شووتی، تەماتە، باینجان و بامێ، كاڵەك و چەندان بەرهەمی تر كە پێویستی رۆژانەی مرۆڤن، لە شارەزوور پێگەیشتووە و بەهەزاران كرێكار لە پیاو و ژن بەیانیانی زوو بە شارەزووردا بڵاو دەبنەوە، ئەو خاكە بووەتە سەرچاوەی داهاتی هەزاران خێزان.
لە گەرمای تاقەتپڕوكێنی شارەزووردا بەسەتان گەنج كوڕ و كچ و ژن و پیاو بەیانیان سەعات چوار بەدەشتی شارەزووردا بڵاو دەبنەوە، تا چێشتەنگاو كار دەكەن و رۆژانە بەشی پێویستییەكانی ماڵ دابین دەكەن. شارەزوور لە هاویندا دەبێتە سەبەتەی خۆراكی ناچەكە.
دەشتی شارەزوور دەكەوێتە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی و بەگرنگترین و گەورەترین دەشت دادەنرێت، چیاكانی هەورامان لە ڕۆژهەڵات و چوارتا لە باكور و باڵامبۆ لە باشوورەوە دەوریان داوە، بەڵام لە ئاراستەی باكوری ڕۆژئاوایەوە دەشتی سلێمانییە.
خاكی ئەم دەشتە بە پیتییەكەی ناسراوە، بەهۆی ئەو نیشتەنیانەی جۆگە ئاوییەكان لە چیاكانی دەوروبەریەوە بۆی دێنن، ئاوی تانجەڕۆ و سەرچاوەكانی تری وەك زەڵم و چەقان، بەشەكانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەشتەكە ئاودێری دەكەن.
لە ڕۆژهەڵاتی دەشتەكەدا بەنداوی دەربەندیخان دروست كراوە كە ڕووبەرێكی بەرفراوانی دەشتەكەی داپۆشیوە. گرنگترین شار و شارۆچكەكانی بریتین لە هەڵەبجە و سەیدساق و عەربەت و خورماڵ و سیروان و هەڵەبجەی تازە و زەڕایەن.
بەگوتەی عەلی عەربەتی كە ماوەی 50 ساڵە لە دەشتی بێسانسور كشتوكاڵ دەكات، لە وەرزەكانی هاوین و پایز زیاتر لە پێنج مانگ شارەزوور دەبێتە سەرچاوەی بژێوی هەزاران خێزان، هاوكات دەبێتە سەبەتەی خۆراكی كوردستان و ئێستەش بووە بەسەبەتەی خۆراكی شارەكانی تری عێراق.
عەربەتی بۆ "وشە" گوتی، لە شارەزوور هەموو شتێك بەرهەم دێت، لە گەنم و جۆوە تا میوە و سەوزەكان، بۆیە لەم دوو وەرزەدا هەموو پێداویستییەكانی سەر سفرە بەردەست دەبێت.
شارەزایانی بواری ئابووری پێیان وایە كەرتی كشتوكاڵ، شانبەشانی كەرتەكانی پیشەسازی و بازرگانی و سامانە سروشتییەكان، رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە دابینكردنی سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری هەر وڵاتێك، دەشتی شارەزووریش وەك یەكێك لە دەشتە بەپیتەكانی هەرێمی كوردستان ئەگەر پلان هەبێت دەتوانرێت بە تەنیا ئاسایشی خۆراك بۆ هەرێم دابین بكات.
ڕەحمان قادر جووتیارێكی بە ئەزموون لە سەیدسادق، بە "وشە"ی راگەیاند: لە دێرزەمانەوە دەشتی شارەزوور بووەتە جێگەی بەرهەمهێنانی سەتان بەروبوومی هاوینە و زستانە، لە سایەی ئەو دەشتە بە هەزاران خێزان بژێوی ژیانیان دابین كردووە هەر لەڕووی چاندنی دانەوێڵەی وەك گەنم و جۆ و پاقلە و گوڵەبەڕۆژە و تووتن و زەڕات و كونجی و چەڵتووك، بەروبوومی وەك كاڵەك و شووتی و تەماتە و خەیار و كوولەكە و دەیان بەروبوومی تر.
دەشتی شارەزوور بە دووەم دەشتی بەپیتی دنیا ئەژمار دەكرێت
ئابووریناسان دەڵێن، دەشتی شارەزوور بە دووەم دەشتی بەپیتی جدنیا ئەژمار دەكرێت، هاوكات لە ڕووی بوونی رێژەی ئاوی ژێرزەوی بەجۆرێك بە نزیكەی 90 مەتر دەگاتە ئاوی ئیرتیوازی كە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ كاری كشتوكاڵی.
بەگوێرەی ئامارەكانی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێم، لە هەرێمی كوردستاندا 14 دەشتی بەپیت و بەناوبانگ بوونیان هەیە كە گرنترینیان شارەزوورە، كۆی رووبەری سەرجەم ئەو دەشتانە دەگاتە سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی.