پێشانگەی كاریكاتێریی "پەیامی پایز" دەكرێتەوە

:: AM:11:01:30/09/2023 ‌
پێشانگەیەكی تایبەتی كاریكاتێریی هونەرمەند جەبار سابیر، سێیەمین پێشانگەی تایبەتی ئەو هونەرمەندەیە، بەهاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شێوەكاری دەكرێتەوە، شایانی باسە پێشانگەكە نزیكەی 50 تابلۆ لەخۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ شەموو 30 ئەیلوول، جەبار سابیری كاریكاتێریست، بە "وشە"ی راگەیاند، پێشانگەكە نزیكەی لە 45 تا 50 تابلۆ پێكدێت، بەڵام تابلۆی كۆتاییم دیار نییە ئایا بەشداریی پێ دەكەم یاخۆ نا، پێشانگەكە بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی هونەر و شێوەكارییە.

ئەو دەڵێ، "پێشانگەكە لە هۆڵی میدیا دەبێت، رۆژی دووشەم سەعات 10 و نیوی بەیانی كردنەوەكەی بۆ دەكرێت، بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، لە سەعات نۆی بەیانی تا یەكی ئێوارە كراوە دەبێت.''

ئەو كاریكاتێریستە رای دەگەیەنێ، ئەوە سێیەمین پێشانگەی ئەوە، پێشانگەی یەكەمی لە شاری هەولێر و دووەمینیشی لە شاری بەغدا بووە.

جەبار سابیر باسی لەوە كرد، لە پێشانگەی ئەمجارەیدا تابلۆكان پێكهاتوون لە كۆمەڵێك بابەت وەك ساسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، خوێندن، تۆڕی كۆمەڵایەتی، هەموو ئەو بابەتانەی دووچاری كۆمەڵگە دەبنەوە لەخۆ دەگرێت.


وشە - لاڤین عومەر