پوتین ژاپۆنی كردووە بە بەهەشتی سیخوڕەكانی

:: PM:12:53:13/07/2026 ‌
سەرەڕای ئەو كۆتوبەندانەی لە دوای هێرشكردنی بۆ سەر ئۆكراینا خرایە سەر ڕووسیا، بەڵام پوتین و حكوومەتەكەی سەركەوتوو بوون لەوەی ژاپۆن بكەن بە یەكێك لە گرنگترین وێستگەكان بۆ دەسكەوتنی تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو و پێویست بۆ بەردەوامیدان بە پیشەسازییە سەربازییەكانی، ئەمەیش بە سوود وەرگرتن لە كەلێنە یاساییەكان و تۆڕە ئاڵۆزەكانی بە قاچاخبردن و نەبوونی یاسای دژە سیخوڕی، ئەمەیش وایكردووە كە مۆسكۆ ژاپۆن بكاتە بەهەشتی سیخوڕەكانی.

بەگوێرەی راپۆرتێكی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز، 90% مووشەك و درۆنە ڕووسییەكان پێكهاته و كەلوپەلی ژاپۆنی لە دروستكردنیان بوونی هەیە، بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی حكوومەتی ئۆكراینا.

دەسكەوتن و كۆكردنەوەی ئەو كەلوپەل و تەكنەلۆجیایانە لەلایەن دەزگەی هەواڵگری سەربازی نهێنی ڕووسیا كە بە ناوی "بەڕێوەبەرایەتی بیستەم" ناوی دەركردووە و سەربە دەزگەی هەواڵگریی سەربازیی گشتی ڕووسیا "جی ئاڕ یو"ە ئەنجام دراوە، ئەم یەكەیە تا ئێستە بە فەرمی و بە ئاشكرا ڕۆڵ و كارەكانی ئاشكرا نەكراوە.

سەرچاوەكانی هەواڵگریی ڕۆژئاوا ئاشكرایان كردووە، ئەفسەرانی ئەو یەكە لە ژاپۆن لە ژێر پەردەی دیپلۆماتكار یان بازرگان كار دەكەن، كەلوپەل و زانیارییەكان دەكڕن یان دەیدزن و دواتر بە قاچاخ دەیگەننەوە ڕووسیا.

لە ناو دڵی ئەو تۆڕە ماكسیم ڤلادیمرۆفیچ فیلچینكۆڤ بوونی هەیە كە ئەفسەرێكی هەواڵگری ڕووسیایە و تەمەنی 49 ساڵە و لە ژێر پەردەی كارمەندی كۆمپانیاكی فڕۆكەوانی ڕووسیا لە تۆكیۆ كار دەكات. بەگوێرەی بەدواداچوونەكان فیلچینكۆڤ لە شوبات/فێبرایەری 2024 گەیشتووەتە ژاپۆن، لەو كاتەدا مۆسكۆ بە پەلە بە دوای پارچەی ئەلیكترۆنی و تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو دەگەڕا، تا جەنگی لەگەڵ ئۆكراینا بۆ جەنگی درۆنەكان بگۆڕێت.

لە دوای گەیشتنی ئەو ئەفسەرەی هەواڵگری ڕووسیا، هەوڵی دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ كۆمپانیاكانی لۆجستی و گواستنەوەی كەلوپەلی دا،  تا كاڵاكان لە ژاپۆنەوە بۆ ڕووسیا بگوازێتەوە و سوود لە تۆڕێكی گواستنەوەی ئاڵۆز دەبینێت كە بە وڵاتی سێیەم وەك سریلانكا و ئۆزباكستان و ڤێتنام كەلوپەلەكان دەگەیەنێتەوە مۆسكۆ.

هەواڵگریی وڵاتانی ڕۆژئاوا دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو تۆڕە تەكنەلۆجیا و پارچەی هەستیار و پێشكەوتوو لە ڕێی بەڵگەنامەی ساختە و بە ناوی بازرگانی یاسایی دەگوازنەوە.

كۆمپانیایەكی ژاپۆنی بە ناوی "برۆكۆ ئێیەر" كە خۆی وەك پردی پێوەندی نێوان ژاپۆن و ڕووسیا ناو دەبات، كاڵا و كەلوپەل تا ئێستەیش بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای فڕۆكەوانی ڕووسیا "ئیرۆفلوت"  بۆ ڕووسیا دەگوازێتەوە. خاوەنی ئەو كۆمپانیا ژاپۆنییە كەسێكە بە ناوی "تاكیهیكۆ میكی" و ئەو دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە فیلچینكۆڤ چەند ساڵێكە دەناسێت، بەڵام ڕەتی كردەوە ئەوەی زانیبێ كە كار بۆ هەواڵگریی ڕووسیا دەكات و تێوەگلاوە لە گواستنەوەی كەلوپەلی قەدەغەكراو بۆ ڕووسیا.

بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی كە نیویۆرك تایمز بڵاوی كردووەتەوە، كۆمپانیا ژاپۆنییەكە كە مامەڵەی لەگەڵ كۆمپانیای "ئاڕ فارم"ی ڕووسی كردووە، كە دامەزرێنەرەكەی ئەلێكسی ریبیكە كە خاوەنی پێوەندییەكی تۆكمە و بەهێزە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیا، پێشتر لەلایەن بەریتانیا و كەنەدا و ئوسترالیا خراوەتە نێو لیستی سزاكانەوە.

ئۆكراینا لە ماوەی مانگی نیسان/ئەپریلی 2025دا زیاتر لە هەشت یاداشتی دیپلۆماسی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن كردووە، بەڵگەی دۆزینەوەی پارچەی ژاپۆنی لە ناو مووشەك و كەلوپەلی سەربازی ڕووسیا كە ئاراستەی ئۆكراینا كراون، دۆزیوەتەوە.

كۆمپانیا ژاپۆنییەكەیش كە مامەڵە لەگەڵ رووسییەكان دەكات، دووپات لەوە دەكاتەوە كە پابەندی سزاكانی ژاپۆن دەبێ و چیتر بەرهەمەكانی بەشێوەی ڕاستەوخۆ بە ڕووسیا نافرۆشێت، ئاماژەی بەوەیش داوە كە بەشێك لە پارچە كۆنەكان دەگێڕێتەوە و هەناردەی وڵاتانی تری دەكات.

بەدواداچوونەكە گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی كە پوتین ئێستە ژاپۆنی كردووەتە بەهەشتی سیخوڕەكانی، بەهۆی لاوازیی یاساكانی ڕیشەكێشكردنی سیخوڕی و بەربەستەكان لە ژاپۆن و ناچالاكی هەواڵگری ژاپۆن و نەبوونی خاوەنداریكردن لە دەزگەی هەواڵگری دەرەكی لەلایەن ژاپۆنەوە.

سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ژاپۆن لە مانگی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵدا ئاشكراكردنی ئەفسەرێكی هەواڵگریی ڕووسیایان ڕاگەیاند، كە خۆی وەك ئۆكراینی ناساندبوو و هەوڵی دزینی نهێنی بازرگانی دەدات، بەڵام تا ئێستە هیچ ڕێوشوێنێك دژی فیلچینكۆڤ و تۆڕەكەی لە یارمەتیدانی مۆسكۆ لە شەڕی دژ بە ئۆكراینا نەگیراوەتەبەر.


وشە - باز ئه‌حمه‌د