ئایا جەنگی سەرانسەری ئەمەریكا دژی ئێران نزیك بووەتەوە؟

:: AM:11:19:25/07/2026 ‌
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەروبەندی جەنگێكی گەورە و فراوانی ئەمەریكایە لە دژی ئێران، ئێستەیش لە مەترسیدارترین كاتدایە لە دوای دەسپێكردنی جەنگ لە شوبات/فێبرایەری ڕابردوو، لێدوانەكانی ترەمپ لە ئەنجامدانی هێرشی زۆر فراوان ئاماژەن بۆ كڵپەسەندنی جەنگێكی چاوەڕواننەكراو، لە تەك ئەوەیشدا هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ گێڕانەوەی واشنتن و تاران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەردەوامیان هەیە.

ئێستە دەسپێكردنی جەنگێكی سەرانسەری و فراوان لەلایەن ئەمەریكا لە دژی ئێرانەوە لە هەموو كات زیاتر ڕوودانی نزیكە، سێ سەرچاوەی پاكستانی پێشتر بۆ ڕۆیتەرز دووپاتیان كردەوە، هەوڵەكانی پاكستان بۆ دەستكردنەوە بە گفتوگۆ لە نێوان هەردوو وڵات و دەسپێشخەری چین لەوبارەوە بوونی هەیە، بەڵام دۆخەكەیش مەترسیدارە.

لەگەڵ ئەو هەوڵانەیش سەرەداوی تەنگژە قووڵ و جەنگە فراوانەكە دەركەوتووە و ئاماژە مەیدانی و سیاسییە خێراكان، دەرخەری ئەوەن كە گرژییەكان بەردەوام دەبن لە پەرەسەندن، لە ژێر پەردەیشەوە هەوڵە دیپلۆماسییەكان بەرەو فشەڵی و پووچەڵبوونەوە دەڕۆن.

لە ماوەی ڕابردوودا دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، ئیتر پرد و وێستگەكانی وزە و ژێرخانی ئێران دەكەنە ئامانج، ئەمە بە بڕوای شارەزایان سەرەتای قۆناغێكی گەورەتر و مەترسیدارترە و ترەمپ بۆ ئەكسیۆس گوتی، بەمنزیكانە بڕیار لەبارەی هێرشی فراوان دژی ئێران دەدەم. لە كاتێكدا گۆڕەپانی جەنگەكەیش فراوانتر بووە و گرفت بۆ كەشتیوانی لە دەریای سووریش لەلایەن حووسییەكانی هاوپەیمانی ئێرانەوە دروست بووە.

ترەمپ دووپاتی كردەوە، بۆردمانەكانی داهاتوو زۆر گەورەتر دەبن لە هەموو ئەو بۆردمانانەی ئەنجام دراون، بە جۆرێك كە ئێران چیتر بەرگەی ئەو ئازارە نەگرێت، هێزەكانی ئەمەریكایش لەوپەڕی ئامادەباشیدان.

لەگەڵ ئەوەیشدا ترەمپ پرسیارێكی گرنگی بە هەڵپەسێردراوی هێشتەوە، ئەویش ئەوەیە كەی سەعاتی سفری ئەو هێرشەیە؟ تا ئێستە هیچ وادەیەكی كۆتایی بۆ بڕیاری سەرۆكی ئەمەریكا و دەستكردن بە هێرشی فراوان لە دژی ئێران ڕوون نییە، ئەمەیش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە نێوان پێكدادان و هێوربوونەوە هێشتووەتەوە و یەكلای نەكردووەتەوە.

لە هەنگاوێكی تر كە چاوەڕوان دەكرێ گرژییەكان هێندەی تر زیاد بكات، ترەمپ دووپاتی كردەوە، قەرەبووی كەشتییە زیانبەركەوتووەكان و بارەكانیان بە پارەی سڕكراوی ئێران دەكات، ئەمەیش تارانی هێنایە دەنگ و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، دەستگرتن بەسەر سامانی وڵاتێكی تر بۆ دانەوەی پێویستی و داواكاری داهاتوو، پێشهاتێكی مەترسیدار و بەردەوامیدانە بۆ ململانێكان.

لەلایەكی ترەوە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردەوە، ترەمپ لەگەڵ گەورە بەرپرسان و ڕاوێژكارانی ئەم هەفتەیە كۆ دەبێتەوە، بۆ تاوتوێكردنی بەردەوامیدان بە هێرشەكان بۆ سەر ئێران.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو، سوپای ئەمەریكا ژمارەیەكی یەكجار زۆر ئامانجی ئێرانی پێكا، بەو ئامانجەی تواناكانی ئێران لە هێرشكردن و هەڕەشە بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان بە تەواوی كەم بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەمەریكا بەرپرسیاریەتیی هێرشی حووسییەكانیشی بۆ سەر كەشتییە لە دەریای سوور خستە ئەستۆی ئێرانەوە.

لە دیوێكی ترەوە تا ئێستە ئیسرائیل نەهاتووەتەوە ناو جەنگ لە دژی ئێران كە هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمرەیكایە لەو جەنگە. ترەمپ بۆ ئەكسیۆس لەوبارەیەوە گوتی، لە ماوەی دوو خولەكدا ئیسرائیل بە فراوانی دێتەوە ناو جەنگ، ئەو كاتەی داوایان لێ دەكەم، بەڵام تا ئێستە پێویستمان بە هیچ لایەنێك نییە بەشدار بێ لە بۆردمانكردنی ئێران.

هۆی بێدەنگی تا ئێستەی ئیسرائیل لە بۆردمانكردنی ئێران، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تارانیش وەڵامی ئیسرائیل ناداتەوە، ئەگەر تەلئەبیب بێدەنگ بێت، بەوهۆیەوە مووشەكی بەرپەرچدانەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی زۆر لە ئیسرائیلەوە ناهاوێژرێت و بەمشێوەیش دەست بە مووشەكەكانی بەرپەرچدانەوە دەگرن.

سەرەڕای ئەوەیش بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل نایشارنەوە كە ئەوان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ دەستكردنەوە بە جەنگ دژی ئێران، لەو كاتەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا فەرمانی هێرشی فراوان بۆ سەر ئێران دەدات.

هۆشدارییە بەردەوامەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و باڵوێزخانەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەیەكی ترە كە گرژییەكان زیاتر پەرە دەستێنن، پێشتر وەزارەتی دەرەوە داوای لە سەرجەم ئەمەریكییەكان كرد، لەوپەڕی وریاییدا بن و چاوەڕوانی دواكەوتن و هەڵوەشانەوەی گەشتەكانیان لە ناوچەكە بكەن، بەهۆی بۆردمان و پێكدادانەكان.

هاوكات باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا هۆشداریی بە ئەمەریكییەكان دا كە لەوپەڕی وریاییدا بن، چاوەڕوانی ئەگەری دواكەوتنی گەشتەكانیان بكەن، باڵویزخانەی ئەمەریكا لە ئوردن بەهەمانشێوە هۆشداری بە ئەمەریكییەكان دا، كە پابەندی ڕێوشوێنەكانی حكوومەتی ئوردن بن و گرنگی بە سەلامەتی خۆیان بدەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د