هونەرمەند ئاگرین دڵشاد دوای ماوەیەك بێدەنگی و دووركەوتنەوە، بەرهەمێكی نوێ پێشكەشی هەوادارەكانی كرد.
گۆرانیبێژی لاوی كورد ئاگرین دڵشاد لە كەناڵی یوتیوبی تایبەتی خۆی، نوێترین بەرهەمی بە ناوی "ئەی خودا" بڵاو كردەوە و رای گەیاند، خۆشحاڵم كە دوای پێنج ساڵ نەبوونی تۆماركردنی گۆرانی، جارێكی تر بە گۆرانییەك دەگەڕێمەوە لای ئێوەی ئازیز.
تێكست و ئاوازی گۆرانییەكە لەلایەن ئاگرین دانراوە، بە هاوبەشی لەگەڵ كارزان مەحموود كاری ئەرێنجمێنتی كردووە، "وشە" زانیویەتی دوای دڵەڕاوكێیەكی زۆر و چەندان جار پەشیمانبوونەوە لە بڵاوكردنەوەی بەرهەمە نوێیەكەی، دواجار ئاگرین بڕیاری دا بەرهەمەكەی بڵاو بكاتەوە.
ئاگرین دڵشاد لە ساڵی 1995 لە دایك بووە، ساڵی 2014 پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی تەواو كردووە، یەكێكە لە گۆرانیبێژە گەنجەكان كە خاوەن هەوادارێكی زۆرە، كلیپ و گۆرانییەكانی بینەر و گوێگرێكی زۆریان هەیە و لە ماڵباتێكی هونەری گەورە بووە.