ئەمڕۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆوە لە هەولێر ساز دەكرێت و چەندان ئەستێرەی كورد و بیانی بەشدارن.
هێوا سوعاد بەڕێوەبەری هونەری شانۆی هەولێر، بە"وشە"ی راگەیاند، 10 گرووپ لە فێستیڤاڵەكەدا بەشدارن و میوانداریی ئەكتەر، شانۆكار و هونەرمەندانی بەتوانای كورد و عەرەب كراوە.
هیوا سوعاد یونس رای گەیاند، ئەمڕۆ لە هۆڵی رۆشنبیریی هەولێر، هەشتەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ دەست پێ دەكات كە 10 گرووپی شانۆ لە وڵاتانی تونس، لیبیا، میسر، ئێران، توركیا و شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق تێیدا بەشدار دەبن.
بەگوتەی هیوا سوعاد، لە فێستیڤاڵەكەدا كۆمەڵێك ئەستێرەی بەناوبانگی سینەما، شانۆ و هونەرمەندی عەرەب، كورد، عێراقی و بیانی بەشدارن.
وەك بەڕێوەبەری هونەری شانۆی هەولێر گوتی، فێستیڤاڵەكە بە هاوكاریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، رۆژانە دوو شانۆ نمایش دەكرێن، لیژنەیەكی شارەزاش هەڵسەنگاندن بۆ شانۆگەریی گرووپەكان دەكات.
هیوا سوعاد یونس ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە نمایشی شانۆگەرییەكان، رۆژانە ژمارەیەك چالاكیی تر بەڕێوە دەچن، وەك دیداریی ڕەخنەی شانۆیی، كۆڕ و سیمینار. هاوكات گۆڤارێكی تایبەت بە فێستیڤاڵەكە چاپ دەكرێت، كار و بڕگە و چالاكییەكان و بابەتی هونەری شانۆیی لەخۆ دەگرێت.