پێگەی "
زە ئەتلانتیك" بابەتێكی لە ژێر ناونیشانی "ترەمپ ناتوانێ جەنگ كۆنترۆڵ بكات" بڵاو كردووەتەوە، ئاماژەی بە گفتوگۆیەكی فراوان لە ئێزگەی "ڕادیۆ ئەتلانتیك" داوە كە تیشك خراوەتە سەر ئەو دووڕیانە ستراتیجی و سەربازییە ئاڵۆزەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە ململانێی لەگەڵ ئێران ڕووبەڕووی بووەتەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە، قورسە ئەمە هەڵبوەشێنرێتەوە و لێی بێتە دەرەوە، سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەكانی ترەمپ بە كۆتاهاتنی جەنگە بێ كۆتاكان بەشێوەیەكی خێرا.
چاودێریكردنی ڕێڕەوی جەنگی ئەمەریكا و ئێران وا دەكات چاودێران هەست بە سەرگێژبوون بكەن، ڕۆژێك تەنگژەكە وا دەردەكەوێ كە نزیكە لە یەكلابوونەوە و ڕۆژی دواتر هەردوولا دەست بە بۆردمانی مووشەكی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەكانی یەكتر دەكەنەوە، تاران هاوكات هێرش دەكاتە سەر وڵاتانی كەنداو و خۆی بە گەمارۆدراو دەبینێت و وڵاتانی كەنداو وەك پەنجەرەیەك بۆ مامەڵەكردن لەو ململانێ وێرانكەرە سەیر دەكات.
لە كاتێكدا پێشتر بڕیاری كۆتاهاتنی ئاگربەست و دانوستانەكانی دا، بەڵام بەر لەوە ئەمەریكا 140 ئامانجی ئێرانی بۆردمان كردبوو و ڕۆژێك پێش ئەوەیە، ئەمەیش پێچەوانەی لێدوانەكانی سەرۆكە و وا دەردەكەوێ لێدوانەكان لە دروستكردنی بڕیاری سیاسییەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵكو تەنیا جەستە بەخشینە بەو واقیعەی لە مەیدانی جەنگەكە بوونی هەیە.
سەرەڕای دروشمەكانی هەڵبژاردنی ترەمپ كە دژی جەنگە درێژخایەنەكانە، شرۆڤەكارێكی سەربازی تۆم نیكۆلز و شرۆڤەكاری دیپلۆماسی نانسی یوسف دەڵێن، ئەمەریكا بەرەو جەنگێكی هەمیشەیی نوێ هەنگاو دەنێ و خەریكە بۆ دیاردەیەكی هەمیشەیی دەگۆڕێ و دەربازبوون لێی زۆر قورس دەبێت.
تۆم نیكۆلز دەڵێ، تاران خۆی لە ناو جەنگێكی كراوە و بەردەوام دەبینێت، هەر كاتێك واشنتن دەیەوێ مەرجە نوێیەكانی بسەپێنێت، وای دەبینێت ئەمە هەوڵێكە بۆ درێژكردنەوەی خواستی ئاشتی، ئێرانییەكانیش هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ڕەتكردنەوە و بەردەوامبوونی ڕووبەڕووبوونەوەكان دەردەخەن.
ئادەم هاریسی ڕۆژنامەوان دەڵێ، ململانێكان و ئاستی گرژییەكان زۆر بەرز بووەتەوە، لەو كاتەی سێنتكۆم بڵاوی كردەوە كە نزیكەی 300 ئامانجیان لە ئێران كردووەتە ئامانج، كە بنكە و شوێنی هەڵگرتنی درۆن و سیستمی بەرگری ئاسمانی و بەلەمی سەربازی خێرایی ئێرانیان گرتووەتەوە. وەڵامی ئێران بۆ ئەمە زۆر خێرا بوو و دووبارە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی كردەوە، جیا لەوە بۆردمانی ئوردن و سوڵتاننشینی عومان و قەتەر و كوێت و بەحرێن و ئیمارات و سعوودیەی كرد.
كۆنگرێس لە حوزەیران/یۆنیۆ ڕێوشوێنێكی سیمبۆلی گرتەبەر و داوای لە سەرۆك كرد ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە ئێران كۆتایی پێ بهێنێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن، ئەو ئاگاداركردنەوە یاساییە نەیتوانی ترەمپ بوەستێنێت، دوای ئەوەی ئێران پەی بە توانای سەربازی خۆی لە كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمز برد، ئێستە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە گرژییەكانی لەگەڵ وڵاتانی كەنداویش كۆتاییان نایەت، تەنیا بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە.
لەبارەی ئەگەری چارەسەر و گەیشتن بە ڕێككەوتن، نانسی یوسف شرۆڤەكاری دیپلۆماسی دەڵێ، هەوڵە لە هەردوو ڕێی سەربازی و دیپلۆماسی بۆ چارەسەری تەنگژەكە هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات بەشێوەیەكی كردارەكی وەك مردوو دەكرێ سەیری بكرێت.
خواستی ئەمەریكا ئەوەیە دووبارە گەرووی هورمز ئازادانە بە ڕووی كەشتییەكان كراوە بێت و خۆی لە ئۆپراسیۆنی سەربازیی گەورە بە دوور بگرێت، ئەمەیش كارێكی مەحاڵە، چونكە تاران دەستی بە كارتی گوشارەكان گرتووە و هورمز وەك ڕەگەزێكی زیندوو و سەرەكی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێت.
خوێندنەوەی جۆراوجۆری بڕگەی پێنجەمی یاداشتی لێكگەیشتن كە دووپات لە گەرەنتی ئازادی كەشتیوانی لە ماوەی 60 ڕۆژ دەكات، ئێران شیتەڵی ئەوە دەكات كە بە ئاگاداری هێزەكانی و رەزامەندی خۆی كەشتیوانی ئازادانە لە هورمز بەردەوامی دەبێت، بەڵام واشنتن بێ مەرج و ئاگەداركردنەوەی ئێران ئەو بڕگەیە دەخوێنێتەوە.
تۆم كۆلینز دەڵێ، ئەمەریكا لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە ململانێكەی دۆڕاندووە و ئێستەیش تاران ئەو لایەنە كە مەرجەكانی دەسەپێنێت، ئێران نایەوێ جەنگ كۆتایی بێت، تا ئەو كاتەی ئەمەریكا ددان بە كۆنترۆڵی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە دەنێ و سندووقی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئێرانی بە سەتان ملیار دۆلار دەست دەكەوێت.
زیاتر گوتی، یاداشتی لێكگەیشتن و ئاگربەست تەنیا كارتێك بوو بۆ هێوركردنەوەی بازاڕ، ئەوەی ڕوو دەدات جەنگی كۆتایی هەفتەیە، چونكە لە كۆتایی هەموو هەفتەكان گرژی و بۆردمانەكان دەست پێ دەكەنەوە و دۆخەكە وەك زۆرانبازییەكی لەسەرخۆ و هێواش وایە و دوورە لە گەیشتن بە ئاشتی ڕاستەقینە.
نانسی یوسف دەڵێ، ستراتیجی ئێستەی ئەمەریكا بریتییە لە گرژییەكی لە ژێر كۆنترۆڵ لەگەڵ ئێراندا، لە ڕێی بە ئامانجگرتنی بەلەمی خێرا و درۆن و كە بۆ ترساندنی كەشتییە بازرگانییەكان لە هورمز بەكار دەهێنرێن. بەڵام ئەو ستراتیجە ناتوانێ بەردەوامی پێ بدرێت، چونكە تاران بە باشتری دەبینێت كە بگەڕێتەوە بۆ جەنگی سەرانسەری، لەبری ئەوەی ڕێ بە لەناوچوونی توانا سەربازییەكانی هەنگاو بە هەنگاو بدات.
وڵاتانی كەنداو زۆرترین بارگرانی دارایی و ئابوورییان كەوتووەتە سەرشان لە ئەنجامی وەڵامدانەوەكانی ئێران، بەتایبەت بۆردمانكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەسەر خاكەكانیان. ئەو وڵاتانە ئێستە ڕووبەڕووی دابڕانێكی ڕاستەقینە بوونەتەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەكی سەرەكی وەك تاكە هاوبەشی تەناهی مامەڵەیان لەگەڵ واشنتن كردووە و تا ئێستەیش جیا لەوە هیچ جێگرەوەیەكی تریان نییە، جیا لەوەیش ئابوورییان بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە جێگیری ئازادی كەشتیوانی لە كەنداو و گەرووی هورمز دەبەستێت.