میدیایەكی ئیسرائیلی زانیاری لەبارەی ترسی زۆری ئێران لە ئەگەری هێرشی وشكایی ئەمەریكا بۆ سەر وڵاتەكەی بڵاو كردەوە و لە بەرانبەر ئەو هەنگاوەی ئەمەریكایش، تاران میلیشیاكانی لە عێراق ئاگادار كردووەتەوە كە لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودا بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەگوێرەی
ڕاپۆرتێكی كەناڵ 14ی ئیسرائیل، ئێران گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی بۆردمانەكانی ئەمدواییەی ئەمەریكا تەنیا ئۆپراسیۆنی كورت و سنووردار نین بۆ سەر وڵاتەكەی، بەڵكو بەشێكە لە پلانێكی فراوان و دواجاریش ئۆپراسیۆنی وشكایی هێزەكانی ئەمەریكا لە دوای خۆی دەهێنێت.
بە پشتبەستن بەو باوەڕەی كە لای ئێران دروست بووە، تاران فەرمانی بە میلیشیاكانی لە عێراق كردووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پێكدادانی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆیان ئامادە بكەن و بكەونە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، پێشبینی و خەمڵاندنەكانی ئێران، بۆردمانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەمەریكا بەپشتبەستن بە پلانێكی ورد و داڕێژراو بووە، ئەمەیش وایكردووە سەركردایەتیی سەربازی و سیاسیی ئێران دەست بە سیناریۆی ئامادەكاری بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی سەرانسەری ئەمەریكا و دابەزینی سەربازانی ئەمەریكا لەسەر خاكی ئەمەریكا بكەن.
وەك بەشێك لە هەوڵەكانی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی وشكانیی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، تاران میلیشیاكانی عێراقی ئاگادار كردووەتەوە كە لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن، لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی فراوان، چاوەڕوانی فەرمانی تاران بن و دەست بە جووڵە بكەن لە ژمارەیەك گۆڕەپانی جەنگ، لەوانە هەرێمی كوردستانی عێراق و كوێت و ئوردن و بەغدا، لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە خۆیان بە دوور بگرن لە كردنەوەی ناكۆكی ناوخۆیی و كردنەوەی بەرەی تر، تا تەنیا سەرنج بخەنە سەر ئەو گۆڕەپانانەی جەنگ كە تاران بۆیان دیاری دەكات.
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە میانەی دوا سەردانەكانی بۆ عێراق لە چەند مانگی ڕابردوو، فەرمانی بە سەركردەی میلیشیاكانی عێراق كردووە كە لە ئامادەباشیی تەواوی گەڕێكی تری پێكدادان و ململانێكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بن.
ئاماژە بەوەیش دراوە، ئێران دركی بە بوونی گوشاری ئەمەریكا بۆ بە ئامانجگرتنی گرووپە چەكدارەكانی لە عێراق كردووە، بۆ ئەوەی دەستبەرداری چەكەكانیان بن، لەو ڕێیەشەوە ئەمەریكا سەركەوتوو بووە لە ڕێی حكوومەتی نوێی عێراقەوە، بەشێك لە گرووپە چەكدارە بچووكەكان ڕازی بوون كە چەكەكانیان ڕادەست بكەن، بەڵام گرووپە چەكدارە گەورە و خاوەن هەژموونەكان ئەوە ڕەت دەكەنەوە.
بۆیە ئێستە ئێران سەرنجی تەواوەتی خۆی لەسەر گرووپە چەكدارە گەورەكان چڕ كردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەوان هێزی سەرەكین و دەتوانن ڕۆڵی یەكلاكەرەوە لە پێكدادانەكانی ناوچەكە بگێڕن، بە تایبەت ئەگەر ئەمەریكا بۆردمانەكانی بۆ هێرشی وشكایی بگۆڕێت.
بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانە لەلایەن ئەو میدیا ئیسرائیلییە لە كاتێكدایە، ڕۆژنامەی "مەدا"ی عێراقیش ئەمڕۆ سێشەم لەمیانەی ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، حەوت تا 10 گرووپی چەكداری ئێران لە عێراق ئامادە نین چەك دابنێن و بە توندی ڕەتی دەكەنەوە تا 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ چەكەكانیان ڕادەستی حكوومەتی عێراق بكەن.
ئاماژەی داوە، میلیشیاكان باوەڕیان بەوە نییە كە هێزەكانی ئەمەریكا بە تەواوی لە عێراق بكشێنەوە، چونكە هیچ بەڵگە و پەیمان و گەرەنتییەكی واژووكراو بۆ ئەمە بوونی نییە، ئەمەریكا دووبارە بە شێوازێكی تر و لە شوێنی تر لە عێراق بڵاو دەبێتەوە و ئامادە نییە هیچ كات عێراق جێ بهێڵێت.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەی نزیك لە سەركردەی گرووپی ئەو میلیشیایانەیش، ئەوان لە ناوخۆ خەریكی برەوپێدانی ئەو بیرۆكەیەن كە تەنیا دوای ئەوەی ئیمام مەهدی چاوەڕوانكراو فەرمانیان پێ بكات، ئەوكات ئامادەن كە چەكەكانیان ڕادەستی حكوومەتی عێراق بكەن.