سەرچاوە ئاگادارەكان لە عێراقەوە ئاشكرایان كرد، زنجیرەیەك گۆڕانكاری كە هەفتەی ڕابردوو عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق لە پۆستی فەرماندە سەربازی و تەناهییەكان ئەنجامی دا، ئاماژە بۆ قۆناغێكی تر لە پلانی دووبارە گێڕانەوەی دەسەڵات لەلایەن حكوومەتەوە بەسەر بڕیاری تەناهی و ئامادەكاری و زەوینەسازییە، بۆ هەنگاوی زۆر هەستیارترە كە پێوەستە بە دۆسیەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، كە حكوومەت بڕیاری داوە تا 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەر یەكلای بكاتەوە.
هەفتەی ڕابردوو زەیدی فەرمانی بە دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیكەری فەرماندەیی سەربازی دەركرد، دیارترینیان دووبارە كاركردن و گێڕانەوەی نووسینگەی فەرمانگەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بوو، دوای 12 ساڵ لە هەڵوەشاندنەوەی، دامەزراندنی فەریق روكن عەبدولئەمیر شمەری بە بەڕێوەبەری نووسینگەكە و فەریق روكن جەبار نەعیمە بە ئەمینداری نهێنیی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، جیا لەو گۆڕانكارییانەی لە سەركردایەتی و فەرماندەیی دەزگەی دژەتیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و فیرقەی تایبەتی هێزە چەكدارەكان دەركران.
بەرپرسان دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو ڕێوشوێنانە ڕێكخستنی ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانە تا بەشێوەیەكی یەكگرتوویی و یەكتیمی كار بكەن، ئەمەیش لە كاتێكدایە تا ئێستە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن، لە ئەنجامی ناكۆكییە سیاسییەكان لەلایەن لایەنەكانی سیاسی بۆ كاندیدانی ئەو دوو پۆستە.
بەرپرسێكی باڵای تەناهی عێراق بۆ ڕۆژنامەی "
العربی الجدید" گوتی، بڕیارەكانی ئەمدواییە پێوەست نەبوو بە خانەنشینكردنی فەرماندەكان و شوێنگۆڕكێ پێكردنیان، بەڵكو لە ئەنجامی پلانێكی تەواو بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیكەری فەرمادەیی هێزەكان و كۆنترۆڵكردنی لەلایەن سیستمی تەناهیی عێراق بڕیارەكان دران، وەك ئامادەكارییەك بۆ دەسبردن بۆ دۆسیەی زۆر هەستیاری جێبەجێكردن لە مانگەكانی داهاتوو.
زیاتر گوتی، حكوومەت درك بەوە دەكات كە جێبەجێكردنی بەرنامەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، سەرەتا پێویستی بە دامەزراوەی تەناهیی یەكگرتووە لە بڕیار و جووڵەكردندا، بۆیە دەستی كردووە بە بەستنەوەی ڕاستەوخۆی هێزەكان بە نووسینگەی سەرۆك وەزیران و دووبارە دابەشكردنەوەی فەرماندەكان لە دامەزراوەكان، دواتر بڕیاری جێبەجێكردنی ئەركی مەیدانی تایبەت بەو دۆسیەیان پێ دەسپێردرێ.
ئاماژەی دا، قۆناغی داهاتوو گۆڕانكاریی زیاتر لە پێگەی تەناهی و سەربازی دێتە دی، هاوتەریب دەبێ لەگەڵ ئەو ئاراستە حكوومییەی كە هەیە و بڕیارەكان دوور لە مەزاجی سیاسی و ناوەندەكانی هەژموونسەپاندن جێبەجێ دەكات.
چاودێران دووپات لەوە دەكەنەوە، دووبارە چالاككردنەوەی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، هەنگاوێكی گرنگە لە چوارچێوەی دووبارە داڕشتنەوەی پەیكەری هێزەكان لە عێراق، ئەو نووسینگەیە دەبێتە ئەڵقەی پێوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان سەرۆك وەزیران و دامەزراوە سەربازی و تەناهییەكان و دەسەڵاتی فرەوانی چاودێریكردن و هاوئاهەنگی هەیە، ئەمەیش دەسەڵاتی زۆرتر بە سەرۆك وەزیران دەدات بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیە هەستیارەكان.
ئەو ڕێوشوێنانە لە كاتێكدایە كە بەردەوام باس لە دەستوەردانی فەرماندە سەربازییەكان و میلیشیاكان لەو پرۆسەیە دەكەن، بەڵام بەمشێوەیە بڕیاری سەربازی و تەناهی یەكدەخرێت، بەو مەرجەی هێزەكان یەكبخرێن و چەك لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
زیا عەبوودی پسپۆر و ئەكادیمیست دەڵێ، حكوومەت ئێستە خەریكی دروستكردنی ژینگەیەكی جێبەجێكردنی گونجاوە، بەر لە گەیشتن بە قۆناغێكی قورس لەو پڕۆژە تەناهییە بەرفراوانەی هەیە، حكوومەت ناتوانێ پڕۆژەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، ئەگەر دامەزراوەكانی سەربازی و تەناهی فرە ناوەندی بڕیار بن و دەسەڵاتەكانیان بەریەك بكەون. لەبەرئەوە دووربارە ڕێكخستنەوەی هەرەمی فەرماندەیی و هێزەكان ئامادەكارییە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیەیە.
عەبوودی زیاتر گوتی، دیاریكردنی كەسایەتیی خاوەن ئەزموونی مەیدانی و تەناهیی فراوان لە پۆستە هەستیارەكانی وەك دەزگەی دژەتیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی، ڕەنگدانەوەی ئەو خواستەیە كە دامەزراوەكانی تەناهی بە جۆرێك دابڕێژرێنەوە، توانای جێبەجێكردنی بڕیارەكانی داهاتووی حكوومەتیان هەبێت، حكوومەت دڵنیایە سەركەوتنی لە دۆسیەی چەكداماڵین تەنیا پێوەست نییە بە دەركردنی ژمارەیەك بڕیارەوە، بەڵكو پێوەستە بە توانای جێبەجێكردنی بڕیارەكان، ئەمەیش پێویستی بە دامەزراوەی سەربازی و تەناهیی ڕێكخراو و بەستنەوەیانە بە ناوەندێكی فەرماندەیی ڕوون.
دوای ڕاسپاردنی فەریق زەید حووشی بۆ فەرماندەیی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق، گرنگیی گۆڕانكارییەكانی زیاتر كرد، بەتایبەت كە دەزگەی دژەتیرۆر لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بە تەواوی پشتی پێ دەبەسترێت، بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكانی و ئەو هێزە ڕۆڵێكی بەرچاوی لە جێبەجێكردنی هەڵمەتی گرتنی گەندەڵكاران لە چوارچێوەی هەڵمەتی "هێرشی بەرەبەیان" بۆ گرتنی گەندەڵكاران هەبوو، بەوهۆیەوە چەندان بەرپرس و پەرلەمانتاری عێراق گیران.
جیا لەوە بڕیارەكان دانانی فەریق روكن فەلاح شەغاتی لە سەرۆكایەتیی دەزگەی هەواڵگریی عێراق، فەریق روكن محەمەد قاسم فەهد بۆ فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی، عەمید روكن جەعفەر عەبدولئەمیر حوسێن بۆ فەرماندەیی فیرقەی هێزی تایبەت، ئەو هێزانەیش بوونەتە گرنگترین ئامرازی دەست فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكانی.
ئەمە بە دووەم هەڵمەتی گۆڕانكاری لە ناو سیستمی تەناهیی عێراق هەژمار دەكرێت، دوای ئەوەی پێشتریش قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و عەبدولكەریم بەسری سەرۆكی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی، لە پۆستەكانیان دوور خرانەوە.