وەزارەتی ڕاگەیاندنی كوێت، هەڵوەشاندنەوەی كۆنسێرتەكەی هەیفا وەهبیی ڕاگەیاند كە بڕیار بوو بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە ئەنجام بدرێت.
زەید بەشار عەبدولڕەدا بەڕێوەبەری ئەو كۆمپانیایە كە سەرقاڵی ئامادەكردنی كۆنسێرتەكە بوو، هەڵوەشاندنەوەی كۆنسێرتەكەی ڕاگەیاند و لە ستۆری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام نووسیویەتی، "كۆنسێرتەكەی هەیفا وەهبی بە هۆكارێك كە لە دەرەوەی كۆنترۆڵی ئێمەیە، هەڵوەشاوەتەوە".
بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، "هەموو ئەو بڕە پارانەی كە دراون دەگەڕێنینەوە".
بڕیار بوو هەیفا یەكەم كۆنسێرتی خۆی لە كوێت لە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا ئەنجام بدات.
هەیفا وەهبی یەكێكە لە هونەرمەندە ناسراوەكانی عەرەب و لەدایكبووی ساڵی 1976ە، خەڵكی گوندێكە بە ناوی "مەحروونە" لە باشووری لبنان، دایكی میسرییە و لە باوكی جیا بووەتەوە و خاوەنی سێ خوشكە، یەكێكیان دوژمنی سەرسەختی هەیفایە، لە كێبەركێی شاجوانی باشووردا پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە، بەڵام دوای ئەوەی زانرا خاوەنی كچێكە، خەڵاتەكەی لێ سەنرایەوە.
هەیفا وەك نمایشكاری جلوبەرگ بۆ ماوەی چەند ساڵێك لە تەمەنی 16 ساڵییەوە كاری كردووە، بەشداریی لە زۆر لە ڕێكلام و ڤیدیۆ كلیپەكاندا كردووە لەگەڵ هونەرمەندە بەناوبانگەكانی وەك عاسی حیلانی و جۆرج وسووف، لە ساڵی 2002 بەدواوە چووە ناو دنیای گۆرانی و یەكەم ئەلبوومی خۆی بڵاو كردەوە بەناوی "ئەوە ژیانە یاخود زەمانە"، دواتر لە ساڵی 2005 ئەلبوومی "دەمەوێت بژیم"ی بڵاو كردەوە، پاشان ئەلبوومێكی بە ناوی خۆیەوە "من هەیفام" لەگەڵ "بوس واوا" بڵاو كردەوە كە تایبەت بوو بە منداڵان.
جگە لە كاری هونەر، چەندان كۆمپانیای دروستكردنی زێڕ و زیو بەناوی هەیفاوە بڵاو دەكرێتەوە و ڕێكلام بۆ زۆر كۆمپانیای بازرگانی جیهانی بەناوبانگ دەكات، وەك كۆمپانیای پیپسی، چونكە بەهۆی جوانی و سەرنجڕاكیشییەوە هەوادارێكی زۆری هەیە، لە ساڵی 2005 لە پێشبڕكێیەكی كەناڵی لبنانی lbc خەڵاتی باشترین هونەرمەندی بەدەست هێنا.
لە دوای ساڵەكانی 2008 هەیفا دەستی بە كاری نواندن كرد و بەشداریی لە چەند فیلم و درامادا كرد، یەكێك لە فیلمەكان بەناوی "حلاوە روح" لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی قەدەغە كرا، بەهۆی دیمەنی ورووژێنەری تێدا بوو.
هەیفا بەپلەی 49 دێت وەك یەكێك لە كاریگەرترین خانمەكانی نیا، لە ساڵی 1990 هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕە پوورێكی خۆیدا دەكات و كچێكی لێ دەبێت بەناوی زەینەب، دواتر لە ساڵی 2005 دەبێتە دەزگیرانی پیاوێكی بازرگانی سعوودی و بۆ ماوەی حەوت مانگ و دواتر لێی جیا دەبێتەوە، لە ساڵی 2009 هاوسەرگیری دەكات لەگەڵ پیاوێكی بازرگانی میسری بەناوی "ئەحمەد ئەبو هەشیمە" دەكات و لە ساڵی 2012 لێی جیا دەبێتەوە.