بەر لە هەفتەیەك لە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق بۆ واشنتن، گرووپە چەكدارەكانی سەربە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بە فەرمی ڕەتیان كردەوە چەكەكانیان ڕادەستی حكوومەت بكەن، چاودێرانیش دەڵێن، پێویستە دەسەڵاتی دادوەری عێراق سەكۆیەكی یاسایی ڕابگەیەنێت و لەوێوە دووپات لەوە بكرێتەوە، هەر كەسێك چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەڵبگرێت، ئەوا وەك تیرۆریست هەژمار دەكرێ و سزاكەیشی لە سێدارەدان دەبێت.
لە كاتێكدا ئەمەریكا بەردەوامە لە گوشارەكانی بۆ سەر بەغدا تا چەك لە دەستی گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران دابماڵێت و پێوەندییەكانیشیان لەگەڵ ئێران كۆتایی پێ بهێنێت، بەڵام دوا هەڵوێستی ئەو گرووپە چەكدارانە زەیدی دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەكی سیاسی و تەناهیی زۆر ئاڵۆز.
حكوومەتی عێراق پێشتر 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵی وەك دوا وادە بۆ ڕادەستكردنی چەكی میلیشیاكان بە حكوومەت دیاریی كرد، ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ كۆتایی وادەی هێزی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان هاوپەیمانان و عێراق بوونی هەیە.
هەفتەی ڕابردوو زەیدی ئاشكرای كرد، حكوومەت لەگەڵ گرووپەكان دەستی بە گفتوگۆ كردووە و دواجاریش گفتوگۆكان بۆ كرداری سیاسی و كۆمەڵایەتی دەگۆڕێت و دوای وادەی دیاریكراو، چەك بە تەواوی لە دەستی دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەت دەبێت.
لە بەرانبەر ئەو گەشبینییەی زەیدی، ئەبو حوسێن حەمیداوی لە ڕۆژانی ڕابردوو بە زمانێكی توندەوە گوتی، حكوومەت پێویستە گوێ لە بەرەی موقاوەمە بگرێت. ئەمەیش لە كاتێكدا لە مانگی نیسان/ئەپریل پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری تەرخان كرد، بۆ هەر كەسێك زانیاری لەسەر حەمیداوی بە ئەمەریكا بدات كە یەكێكە لە سەركردەی یەكێك لە گرووپە چەكدارەكانی ئێران لە عێراق.
حەمیداوی لە پەیامێكدا گوتی، لەو كاتە مێژووییەدا سەرنجی سەركردەكانی سیاسی و حكوومەت ڕادەكێشین كە گوێ لە ئیرادەی گەل و موقاوەمە و جیهاد بگرن، زۆر وریا بن لە چوونە ناو پڕۆژە و ئەجێندای چەپەڵ، چونكە گەلەكەمان دواجار بڕیاری كۆتایی خۆی دەدات.
هاوكات بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕەتی كردەوە چەك ڕادەست بكات، كە ئەمە گرووپی هاوئاهەنگی نێوان گرووپە چەكدارەكانی ئێرانە لە عێراق و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە سەرپەرشتی دەكرێت، ئەو بەرەیە لە ڕاگەیەنراوێكدا دووپاتی كردەوە، ئەوان سوورن لەسەر ڕێبازی موقاوەمە، بۆ ئەوەی دوژمنیش بزانێت، هێزی میحوەری حەق وەك یەك جەستە وایە، لەسەر ڕاسپاردەی جیهادی و ئەو پلانەیە كە ڕێبەرمان خامنەیی لەسەری ڕۆیشتووە و سوورین لەسەر بەردەوامبوون لە ڕێبازەكەمان و پشتیوانی لاوازەكان و دەركردنی داگیركەران لە عێراق و ناوچەكە.
لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، چەكی ئێمە هیچ ڕۆژێك سازشی لەسەر نەكراوە، چونكە عەقیدە و پەیمانێكە لە گەردنمان، كار دەكەین بۆ نەهێشتنی كۆسپە سەپێنراوەكان و وەستاندنی گرووپە خۆبەزلزانەكان.
ئەوەیشی ڕوون كردەوە، ئێمە هەرگیز لەو سنوورەی ئێستە ناوەستین و بگرە پەرە بە توانای سەربازی و چەكەكانمان دەدەین و ئامادەیی تەواومان بۆ وەستانەوە بە ڕووی ئاڵنگاری و هەڕەشەكان هەیە.
تا ئێستە تەنیا موقتەدا سەدر بەدەم دەسپێشخەرییەكەی حكوومەت هاتووە بۆ كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، گرووپ سەرایای سەلام بە فەرمی چەك و بارەگاكانی ڕادەستی دەوڵەت كردەوە، هاوكات گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی بەهەمانشێوە وەڵامی داواكەی حكوومەتیان داوەتەوە، بەڵام بەشێك لە گرووپە چەكدارەكان ڕەتی دەكەنەوە و ئامادە نین ئەو داوا و خواستەی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی جێبەجێ بكەن.
لەوبارەوە شارەزایان دابەشبوون بەسەر دوو بەرە، بەشێكیان لەو باوەڕەدان كە ئەمە كارێكی قورسە ئەگەر نەرمی و ڕەزامەندی ڕوونی تارانی لە پشتەوە نەبێت، هاوكات گومان لە توانای حكوومەت هەیە لەو دۆخەی ئێستە كە پڕە لە گۆڕانكاری خێرا و گرژی لە ناوچەكە هەنگاوی لەمجۆرە تا كۆتایی ببات.
نزار حەیدەر شرۆڤەكاری سیاسی لەوبارەیەوە بۆ ڕۆژنامەی "
شەرق ئەوسەت" گوتی، گرنگە جیاكاری لە نێوان ئەوەی میلیشیاكان دەیڵێن و ئەوەی دەیشارنەوە بكرێت، ڕێككەوتنی نهێنی دواجار دۆخەكە یەكلایی دەكاتەوە و ناچاریان دەكات كە تەواوی چەكەكانیان دابنێن و گرووپە چەكدارییەكانیان هەڵبوەشێننەوە.
زیاتر گوتی، لەسەر دەسەڵاتی دادوەری عێراق پێویستە هەڵوێستی توند و یەكلاكەرەوەی بەرانبەر بە پێشێلكارانی یاسا و هەوڵی هەڵگرتنی چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت، لە 2003ەوە دەسەڵاتی دادوەری ئامادەیە كە سەكۆیەكی یاسایی ڕابگەیەنێت.
هەر كاتێك ئەو سەكۆ یاساییە، هەر جۆرە پێكهاتەیەكی سەربازی و چالاكییەكی سەربازی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت وەك كردەیەكی تیرۆریستی ناساند كە سزاكەی دەگاتە لە سێدارەدان، ئەوكات میلیشیاكان بە جۆرێكی تر ناچار دەبن بیر بكەنەوە.
حەیدەر هێمای بۆ ئەوەیش كرد، چەكداماڵینی میلیشیاكان و هەڵوەشانەوەیان پلانی حكوومەت لە پاككردنەوەی دامەزراوەكانی تەناهی و سەربازی خێرا دەكات لە میلیشیاكان، كە ڕەتی دەكەنەوە پێوەندییان بە ئێران و سەركردەكانی بپچڕێنن و بڕیاری سەربازی تەنیا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان وەربگرن.