زانكۆی سلێمانی خانەی پەرتووكی بەناوی "پەرتووك چرپاندنی نهێنییە بە گوێی جیهاندا" كردەوە، هەموو ئەو كتێبانەی تێدا دادەنرێت كە زانكۆكە چاپی كردوون.
ئەمڕۆ دووشەم 28ی نیسان، زانكۆی سلێمانی رای گەیاند، وەك بەشێك لە كتێبخانەی ناوەندی و چاپخانەی زانكۆكە، بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، خانەی پەرتووك كرایەوە.
خانەكە سەرجەم ئەو كتێبانەی لەخۆ گرتووە كە لەسەر ئەركی زانكۆی سلێمانی چاپ و بڵاو كراونەتەوە، ئێستە ژمارەیان 80 كتێبە كە لە بوارە جیاوازەكاندا چاپ كراون.
د. تریفە عومەر بەڕێوەبەری كتێبخانەی ناوەندی و چاپخانەی زانكۆی سلێمانی رای گەیاند، بەدەر لەوەی ئەم خانەیە ئەركی كتێب فرۆشتن لەخۆ دەگرێت، لە بەرنامەیاندایە لە رێگەی هۆڵێكی خوێندنەوەوە، سەرجەم نووسەران و رۆشنبیران لە دەرەوە و ناوەوەی زانكۆ بەیەك بگەیەنن و بیكەن بە بەستەرێكی بەهێزی نێوان زانكۆ و كۆمەڵگە، ئەو گفتوگۆ ئەكادیمی و زانستی و فكرییانەی لەناو هۆڵەكەدا لە دایك دەبن، بكەن بە بنەمایەك بۆ گەشەپێدانی كۆمەڵگەی كوردی.