نهێنی پشتیوانیی مۆسكۆ و پەكین بۆ تاران لە بۆردمانی ئامانجەكانی ئەمەریكا ئاشكرا بوو

:: PM:01:06:25/07/2026 ‌
ڕۆژنامەیەكی بەریتانی ڕاپۆرتێكی لەبارەی ئەگەری سوودوەرگرتنی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە چین و رووسیای هاوپەیمانی بڵاو كردووەتەوە، تا لەو ڕێگەیەوە بنكەكانی سەربازی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆردمان بكات. شرۆڤەكارانیش دەڵێن، بۆردمانی ئەمدواییەی ئێران وردبوون و ئامانجەكانیان پێكاوە و خاڵی لاوازی سیستمی بەرگریی ئەمەریكایان دۆزیوەتەوە، ئەمەیش جێگەی پرسیارێكی گەورەیە.

لە ڕێی تێكەڵەیەك لە پێشكەوتنی تەكنەلۆجی لە بەرنامەی مووشەكی و سوودوەرگرتن لە مانگە دەستكردەكان و پشتبەستن بە تاكتیكی سەربازی لە ئەزموونی رووسیا لە جەنگی دژ بە ئۆكراینا، تاران توانیویەتی تواناكانی خۆی بەرەوپێشەوە ببات.

دان سپاگ شرۆڤەكاری كاروباری بەرگری و تەناهی بۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەڵێ، هێرشەكانی ئەمدواییەی ئێران جۆرێك لە وردی پێكانی ئامانج و توانای پێشكەوتووترینی پێوە دیارە. تاران توانیویەتی خاڵی لاوازی سیستمی بەرگری ئەمەریكی بدۆزێتەوە كە لە ناوچەكە بڵاوەیان پێكراوە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو هێرشەی كە بنكەی سەربازی ئاسمانیی مۆفەق سەلەتی ئەمەریكی لە ئوردن كردە ئامانج، بنكەكە بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێشكەوتووی جۆری "ساد" دەپارێزرا و كوژرانی سێ سەربازی ئەمەریكی لێ كەوتەوە، جێگەی پرسیارە.

بەگوێرەی ئەو وێنانەی مانگە دەستكردەكانیش كە میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، ژمارەیەك لە دامەزراوەكانی ناو ئەو بنكە سەربازییە تووشی زیانی گەورە هاتوون، ئەمەیش وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكای ناچار كرد، لێكۆڵینەوە لە هۆكاری وەڵامنەدانەوەی سیستمی بەرگری ساد لەو بنكە سەربازییە بۆ هێرشەكەی ئێران دەست پێ بكات.

ئەو هێرشە دەریخست كە ئێران توانای مووشەكی پێشكەوتووی هەیە و سەركردایەتیی ئێران، بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەكارهێنانی ئەو مووشەكە پێشكەوتووانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

ئەدریاس كریگ توێژەر لە زانكۆی كینگز لە لەندەن دەڵێ، توانای مووشەكی ئێرانی وەرچەرخانێكی ڕاستەقینەی بەخۆیەوە بینیوە، لە ئەنجامی گەشەپێدانی بەردەوام لە ڕێی كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری و باشكردنی سیستمی ئاراستەكردنی مووشەك و زیادكردنی توانای ململانێكردن و گەشەپێدانی ئامرازەكانی پلاندانان بۆ هێرشی ئاڵۆز.

ئەو پێشكەوتنە دوای ساڵانێك لە كاركردن دێت، لە نوێكردنەوەی بەرنامەی مووشەكی بالیستیك لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی هەواڵگری ئەمەریكایش، بەشێكی گەورەی ئەو بەرنامەیە بە تەواوی و بە بەردەوامی چالاك بووە، سەرەڕای ئەو سزا و گەمارۆ قورسانەی كە ئەمەریكا بەسەر ئێرانی سەپاند و بۆردمانی زۆری بنكە و ئامانجە ستراتیجی و سەربازییەكانی ئێرانیشی كردووە.

مانگە دەستكردەكانی چین بوونەتە پشتیوانی ئێران بۆ باشكردنی توانای پێكانی ئامانجی مووشەكەكانی ئێران، بەوهۆیەوە ئەمەریكا سزای قورسی سەپاندە سەر ئەو كۆمپانیا چینیانەی كە خاوەنی مانگی دەستكردن و تۆمەتی ئەوەی خستنەپاڵ، كە وێنەی بنكەكانی سەربازی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فڕۆكەی جەنگی و سیستمی مووشەكی پاتریۆت و سادیان لە ناوچەكە بە ئێران داوە.

لەوبارەیەوە سیدهارس كوشال توێژەر لە پەیمانگەی شاهانە بۆ خزمەتگوزارییەكان دەڵێ، ئێران پشتی بە ئامانجی جێگیر و نەگۆڕ بەستووە لە هەڵدانی مووشەكەكانی، ئەمەیش لە مانگی دەسكردی بازرگانی لە دنیا دەست دەكەوێ، بێ ئەوەی پێویست بە زانیاری هەواڵگری نهێنی لە چینەوە بكات، تا ئێستەیش هیچ بەڵگەیەكی روون نییە بیسەلمێنێت، ئێران پشتی بە هاریكاری هەواڵگری وڵاتێكی بیانی بەستووە، بۆ بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندی و بنكەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمە سەرنجی خستووەتە سەر دیوێكی تری هاوكێشەكە، ئەویش توانای بنكەكانی سەربازی ئەمەریكایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامادەییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی مووشەكی و درۆنی ئێران، چونكە ئەو بنكە سەربازییانە زیاتر بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی گرووپی چەكداری ناشەرعی ڕێكخراون و دروستكراون، نەك بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی مووشەكی فراوان كە لەلایەن وڵاتێكەوە ئەنجام بدرێت، كە خاوەنی مووشەكی دوورمەودا و پێشكەوتووە.

سەرەڕای ئەوەیش بازنەی پاراستنی ناوچەكان لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی ئەمەریكا لە ناوچەكە زۆر فراوان بووە، واشنتن دەبێ جیا لە بنكەكانی سەربازی خۆی، كێڵگە و دامەزراوە نەوتییەكان و وێستگەی پاككردنەوەی ئاوی ناوچەكەیش بپارێزێت، ئەم ڕووبەرە فراوانەیش وایكردووە كە پاراستنی سەرجەم ئەو شوێنانە لە یەك كاتدا كارێكی قورس و ئەستەم بێت.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا باس لە سوودوەرگرتنی ئێران لە ئەزموونی شەڕی رووسیا دژی ئۆكراینا كراوە و دووپات لەوە كراوەتەوە بەشێك لە شێواز و ئامرازەكانی جەنگ كە ئێران بەكاری دەهێنێت، بە تەواوی بریتییە لە سوودوەرگرتن لە تاكتیكی سەربازی ڕووسیا، یەكێك لە گرنگترین ئەو تاكتیكانەیش سەرەتا ئێران بۆ بۆردمانكردنی شوێنیك درۆنی كەم تێچوو و هەرزان ڕەوانە دەكات، تا سیستمی بەرگریی وڵاتانی ناوچەكە سەرقاڵ بكات، دوای ئەوە دەست بە هێرشی مووشەكی قورس و وێرانكەر دەكات.

لە ڕووی تەكنەلۆجیاوە مووشەكی بالیستیكی ئێران تێكەڵەیەك لە تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو لە خۆ دەگرێ، لە سیستمی ئاراستەكردن پشت بە سیستمی جی پی ئێسی ئەمەریكی و سیستمی بایدۆی چینی و سیستمی گلوناسی ڕووسی دەگرێ، ئەمەیش وایكردووە كە ئامانجەكان زۆر بە وردی بپێكێت.

جیا لەوەیش مووشەكی درێژ مەودای ئێران بە كڵاوەیەكی جەنگی دروست كراوە كە توانای گۆڕینی ئاراستەكانی هەیە بەر لەوەی بەر ئامانجەكە بكەوێت. هاوكات سیستمی ئاراستەكردن لەسەر بنەمای خوێندنەوەی گەرمی زیندەوەران لە ئامانجی بۆرمانەكە و سیستمی بینینی ڕاستەوخۆ. ئەمانەیش وا دەكەن ئامرازەكانی دروستكردنی تەشویش و ژاوەژاو كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نەبێت.

ئەو توانا پێشكەوتووانە ئاڵنگارییەكی گەورە بۆ سیستمی بەرگری ئەمەریكا لە ناوچەكە، لە كاتێكدا گوشاری زۆر لەسەر جبەخانەی مووشەكی بەرپەرچدانەوەی سیستمی بەرگریی ئەمەریكا بوونی هەیە، بەهۆی كەمبوونی مووشەكی بەرپەرچدانەوە لە سیستمی پاتریۆت و ساد لە كۆگەكانی چەكی ئەمەریكا.

لە دەرئەنجامی ڕاپۆرتەكە ئاماژە دراوە، نزیكی نێوان ئێران و رووسیا و چین و تەنانەت كۆریای باكوریش لە زۆر بواری سەربازی و تەكنەلۆجی زۆر بە ڕوونی دیارە، بەڵام ئەمە تەنیا هاریكاریكردنی یەكترە نەك هاوپەیمانی سەربازی لە نێوان ئەو وڵاتانە. بەهۆی ئاڵوگۆڕی زانیاری و بەرژەوەندی تواناكانی ئێران زۆر پێشكەوتوون، بۆیە لەسەر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی پێویستە دووبارە پێداچوونەوە بە تواناكانی سیستَمی بەرگریان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د