حكوومەتی ئێران لە شارەكانی رۆژهەڵات هەڵمەتێكی گرتن و كوشتنیان دەست پێ كردووە

:: AM:08:38:28/07/2026 ‌
سوپا و پۆلیسی ئێران لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، هەڵمەتێكی چڕی گرتن و ڕاوەدوونان و كوشتنیان دەست پێ كردووە، لە ماوەی 10 رۆژدا چەندان كەس رفێنراون و چەندان كەسێكیش كوژراون.

 فوئاد شادی و ئیسماعیل خاتری دوو هاووڵاتیی كورد و خەڵكی گوندی شاهێنیی سەربە شاری كامێران و دوو ئەندامی "دامەزراوەی خێرخوازیی شایەنی"ن، لەلایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون و بۆ شوێنێكی نادیار گوازراونەتەوە و تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

كۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژهەڵاتی كوردستان بەمەترسیدارترین شوێن بۆ دەسەڵاتەكەی دەبینێت، بۆیە لەم ماوەیەدا زۆرترین هێزی لە ناوچە كوردییەكان خڕ كردووەتەوە و فشارێكی زۆری خستووەتە سەر دانیشتووانی رۆژهەڵات، رۆژانە بەگومانی ئەندامبوون لە هێزە كوردیییەكان خەڵك دەگرێت.

بەپێی بەدواداچوونی رێكخراوەكان، زۆرینەی ئەو گرتنانە بەفەرمانی ئیتڵاعات بەڕێوە دەچن، ئەم هەوڵەش بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییانەیە كە ئێران هەست دەكات لەو ناوچانەوە لەسەر دەسەڵاتەكەی دروست بوون، بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێت و فشاری زۆری سەركوتكەرانە لەسەر بنەماڵەی گیراوەكان، زانیاریی زۆر ناگاتە راگەیاندنەكان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیسماعیل خاتری خەڵكی گوندی شایەنی و دانیشتووی شارستانی پاوا، لە ئەنجامی هەڵكوتانی هێزەكانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵی دایكی، لەو گوندەدا دەستبەسەر كرا. هاوكات فوئاد شادی بەبێ پێشاندانی هیچ بڕیارێكی دادوەری دەستبەسەر كرا و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.

هاوكات بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لە ڕێگەی مەریوان بۆ بانە، مەهدی تەوەكولی چالاكی فەرهەنگی و هونەری بەڕێوەبەری ماڵی وێنەگرانی كوردستان و دامەزرێنەری ماڵی هونەریی «چاو» و بەندكراوی سیاسیی پێشوو، لەگەڵ دایكی بەناوی مریەم ئەسلانی و خوشكی بە ناوی سومەیە تەوەكولی، درانە بەر دەستڕێژی فیشەك و گیانیان لە دەست دا. تەرمی ئەم سێ هاووڵاتییە لە ژێر ڕێكاری توندی پۆلیسیدا لە سنە بە خاك سپێردرا.

هێزەكانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران ئۆتۆمبێلی تایبەتیی مەهدی تەوەكولی (لە جۆری سەمەند)یان لە ڕێگەی مەریوان بۆ بانە داوەتە بەر دەستڕێژی فیشەك. لە ئەنجامی ئەم تەقەكردنەدا مەهدی تەوەكولی بە بەركەوتنی سێ فیشەك، مریەم ئەسلانی بە بەركەوتنی دوو فیشەك و خوشكی بە ناوی سومەیە تەوەكولی بە بەركەوتنی چەندان فیشەك گیانیان لە دەست دا.

ترسی ئێران لەو جووڵە چەكدارییەی ناوخۆیەتی كە جارجار دەكرێنە سەر هێزەكانی و ئەمەش وای كردووە، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی خەڵك بگرێت و تەقە لە هاووڵاتییانیش بكات، تەنانەت دوای وەستانی شەڕیش بەهۆی ترسی لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەردەوام باشووری كوردستان بۆردمان دەكات.

دوای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەستبەسەركردنی كیوومەرس حەسەن ‌بەیگی هاووڵاتیی كورد و خەڵكی ئیلام لەلایەن هێزە حكوومەتییەكانەوە، هیچ زانیارییەك لەسەر چارەنووس، بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵە خۆجێیەكانی رۆژهەڵات، هێزەكانی حكوومەت رۆژانە لەناو شار و شارۆچكە و گوندەكاندا هەڵدەكوتنە سەر ماڵ و هاووڵاتییانی كورد دەگرن و بۆ شوێنی نادیار دەیانبەن.

ئاماری وردی گیراوان لە بەردەستدا نییە، بەڵام سەرچاوە خۆجێیەكان باس لەوە دەكەن، لە ماوەی تەنیا 10 رۆژدا زیاتر لە 90 كەس لە ناوچە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بێسەروشوێن كراون.

ئەوە لە كاتێكدایە مەفرەزەكانی هێزەكانی سوپای پاسداران، شەوانە جگە لە گەڕان بەناو شارەكاندا و لە دەرەوەی شاریش بازگەی جۆراوجۆر دادەنێن و هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەگرن.



وشە - سۆران عەزیز