دوای چەند سەعاتێك لە بڵاوكردنەوەی دیدارە ڕۆژنامەوانییەكەی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ دەرهێنەری بەڵگەنامەیی جەواد موگۆیی لە ئەڵقەیەكی بەرنامەیەكی "چیرۆكەكانی جەنگ"، مشتومڕی زۆر لە ئێران لە ڕووی سیاسی و میدیاییەوە دروست بووە، نەك تەنیا بەوەی كە گوتی، بەڵكو بەهۆی ئاشكراكردن و بڵاوبوونەوەی دیدارەكە بۆ ڕای گشتی، كە گفتوگۆ و مشتومڕێكی زۆری لە ناو ئێران دروست كردووە و هەندێك بە دركاندنی نهێنی تۆمەتباری دەكەن.
لە حاڵەتێكی دەگمەن و ناوازەدا لە بەڕێوەبردنی تەنگژەكان و كارتەكانی دروستكردنی بڕیاربەدەستی ئێرانەوە، عێراقچی لە میانەی دیدارە ڕۆژنامەوانییەكە، تیشكی خستە سەر وردەكاریی زۆر ورد و سەرنجڕاكێش، لەبارەی چۆنیەتیی ئەو هەڕەشە گەورانەی كە بەرۆكی ئێرانیان كردووە و دووپاتكردنەوەی ئەوەی كە تا ئێستە ڕێبەری نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی نەبینیوە.
چاوپێكەوتنەكە لەبری ئەوەی پرسیاری ڕۆژنامەوانی بێت، لە لێپرسینەوەیەكی ئاشكرا دەچوو، كۆمەڵێك لێدوان و زانیاری تێدا دركێنرا، چاودێران بە هەڵەیەكی مەترسیدار و دركاندنی زانیاریی تەناهی بۆ بەرژەوەندیی دوژمن ناوی دەبەن.
پێگەی ڕەجا نیوزی نزیك لە باڕی كۆنەپارێزان و نزیك لە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران، بە ناونیشانی "بۆچی شوێنی خۆحەشاردانی سەركردەكانتان ئاشكرا كرد؟" بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، لە ساتێكی چاوپێكەوتنەكەدا دەڵێ، دوو كۆبوونەوەی لە تونێلەكان ئەنجام داوە، لە كاتێكدا بەرپرسانی تری وەزارەتەكەی لە شەقامەكانی تاران بوون لە ڕۆژانی جەنگ. لەو كاتەدا جەواد موگۆیی عێراقچی دەپچڕێنێ و دەڵێ، ئەو تونێلانە لای هەمووان ئاشكران دەتەوێ ناونیشانەكانیان بڵێم؟ یەكێكیان لە كۆتایی شەقامی پیرۆزی و ئەوەی تریش لە دەربەند، زۆربەی كات سەركردەكان لەوێن.
پێگە ئێرانییەكە نووسیویەتی، دركاندنی ئەو زانیارییە یارمەتیی بانكی زانیاری و ئامانجەكان دەدات كە دوژمن لە دژی ئێران دروستی كردووە، دەبوو تیمی بەرهەمهێنان ئەو كۆمێنتەی مۆگۆیی لا ببەن، چونكە باسكردنی ناونیشانی وردی شوێنی سەركردەكان گومان و پرسیاری زۆر دروست دەكات.
دوژمن بەم زانیارییە شوێنی ئەو تونێلانە دەزانێت و هێرشی كردە سەر یەكێكیشیان، بەڵام پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە بۆچی بێژەرێك ئەو زانیارییە و شوێنی شاردنەوەی سەركردەكان بە وردی دەزانێت؟
لەلایەكی ترەوە پێگەی تابناكی میانڕۆ نووسیویەتی، گەوهەر و ئامانجی پشت ئەو چاوپێكەوتنە چی بوو؟ عێراقچی لە دیدارەكە شتانێكی گوت كە زۆرترین بەهایان بۆ هەواڵگریی ئەمەریكا و ئیسرائیل هەیە.
تابناك ڕەخنە لە عێراقچی دەگرێ و دەڵێ، وەك چۆن سیاسەتی دەرەوە زانست و پسپۆرییە، ڕۆژنامەوانیش بەهەمانشێوە پسپۆرییە، بەڵام عێراقچی وەزارەتی دەرەوەی پڕ لە كەسانی ناپسپۆر كردووە و لەگەڵ كەسێك دادەنیشێت و چاوپێكەوتن دەكات كە هیچ ئەزموون و بڕوانامەیەكی لە بواری میدیایی نییە. ئایا عێراقچی كۆتوبەندی لەسەرە تا لەگەڵ میدیا متمانەپێكراوەكان قسە نەكات، یان بەلایەنی كەمەوە لەگەڵ میدیاكانی پسپۆر و شارەزا كە درك بە چەمكە سیاسی و میدیاییەكان و هێڵی سوور دەكەن.
داود مودەریسیان چالاك و ئەكادیمستی ئێرانی بڵاوی كردەوە، عێراقچی لەو باوەڕەدایە كە زانستی دوژمن بە شوێنی كۆبوونەوەی ڕابەری پێشوو و سەركردە سەربازییەكانی تر لە ئەنجامی كەلێنێكی تەناهیی گەورە و دیار بووە، نەیارانی تۆمەتبار دەكات كە لە پشتی ئەوەوە بوون، بەڵام ئێمە ئەوەیش دەزانین كە وڵات ڕووبەڕووی دوو جەنگ بووەوە، هەروەها نیوچە كودەتایەك ئەمساڵ ڕووی داوە، نرخی دراو بە تەواوی هەرەسی هێناوە و پێویستە پشتیوانی جێگیری نرخی كاڵاكان لەلایەن حكوومەتەوە دەستەبەر بكرێت، ئەمانە لە ئەنجامی كەلێنێكی تەناهی نین، بگرە هەرەسێكی گەورەی تەناهین.
مودەریسیان لە تۆڕی ئێكس ئەوەیشی نووسیوە، ئەوانەی پێویستە یەكەم كەس بن كە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێ، دوای گەیشتنیان بۆ دەسەڵات و تووشكردنی وڵات بە بۆردمان و كوشتنی ڕابەری باڵا و سەركردە باڵاكان، ئەوان دوای گەیشتنیان بە دەسەڵات، وڵاتیان بەرەو ئەو ئاراستەیە بكرد، ئەو كەسانەی بەردەوام دەیانگوت، دانوستانەكان سەركەوتوون و ڕێككەوتن نزیكە، دەیانویست دۆخەكە بە جۆرێك پێشان بدەن كە تەواو ئاساییە و كۆبوونەوەیان لە كەشی ئاسایی دەكرد، ئەوانە گومانلێكراوی سەرەكین بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵ كردنیان.