دۆخی كارەبا لە شارەكانی عێراق گەلێك خراپە و گەندەڵییەكی مەزن لەو كەرتەدا ئاشكرا بووە

:: AM:09:15:28/07/2026 ‌
دۆخی كارەبا لە شارەكانی عێراق گەلێك خراپە و ئاستی بەرهەمهێنانی وزە بۆ 22 هەزار مێگاوات دابەزیوە، ئەمەش تەنیا سێیەكی پێداویستییەكانی عێراق پڕ دەكاتەوە، وەزارەتی كارەبا ڕای دەگەیەنێت، لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2025 بڕی 54 تریلیۆن دینار بۆ كەرتی كارەبا خەرج كراوە، بەپێی ئامارەكانیش تا ساڵی 2030 كارەبای 24 سەعاتی بەخۆیانەوە نابینن.

عێراق ساڵانە لە وەرزی هاویندا ڕووبەڕووی قەیرانی كارەبا دەبێتەوە. پشتبەستنی وێستگەكان بە غازی دەرەكی و كۆنیی تۆڕەكان، كەرتی وزەی وڵاتەكە لە ژێر كاریگەریی گۆڕانكارییە سیاسی و داراییەكاندا هێشتووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی كارەبا، عەلی سەعدی وەهیب لە كاتی میوانداریكردنی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكرای كرد، ئاستی بەرهەمهێنان لە 27 هەزارەوە بۆ 22 هەزار مێگاوات كەمی كردووە، هەروەها هۆكاری ئەم پاشەكشەیەی بۆ كەمبوونی سووتەمەنی لە توركیا و هەرێمی كوردستان بەهۆی ڕاگرتنی كێڵگەی كۆرمۆر و سووتانی وێستگەی عیمارە گەڕاندەوە.

وەزیری كارەبا ئاماژەی بەوە دا، عێراق پێویستی بە 60 هەزار مێگاوات كارەبا هەیە، بەڵام بەرهەمی ئێستە تەنیا یەك لەسەر سێی ئەو بڕە دابین دەكات، هەروەها دووپاتی كردەوە كە ڕێژەی فەوتانی وزە گەیشتووەتە 60%، كە دەرەنجامی زێدەڕۆیی سەر تۆڕەكانی گواستنەوەیە و ئەمەش ئاستێكی زۆر بەرزە بەراورد بە پێوەرە جیهانییەكان.

عەلی سەعدی وەهیب باسی لەوەش كرد، شاندی عێراق لە واشنتن كار بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ دانەوەی شایستە داراییەكانی غازی ئێران دەكات، هەروەها ئاماژەی بە گفتوگۆكان لەگەڵ ئەنكەرە بۆ بەستنەوەی 600 مێگاوات كارەبای توركیا و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی بەستنەوەی كەنداو لەگەڵ سعوودیە و كوێت كرد.

بەگوتەی وەهیب، وەزارەتەكەیان كار بۆ جێبەجێكردنی پلانێكی حكوومی دەكات تا ساڵی 2030 ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنێتە 35 هەزار مێگاوات.

دەستەی گشتیی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی عێراق، لە ڕێگەی سیستمێكی دیجیتاڵییەوە هەزاران موەلیدەی ئەهلیی بندیوار ئاشكرا دەكات كە بەشە سووتەمەنییان وەرگرتووە و لە بازاڕی ڕەشدا فرۆشتوویانەتەوە.

سەرچاوەیەك لە دەستەی گشتیی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی عێراق ڕای گەیاند، لە ئەنجامی هەڵمەتێكی بەرفراوانی وردبینیی ئەلیكترۆنی و مەیدانیدا، سێ هەزار و 600 موەلیدەی ئەهلیی بندیوار ئاشكرا كراون.

دەركەوتووە ئەو موەلیدانە تەنیا لەسەر كاغەز و لەناو تۆمارە فەرمییەكاندا هەبوون و لەسەر زەوی بوونیان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەیەكی درێژ بەشێوەیەكی نایاسایی بەشە سووتەمەنییان وەرگرتووە و لە بازاڕی ڕەشدا ساغیان كردووەتەوە.

لەلایەكی ترەوە هەڵۆ جەباری ئەندامی لیژنەی كارەبا و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوە كرد، وەزیری كارەبا لە بەردەم پەرلەمانتاران ئاشكرای كردووە، لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2025 بڕی 54 تریلیۆن دینار بۆ كەرتی كارەبا خەرج كراوە. 

بە گوتەی جەباری، بیستنی ئەم ژمارە گەورەیە لە كاتێكدایە دۆخی كارەبا خراپە، بووەتە هۆی پێكەنینی پەرلەمانتاران لەناو هۆڵی كۆبوونەوەكەدا.

لە كۆی ئەو 54 تریلیۆن دینارەی لەو سێ ساڵەدا خەرج كراوە، تەنیا هەشت تریلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا بووە. بڕی 46 تریلیۆن دینارەكەی تر بۆ پڕۆژە و گرێبەستە جیاوازەكانی بەرهەمهێنان و كڕینی وزە تەرخان كراوە كە سەرەڕای ئەم خەرجییە زۆرە، هێشتا كێشەی كەمیی كارەبا بەردەوامە.

وەزیری كارەبا ڕوونی كردووەتەوە كە عێراق پارەی وڵاتانی ئێران و توركیا قەرزارە بەرانبەر كڕینی كارەبایەك كە هاووڵاتییان رۆژانە چەند سەعاتێك بۆیان پێ كراوە، هەروەها بڕە پارەیەكی زۆری كۆمپانیا چینییەكان لای وەزارەتی كارەبایە كە پڕۆژەیان لە عێراق جێبەجێ كردووە.  

ئاستی ئێستەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق تەنیا 22,000 مێگاواتە. ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی خەمڵاندنە تەكنیكییەكان، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت كارەبای 24 سەعاتی بۆ هاووڵاتییان دابین بكات، پێویستی بە 65 هەزار  مێگاوات كارەبا هەیە، بەپێی پلانی وەزارەتەكە تا ساڵی 2030 ئەوە روو نادات.








وشە - سۆران عەزیز