بەردەوام هەواڵی مردنی هونەرمەندی دیاری عەرەب عادل ئیمام بڵاو دەكرێتەوە و كەسوكارەكەشی رەتی دەكەنەوە و رای دەگەیەنن، نازانین بۆچی ئەو هەواڵانە بڵاو دەكرێنەوە، لە كاتێكدا ئیمام خزمەتێكی زۆری هونەری كردووە.
هەواڵی مردنی عادل ئیمام جارێكی تر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە، خەڵكێكی زۆر بەبیستنی هەواڵەكە نیگەران بوون، كەسوكارەكەشی لە راگەیەنراوێكدا دەڵیـَن: "ئەوانەی باس لە مردنی ئیمام دەكەن، بەدوای لایك و كۆمێنت دەگەڕێن."
عیسام ئیمام برای هونەرمەند عادل ئیمام، هەموو ئەو دەنگۆیانەی كە باسی مردنی براكەی دەكەن، ڕەت كردەوە و ڕای گەیاند: دۆخی تەندروستیی عادل ئیمام زۆر باشە و هیچ كێشەی نییە.
ئیمام نیگەرانە لە دەنگۆی بڵاوكردنەوەی هەواڵی مردنی براكەی و دەڵێت، "نازانم ئەم دەنگۆ و پڕوپاگەندانە كەی كۆتاییان دێت، عادل ئیمام هەموو ژیانی تەرخان كرد بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی لە ڕێگەی پیشكەشكردنی هونەرێكی ڕاستەقینەوە، ناكرێت بەم شێوەیە پاداشت بدرێتەوە."
عادل ئیمام یەكێكە لە دیارترین هونەرمەندانی میسر و عەرەب بەتایبەتی لە بواری كۆمیدیا، لە ماوەی زیاتر لە 60 ساڵدا كارەكانی ئیمام زۆرترین بینەریان هەبوو، بەشێكیش لە كارەكانی تەرخان كردووە بۆ رەخنەگرتن لەو گرفتە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییانەی لەم ناوچەیەدا رووبەڕووی خەڵك بوونەتەوە، لەو ئەزموونەیدا كەس و لایەنی سیاسی زۆر هەن رقیان لێیەتی، چونكە رەخنەی زۆری لێ گرتوون، بەبڕوای براكەی، ئەمەش بەشێكە لە هۆكار و ئەو پروپاگەندانەی دژی عادل ئیمام دەكرێن.