لە كاتێكدا دۆناڵد ترەمپ هەژموونی تەواوی بەسەر سیاسەتی ئەمەریكا سەپاندووە و كۆنترۆڵی سەرجەم جومگەكانی دەسەڵاتی كردووە، جەی دی ڤانسی جێگری لە تەك ئەوە، خەریكی كێشانی نەخشەی سیاسیی داهاتووی خۆیەتی، تا لە دوای ترەمپ ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا و كاندیدی فەرمی كۆمارییەكان.
تا ئێستە ڕوون نییە ئەو هەنگاوەی دی
ڤانس بە شوێنپێكەوتنی ترەمپ لە ژێر دروشمی با دوور ئەمەریكا مەزن بكەینەوە "ماگا" دەتوانێ سەركەوتوو بێت، یان تووشی شكستێكی گەورەی دەكات و دەیكاتە قوربانی سیاسەتەكانی ترەمپ؟.
بەگوێرەی راپۆرتێكی ڕۆژنامەی "تەلەگراف" ئێستە جەی دی ڤانس خەریكی بە بازاڕكردنی نوێترین پەرتووكی خۆیەتی بە ناونیشانی "یەكێتی رۆحی" و لە ویلایەتەكان دەگەڕێ و ریكلامی بۆ دەكات، ئەم كتێبەیش تەنیا ژیاننامەیەكی ئاینی نییە، بگرە ڕوانین و پلانی سیاسی و هزریشە كە ڤانس پشتیوانی دەكات، لە ڕوانگەی پشتیوانانی ئەو كەسێكی شیاوە بۆ سەركردایەتیكردنی ڕەوتی ڕاستڕۆ و توندڕۆی خەڵك لە دوای كۆتایی سەردەمی حوكمی ترەمپ، بۆیە ئێستە ڤانس كتێبە نوێیەكەی كردووە بە بەیاننامەیەكی سیاسی و پروپاگەندە بۆ دروشمی "ئەمەریكا پێش هەموو شتێك" دەكات.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڤانس بە وریاییەوە كار لەسەر فراوانكردنی وێنەی خۆی لای خەڵك دەكات، تا وەك دیارترین نوێنەری بەرەی توندڕۆكان لە ناو حكوومەتی ترەمپ دەربكەوێت، داوای كەمكردنەوەی دەستوەردانی سەربازی ئەمەریكا دەكات و ڕەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرت، ئەمەیش دابەشبوونی لە ناو پارتی كۆمارییەكان دروست كردووە و دەرگەی بە ڕووی كێبەركێكارانی كردووەتەوە، ئەوانیش بریتین ماركۆ ڕۆبیۆی وەزیری دەرەوە و سیناتۆر تێد كرۆز كە خۆیان بە میراتگری شەرعی ترەمپ لە دەسەڵات دەزانن.
ڕاوێژكارانی پارتی كۆمارییەكان وای دەبینن كە ڤانس سەركێشی لە هەڵوێستەكانی زۆر زیاد دەكات، لە بەرانبەردا گرووپی تر هەن ڕەخنە لە نەرمی سیاسەتەكانی دی ڤانس دەگرن، ئەو پێشتر ڕەخنەی توندی لە ترەمپ دەگرت و بە هیتلەری ئەمەریكا دەیچواند، بەڵام ئێستە بووەتە یەكێك لە سەرسەخترین پشتیوانەكانی ترەمپ.
هاوكات دی ڤانس ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكی تر دەبێتەوە، ئەویش ناوهاتن و تێوەگلانیەتی لە یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران كە واژووی لەسەر كراوە. ئەمەیش ئەو ڕێككەوتنەیە كە بە تەواوی هەرەسی هێنا و دووبارە شەڕ و پێكدادانەكان دەستیان پێ كردەوە.
چاودێران وای دەبینن كە دی ڤانس خۆی بە دوور دەگرێ لە جەنگی فراوان، نەیارانیشی بە تازەپێگەیشتوو لە سیاسەت ناوی دەبەن، بە تایبەت دوای ئەوەی تێد كرۆز ڕەخنەبارانی كرد و یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران بە خراپ ناوبرد، دووپاتی كردەوە كە ناكرێ سازشی ئابووری بۆ تاران بكەین، چونكە ئەوان مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریكی.
هاوكات هەڵوێستەكانی ترەمپ لە ناوخۆی كۆمارییەكان بەرانبەر بە ئیسرائیل ناڕوونە، لەلایەكەوە تۆمەت دەخاتە پاڵ بنیامین نەتەنیاهۆ و حكوومەتەكەی كە هەوڵی شكستهێنان بە دانوستانەكان لەگەڵ ئێران دەدەن، هۆشداریش بە تەلئەبیب دەدات كە ناكرێ بۆ هەمیشە پشت بە چارەسەری سەربازی بۆ یەكلاكردنەوەی گرفتەكان ببەسترێت.
ئەو زیاتر هەنگاوی نا و ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد، هەوڵی دروستكردنی كاریگەری لەسەر ڕای گشتی ئەمەریكا داوە، تا هانی واشنتن بدات هێرشی سەرانسەری بكرێتە سەر ئێران، بەو لێدوانەیشی ناكۆكی نێوان باڵی كلاسیكی پشتیوانی ئیسرائیل و باڵی توندڕۆكان قووڵ كردەوە.
لە تەك ئەمانەوە جەی دی ڤانس، بەردەوامە لە بەبازاڕكردنی بیرۆكە پارێزخوازەكانی كۆمەڵگە و لەو باوەڕەدایە كە ئەمەریكا لە ڕووی شارستانیەتەوە پاشەكشەی كردووە، لە ئەنجامی دوورخستنەوەی ئاین و ماڵبات، لەبری ئەوە سەرقاڵی دەسكەوت و ئابوورین.
لە كتێبە نوێیەكەیشی ڕەخنەی توند دەگرێ و چەمكی "كۆیلەی بازاڕ" كە وەك هاومانای ئابووری لیبراڵ ناوی بردووە، كە بووەتە هۆی كەمكردنەوەی منداڵ خستنەوە و لاوازبوونی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، ئەمەیش لە كاتێكدایە هاتنە پێشەوەی لە سیاسەت پێوەستە بە پشتیوانیكردنی لەلایەن سەرمایەدارە زەبەلاحەكانی دۆڵی سلیكۆنەوە بە دیاریكراویش پیتەر سیل.
بیرۆكەی ئابووری ڤانس جیاوازە و بەرگری لە پاراستنی بازرگانی دەكات، ڕێگری لە سیاسەتی بازرگانی ئازاد دەكات و پشت بە ئەزموونی لە دروستكردنی پشتێنەی پیشەسازی دەبەستێت كە پێشتر لە ویلایەتەكەی بەكاری هێناوە، تا ڕێگری لە دەرچوونی پیشەسازییەكان بۆ دەرەوە بكرێت.
سەرەڕای ئەوەی ڕاپرسییەكان دووپات لە بەردەوامی جەماوەریبوونی زۆری ترەمپ لە ناو كۆمەڵگە دەكەن، بە هەڵگرتنی دروشم و جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی، بەڵام داهاتووی دی ڤانسیش پێوەستە بە پێوەندی لەگەڵ سەرۆكەوە، میراتگری سیاسی ترەمپ تا ئێستە شاراوەیە و هانی كێبەركێكاران لە نێوان ڕۆبیۆ و ڤانس دەدات، تا لە ململانێ بەردەوام بن، چونكە دواجار ئەو سوودمەندی ناكۆكی ئەو دووانەیە.