمەتگوزاری، گواستنەوەی پارە و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی وەربگرن. ئەو كارتە بانكییەی كە دەدرێت بە مووچەخۆران، لە دەرەوەی وڵاتیش كارا دەبێت و دەتوانرێ بۆ كڕین و ڕاكێشانی پارە بەكار بھێنرێت. ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادبوونی سەقامگیریی دارایی و ئاسانكاری بۆ چاودێریكردنی جووڵەی پارە لە بازاڕدا.
زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆیی (GDP: كاتێك ھاووڵاتییان پارەكانیان دەخەنە ناو سیستمی بانكی، دەرفەتی وەبەرھێنان و سووڕی ئابووری زیاد دەكات.
گەشەكردنی كەرتی بانكی و فراوانبوونی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەكان دەبێتە ھۆی دۆزینەوەی ھەلی كاری نوێ.
پڕۆژەكە بەشێوەیەكی قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ كرا، ئێستە لە كوردستان گەیشتووەتە كۆتایی و تەواوی فەرمانبەران بەشدارن لە پڕۆژەكەدا.
بەڵام ئەوەی سەیر بوو وەك هەموو شتە سەیرەكانی تری ئەو هێز و لایەنانە و كەسانەی كوردستان كە ئەنجامی كارەكانیان بووەتە لێدان لە گەشەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم پڕۆژەیەش سێ ساڵی تەواو كاریان كرد و وزەی خۆیان خەڵكیان بەهەدەر دا، میدیایان پڕ كرد لە گومان و رەتكردنەوە و شەقامیان دژی هان دا و لە بەغدا سكاڵایان كرد، هەرچی توانیان كردیان، بەڵام نەیانتوانی پڕۆژەكە رابگرن، تەنیا ئەوەیان توانی كەمێك دوای بخەن.
"ھەژماری من" تەنیا پڕۆژەیەك نییە بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵكو دیدگەیەكی فراوانترە بۆ گۆڕینی ھەرێمی كوردستان بە ناوەندێك كە تێیدا مامەڵە بە پارەی كاش نەمێنێت. سەركەوتنی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە بناغەیەك بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی تری وەك پێدانی باج و ڕسوومات و خەرجییەكانی تری حكوومەت بەشێوەی ئەلیكترۆنی، كە لە كۆتاییدا دەبێتە ھۆی دروستبوونی حكوومەتێكی ئەلیكترۆنی كارا و ئابوورییەكی پێشكەوتوو لە ھەرێمی كوردستان.
كەچی ئەوان بێ ئەوەی بیر لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و داهاتووی ئابووری وڵاتەكە بكەنەوە، لەبری پاڵپشتی، وەك هەمیشە دژایەتییان هەڵبژارد، تەنانەت ئەم بابەتە بووە هەڵمەتی هەڵبژاردن و ماوەیەك بۆ راكێشانی سۆزی خەڵك پڕۆژەكەیان لە سلێمانی راگرت كە دواتر راگرتنی بووە هۆی كێشە بۆ خەڵكی شارەكە و لە بەشداریكردن دواكەوتن.
ئێستە بەپێی نوێترین ئامار، تەواوی ئەوانەی دژایەتییان دەكرد، فۆرمی پڕۆژەی "هەژماری من"یان پڕ كردووە و لە فیسبووكەكانیشیان دەڵێن، ئەوەی ئێمە كردوومانە تەوتینە.
ئەو گرووپە پێشتریش بۆ پرۆژەی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ هەمان كاریان كرد، دواتریش بۆ پرۆژەی رووناكی زیاتریان كرد، وەك بڵێی ئیشیان تەنیا دژایەتی بێت، لەكۆتایشدا جگە لە خۆڕادەستكردن هیچیان بۆ نەماوەتەوە. چونكە دەزانن خەڵك لەگەڵ ئەزموونكردنی پرۆژەكاندا رای بەرانبەریان گۆڕاوە و تێگەیشتوون كە لە سوودی ئەواندایە، بۆنمونە پرۆژەی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ تیژڕەوی كەمكردووەتەوە و وای كردووە رووداوی هاتوچۆ كەم بێتەوە، ئایا دژایەتی كردنی ئەمە دژی لۆژیك نەبوو؟