كابینەی نۆ لە دابینكردنی ئاودا چیی كردووە؟

:: PM:01:15:21/07/2026 ‌
پڕۆژەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دابینكردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان هێندە فراوانە، قەیرانی ئاو لە هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی كۆتایی پێ‌ دەهێنێت، بەمەیش هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی تر .

بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، شەش پڕۆژەی زەبەلاح تەواو كراون، شەش پڕۆژەش بەهەمان میكانیزم لە بواری جێبەجێكردندایە.

پڕۆژە تەواوكراوەكانی ئاو لە كابینەی نۆدا:
هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا چەندان پڕۆژەی گرنگ لەخۆ دەگرن، كارەكانیان بە سەركەوتوویی كۆتاییان هاتووە و كەوتوونەتە خزمەت هاوڵاتییانەوە، لەوانە:

پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای هەولێر: بە تێچووی 720 ملیار دینار جێبەجێ كراوە و توانای بەرهەمهێنانی 480 هەزار مەتری سێجا ئاوی هەیە لە رۆژێكدا.

پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە: بە تێچووی 222 ملیار دینار دروست كراوە و توانای بەرهەمهێنانی 72 هەزار مەتری سێجا لە رۆژێكدا هەیە.

پڕۆژەی ئاوی فایدە لە دهۆك: بە تێچووی 50 ملیار دینار تەواو كراوە و توانای 72 هەزار مەتری سێجای هەیە لە رۆژێكدا.

پڕۆژەی گەیاندنی ئاو بۆ 51 گوندی بارزان: بە تێچووی 138 ملیار دینار جێبەجێ كراوە و توانای بەرهەمهێنانی 24,000 مەتری سێجایە هەیە لە رۆژێكدا.

پڕۆژەی ئاوی پیرمام و دەوروبەری: بە تێچووی 34 ملیار 700 ملیۆن دینار تەواو كراوە و توانای گواستنەوەی 9,600 مەتری سێجایە لە رۆژێكدا.

پڕۆژەی بەستانەوە تۆڕی ئاوی شاری هەولێر و دەوربەری لەگەڵ پڕۆژەی فریاگوزاری، بە درێژیی 411 كیلۆمەتر و بە تێچووی 25 ملیار دینار جێبەجێ كراوە.
 
پڕۆژە بەردەوامەكان كە ئێستە لە ژێر جێبەجێكردندان:
هاوكات لەگەڵ پڕۆژە تەواوكراوەكاندا، كاركردن لەسەر چەندان پڕۆژەی تری ستراتیجی لە ناوچە جیاجیاكان بەردەوامە كە ئامانجیان بەهێزكردنی ژێرخانی ئاوی هەرێمە بۆ داهاتوو:

پڕۆژەی ئاوی دوكان سلێمانی سێ: بە تێچووی 551 ملیار دینار و توانای بەرهەمهێنانی 240 هەزار مەتری سێجا ئاوی هەیە لە رۆژێكدا، كارەكانی بەردەوامە و ڕێژەی تەواوبوونی گەیشتووەتە 1%.

پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ: بە تێچووی 101 ملیار دینار و بە توانای 84 هەزار مەتری سێجا لە رۆژێكدا جێبەجێ دەكرێت، ڕێژەی تەواوبوونی گەیشتووەتە 37%.

پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ: بە تێچووی 109 ملیار دینار و بە توانای 72 هەزار مەتری سێجا لە رۆژێكدا كە 67%ـی كارەكانی كۆتایی هاتووە.

پڕۆژەی ئاوی ڕانیە- چوارقوڕنە- حاجیاوا: بە تێچووی 36 ملیار و 700 ملیۆن دینار و بە توانای 72 هەزار مەتری سێجا لە رۆژێكدا، كارەكانی بەردەوامە و 70%ـی كارەكانی تەواو بووە.

 پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان: بە تێچووی 25 ملیار دینار و بە توانای 24 هەزار مەتری سێجا لە رۆژێكدا، كارەكانی بەرەوپێش دەچێت و ڕێژەی تەواوبوونی گەیشتووەتە 75%.

پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش: بە تێچووی 428 ملیار دینار و توانای بەرهەمهێنانی بە توانای 72 هەزار مەتری سێجا لە رۆژێكدا، لە ژێر كاردایە و تا ئێستە 10%ـی تەواو بووە.

 بەمەش كۆی بەرهەمی ئەو پڕۆژانەی تەواو بوونە و ئەوانەی لە ژێر جێبەجێكردندان، دەگاتە 1,212,000 مەتر سێجا لە رۆژێكدا.

لە ساڵانی ڕابردوودا لێكەوتە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، كەمبوونەوەی بارانبارین و وشكەساڵیی بەردەوام، بوونە هۆی كەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەكان و دابەزینێكی بەرچاو لە ئاستی ئاوی ژێرزەویدا، ئەم دۆخە مەترسییەكی ڕاستەقینەی لەسەر هاوسەنگیی ژینگەیی و دابینكردنی ئاوی خاوێن دروست كرد، ئەمەش وایكرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان ستراتیجی كاركردنی خۆیان بەرەو بەكارهێنانی ئاوی سەر زەوی بگۆڕێت.

ستراتیجی نوێی بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو، تەنیا لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوەدا كورت نابێتەوە، بەڵكو لە ڕێگەی دروستكردنی بەنداوەكان و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، هەنگاو بەرەو بەدیهێنانی ئاسایشی ئاو بۆ داهاتوو دەنێت، هاوكات جێبەجێكردنی سیستمی چارەسەركردنی ئاوەڕۆی قورس و پاشماوەكان، دەرفەتێكی نوێ دەڕەخسێنێت بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەی ئاوی پاككراوە لە بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیدا، ئەمەش گوشار لەسەر سەرچاوە سروشتییەكان كەم دەكاتەوە و پارێزگاری لە ژینگەی ناوچەكە دەكات.



وشە - رامیار جەواد