كتێبی بەرەو بنیاتنانی كولتوورێك بۆ دەزگە بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:10:42:22/02/2025 ‌

وەك پڕۆژەیەكی هەوڵدان بۆ داڕشتنی كولتوورێك بۆ دەزگە و دامەزراوەكان و دیاریكردنی رۆڵی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان لە لە كۆمەڵگە و كایەی سیاسیی كوردستان، د. سەردار عەزیز بابەتەكە دەخاتە چورچێوەی كتێبێك و بەمنزیكانە دیخاتە بەر دیدی خوێنەرانەوە. 

د. سەردار عەزیز نووسەر بە "وشە"ی راگەیاند، ئامانج لە كتێبەكە ئەوەیە ئەو دەزگە نوێیانەی كە تازە لە كوردستان دروست بوون، وەك پەرلەمان و چەند دامەزراوەیەكی تر كە مۆدێرنن و رەگوڕیشە و مێژوویان لە ناو كۆمەڵگەی كوردیدا نییە، بەو هۆیەوە پێوەندی لە نیوان ئەوان و خەڵك دروست نابێت، لە ئەنجامدا لاواز و پەراوێزخراو و بێ كاریگەر دەمێننەوە، هەوڵەكەم لەم كتێبەدا ئەوەیە كە كاریگەری و هێز بۆ ئەم دەزگەیانە دروست ببێت و ببنە دەزگە و دامەزراوەی خەڵك.

روونی كردەوە، ئەم پڕۆژە لە پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەكانەوە دەست پێ دەكات، دواتر قۆناغ بە قۆناغ  دەچمە سەر دەزگە و پۆستەكانی تر و شیكردنەوە و پاسادانی سیاسی بۆ دەكەم، وەك زانكۆ و سوپا و چەند دامەزراوەیەكی تر، بۆیە بۆ ئەوەی حكومرانی و بەڕێوەبردنێكی باش و تەندروست سەردەمیانە هەبێت، دەبێت ئەم دامەزراوانە رۆل و كاریگەرییان لە كوردستان هەبێ و لەگەڵ خەڵك ئاوێتە بن.

نووسەری كتێبەكە دووپاتی كردەوە، ئەم كتێبە بە زمانێكی گشتی نووسراوە، بەڵام دواجار بنیات و بنەڕەتێكی ئەكادیمی هەیە، هەروەها 20 هەزار وشەیە و  بەمزووانە چاپ و بڵاو دەكرێتەوە و دەكەوێتە بەر دیدەی خوێنەرانی كورد.

د. سەردار عەزیز لە ساڵی 1973 لە گەرمیان لە دایك بووە، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە بەشی بەڕێوەبردنی حكوومەت لە زانكۆی كۆرك لە ئێرلەندا، لە بوارەكانی ئابووریی سیاسی و پێوەندیی هەرێمایەتی و سیستمی سەربازی و دەوڵەتداری و وزە و پێوەندیی زلهێزەكان كاری كردووە، چەندین توێژینەوەی بڵاو كردووەتەوە و نووسەری چەندین كتێبی ترە.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل