فاینەنشاڵ تایمز: سعوودیە لەمپەر دەخاتە بەردەم حەواڵەی بانكی بۆ ئیمارات

:: PM:12:38:09/07/2026 ‌
ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاوی كردەوە، سعوودیە دەستی كردووە بە دروستكردنی كۆسپ و لەمپەر لە بەردەم حەواڵەی بانكی لەگەڵ هەژماری بانكەكانی ئیمارات، ئەمەیش نیگەرانی و ترسی لای كۆمپانیاكان دروست كردووە كە گرژی و ناكۆكییەكانی ئەو دوو وڵاتە بەهێزەی كەنداو، درێژ بووەتەوە بۆ بواری بازرگانی و ئابووری.

ژمارەیەك سەرمایەدار بە ڕۆژنامەكەیان ڕاگەیاندووە، حەواڵەی پارە لە بانكەكانی سعوودیە بۆ هەژماری بانكەكانی ئیمارات كە هەژماری كۆمپانیاكان و كارمەندانی كۆمپانیاكانن كە نیشتەجێی ئیمارات لە مانگی ئایار/مایۆوە دواكەوتن و لەمپەری لەلایەن بانكەكانی سعوودیە بۆ دروست دەكرێ، بێ ئەوەی هیچ ڕوونكردنەوە و هۆكارێك بۆ ئەو گرفتە بخەنە ڕوو.

بەرپرسێكی جێبەجێكار كە خەڵكی وڵاتانی ڕۆژئاوایە و لە كۆمپانیایەكی بیمەی تەندروستی لە دوبەی كار دەكات دەڵێ،  سێ كاروانی پارە ناردن لەلایەن كڕیارێكی سعوودی كە چەند ساڵێكە لەگەڵ كۆمپانیاكەمان كار دەكات، نەتوانراوە حەواڵەی ئیمارات بكرێ و بانكەكانی سعوودیە پارەكەیان بۆ كڕیارەكە گەڕاندووەتەوە.

زیاتر گوتی، ئەو پارەیەی كە لە بانكەكانی سعوودیە بۆ ئیمارات هەناردە دەكرێ، ماوەی هەفتەیەك بلۆك دەكرێ و ناتوانرێ جووڵەی پێ بكرێت، دواتر بۆ خاوەنەكەی دەگەڕێنرێتەوە، هیچ ڕوونكردنەوەیەكیش بە كەسی نێردەر یان ئەو كەسی بۆی ڕەوانە دەكرێت، هەوڵمان داوە بە حەواڵەی كەسیش ئەو كارە ئەنجام بدەین، بەڵام دووبارە قەدەغەی ڕەوانە كردنی پارەكە ڕوو دەداتەوە.

بەرپرسەكە دەڵێ، لەگەڵ بەرپرسانی بانك قسەمان كرد و وەڵامی جۆراوجۆرمان درایەوە، ئەوان دەڵێن كە ئەو قەدەغەیە لەلایەن بانكی ناوەندی سعوودییەوەیە و ئەوان ناتوانن هیچ وردەكاری و زانیارییەكی تری لەبارەیەوە بڵێن.

لە بەرانبەر ئەوەدا بانكی ناوەندی سعوودیە ئاماژە بەوە دەكەن، كەرتی دارایی لەسەر بنەمای ڕێكخراوەیی بەهێز و گەرەنتیكراو كار دەكات و هیچ بەربەستێكی ڕاستەوخۆ لەسەر هیچ وڵاتێكی سنووردار بوونی نییە، ئەگەر بانكەكە تەواوی ڕیوشوێنە پێویستەكان بۆ حەواڵەی پارە جێبەجێ بكات، لەسەر تەواوی مامەڵە و حەواڵەكان پێویستە دەستپاكی سیستمی دارایی دووپاتی لێ بكرێتەوە.

ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی جێبەجێكاری كۆمپانیایەكی تر لە دوبەی گواستوویەتییەوە، ئەو پارانەی كە لەلایەن كۆمپانیایەكی كڕیاری بەرهەمەكانی لە سعوودیە ئێستە كاتی زیاتر و زۆرتری پێویستە تا دێتە سەر هەژمارەكەی. ئێستە كڕیارمان هەیە چاوەڕێی كەلوپەل و بەرهەمەكان دەكات، بەڵام سیستمی پارەدان ئەنجام نادرێت، زۆر لە هاوردەكارانی سعوودیە ناچارن بێنە ئیمارات و كارەكان ڕاستەوخۆ ئەنجام بدەن و كاڵاكان بكڕن، ئەمەیش زیانیان پێ دەگەیەنێت.

سعوودیە و ئیمارات خاوەنی دوو گەورەترین ئابووری وڵاتانی كەنداون و عەرەبین، هاوبەشایەتییەكی بازرگانی فراوان و ستراتیجی لە نێوانیان هەیە و ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان دەگاتە سەرووی 20 ملیار دۆلاری ئەمەریكی.

زۆر لە كۆمپانیاكان دوبەی وەك ناوەندی سەرەكی بۆ گەیشتن بە بازاڕی سعوودیە بەكار دەهێنن، هەرچەندە تا ئێستەیش گەشتە ئاسمانییەكان لە نێوان هەردوو وڵات كراوەیە، بەڵام پێوەندییەكانی هەردوو وڵات لەمدواییە گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە، دوای ئەوەی سعوودیە، ئیماراتی بە پشتیوانیكردنی گرووپە جوداخوازەكانی یەمەن تۆمەتبار كرد كە هێرش دەكەنە سەر هێزە هاوپەیمانەكانی سعوودیە لە یەمەن.

هاوكات سعوودیە تۆمەتی دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەكەی خستووەتە پاڵ ئیمارات، لە ڕێگەی پشتیوانیكردنی حووسییەكان، ئەمەیش لە كاتێكدایە سەرەتا ئیمارات بەشێكی سەرەكی ئەو هاوپەیمانییە بوو كە سعوودیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حووسییەكانی یەمەن پێكیهێنا و بەشداریی شەڕی دژی حووسیەكان كرد، بەڵام ئێستە پێچەوانەی ئەمە هەنگاو دەنێت.

ئەمەیش گەورەترین تەنگژە و گرفتی لە ناو هەردوو وڵاتی دراوسێ لە ماوەی چەندان دەیەی ڕابردوو دروست كردووە، ناكۆكی و گرژییەكان ماوەیەكی زۆرە لەبارەی كێبەركێی ئابووری و هەڵوێست و هەنگاوەكان لەبارەی ململانێكانی ناوچەكە بوونیان هەیە.

لە سەرەتای دەستپێكی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، وڵاتانی كەنداو پشتیوانی نەهێشتنی ناكۆكییەكان و چارەسەركردنی گرفتەكانیان بە ڕێگەی دیپلۆماسی كرد و هەڵوێستێكی هاوبەشیان ڕاگەیاند، بەڵام دواتر بوونە ئامانجی سەرەكی هێرشەكانی ئێران. شارەزایان دەڵێن، ئەمە تەنیا رووپۆشێكی كاتی بوو بۆ شاردنەوەی ناكۆكی لە نێوان وڵاتانی كەنداو. 

هاوكات كشانەوەی ئیمارات لە ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت "ئۆپێك" كە سعوودیە سەرۆكایەتیی دەكات، هەنگاوێكی ترە كە ناكۆكییەكانی هەردوو وڵاتی زیاتر قووڵ كردەوە. لە كاتێكدا ئیمارات سێیەم وڵاتی هەناردەكاری نەوت بوو لە ڕێكخراوی ئۆپێك، لەبارەی هۆی كشانەوەیش لە ئۆپێك ئیمارات دووپاتی كردەوە كە ئەو بڕیارە پێوسەتە بە ڕوانینی ئابووری و پێشڤەچوونەكانی دۆسیەی وزە لە وڵات. سەرەڕای ئەوەی ئەبوزەبی ماوەیەكی زۆرە ناڕەزاییە لەو بەش و پشكەی كە ئۆپێك بۆ هەناردەكردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتە دیاریی كردووە، بەڵام هەرچۆنێك بێ بڕیاری كشانەوەی لە ئۆپێك وەك گورزێك بوو كە لە سعوودیەی وەشاند.

بەرپرسانی سعوودیە پێشتر دووپاتیان لەوە كردەوە، كە ناكۆكی سیاسییان لەگەڵ ئیمارات كاردانەوەی لەسەر پێوەندیی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوو وڵات نابێت.

هاوكات بەرپرسێكی ئیمارات بۆ فاینەنشاڵ تایمز گوتی، وەزارەتی ئابووری هیچ سكاڵا و داوایەكی لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەبارەی گرفت لە حەواڵەی بانكی لە نێوان بانكەكانی سعوودیە و ئیمارات پێ نەگەیشتووە، هەریەك لە ئیمارات و سعوودیە سوورن لەسەر هێشتنەوەی پێوەندی ئابووری و بازرگانی قووڵ و درێژمەودایان بە چالاكی، ئێمە بەردەوامین لە پێوەندی لەگەڵ كەرتی تایبەت و لایەنی پێوەندارە، پێداچوونەوەیش بەو گرفتە لە ڕێی كەناڵە گونجاو و فەرمییەكانەوە دەكەین.

لە بەرانبەردا سەرمایەدارێكی ئیماراتی گوتی، كۆمپانیاكەم تووشی ئەو گرفتە بووە و حەواڵەی بانكی لە سعوودیەوە بۆ نەهاتووە، ناچار بووە لە ڕێی بانكەكانی بەحرێن پارەی پێ بگات و ڕەوانەی سعوودیەی بكات.

هاوكات كۆمپانیایەكی تری خزمەتگوزاری مانگی ڕابردوو ناچار بووە كاروانێكی پارەدان لە ڕێی بانكی هەڵبوەشێنێتەوە كە لەلایەن كڕیارێكی سعوودی لەگەڵ كۆمپانیاكە واژووی لەسەر كرابوو، ئەمەیش وایكرد كە پەنا بۆ بژارەیەكی پڕ تێچوو ببات، ئەویش بەكارهێنانی خزمەتگوزاری پەیپاڵە، لە بانك هیچ زانیارییەكیان پێ نەداین، سعوودییەكانیش هیچ زانیارییەكیان بە كڕیارەكەمان نەدابوو. بەوهۆیەوە مامەڵەكە بە تەواوی شكستی هێنا.

هاوكات كۆمپانیایەكی گەورە و فرەڕەگەز تووشی هەمان گرفت بووەتەوە و كێشەی لە حەواڵەكردنی پارە لە سعوودیەوە بۆ كۆمپانیایەكی تر لە ئیمارات بۆ دروست بووە، بەرپرسێكی جێبەجێكاری كەرتی بانكی پشتڕاستی ئەو زانیارییانەی كردەوە.

سەرچاوەیەكی تری ئاگادار لەو گرفتە ڕوونی كردەوە، خەڵك دەیانەوێ پارە لە هەژماری بانكی تایبەتی خۆیان بۆ كەسوكار و ئەندامانی ماڵباتەكانیشیان بنێرن، لە چەند هەفتەی ڕابردوو تووشی كێشە و گرفت بوونەتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د