زەینەب كاوە خەڵاتی هەشتەمین فێستیڤاڵی شانۆی نێودەوڵەتی بردەوە

:: PM:03:03:27/04/2025 ‌
زەینەب كاوە ئەكتەری شانۆگەریی "حەمامی ژنان"، خەڵاتی باشترین ئەكتەری لە هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی هەولێر بردەوە. لەبارەی ئەو بردنەوەیە دڵخۆشیی خۆی بۆ "وشە" دەردەبڕێ‌.

ئەو لە لێدوانێكی بۆ "وشە" گوتی، كاتێك خەڵاتی باشترین ئەكتەرم پێ بەخشرا، هەستێكی زۆر جیاوازم هەبوو كە هەستم بە شانازییەكی زۆر گەورە دەكرد، چونكە ماوەی حەوت ساڵ دەبێت چاوەڕێی دەرفەتێكی ئاوا بووم كە وەك ئەكتەر بەشداربم لە فێستیڤاڵ.

ئەو جیا لە دڵخۆشی بەم فێستیڤاڵە و خەڵاتكردنەكە گوتی، هەندێك كەس هەن كە چاویان بە سەركەوتن و دڵخۆشیی بەرانبەر هەڵنایەت، بەڵام خەڵاتەكە هەستێكی زۆر جیاواز و دڵخۆشییەكی زۆری پێ بەخشیم، چونكە ئەم خەڵاتە دەبێتە پاڵپشتێكی گەورە بۆ ئێمەی ئافرەتان تا بتوانین زیاتر لەسەر پێی خۆمان بوەستین و كاری هونەری بكەین.

ئەوەشی گوت، "هەست دەكەم ماندووبوونم بەفیڕۆ نەچووە و گەیشتووم بە ئامانجی خۆم، بەڵام ئێمە بەمەیش ناوەستین و بەردەوام دەبین، چونكە بینەرەكانمان و هونەرەكەمان پێویستیان بە ماندووبوونی زیاتر و كاری باشتر و زیاترە".

وشە/ ئەحمەد تاریق



وشە - سه‌رخێڵ هاشم