دوو كتێب لەبارەی "عەونی"ی شاعیرەوە بڵاو كرانەوە، كتێبی یەكەمیان لەلایەن فەرهاد عەونی و كتێبی دووەمیشیان لەلایەن پ. د. ئیدریس عەبدوڵاوە نووسراوە.
كتێبی (عەونی لە ئاوێنەی رۆژگاردا) كە لە نووسینی فەرهاد عەونییە، لە دووتوێی 356 لاپەڕەدا چاپ و بڵاو كرایەوە. ناوەڕۆكی كتێبەكە پێكدێت لە كورتەیەك لە ژیانی عەونیی شاعیر، عەونی و رێكخراوی داركەر، ئەندامانی حزبی هیوا لە كۆیە، عەونی و بەندیخانە، نەورۆز لە دیدی عەونیدا، عەونی لە نێوان هەڵسەنگاندنی هەندێك سیاسەتمەدار و شاعیر و ئەدیبدا، كەسایەتی عەونی و باری خێزانی، عەونی لە ئاوێنەی رۆژگاردا.
پەرتووكێكی دووەم بە ناوی "عەونی و شیعر و داهێنان" كە لە پێنج بەرگ پێكهاتووە و لە نووسینی د. ئیدریس عەبدوڵایە، چاپ و بڵاو كراوەتەوە.
بەرگی یەكەمی كتێبەكە ناونیشانە لاوەكییەكەی "هونەرەكانی رەوانبێژی كۆن"ـە كە لە 413 لاپەڕە پێكهاتووە. بەرگی دووەم بەناوی شەپۆلەكانی رەوانبێژیی نوێ، لە 512 لاپەڕە پێكهاتووە. بەرگی سێیەم بەناونیشانی زمان و فۆلكلۆر و مۆسیقای شیعری، لە 266 لاپەڕە پێكهاتووە. بەرگی چوارەم بە ناونیشانی "ئەدەبیات و جیهانبینیی عەونی" لە 292 لاپەڕە پێكهاتووە، هەرچی بەرگی پێنجەمە بە ناونیشانی "لە نێوان عەونی و ئەوانی دیكەدا" لە 626 لاپەڕە پێكهاتووە.
د. ئیدریس دەڵێت، "عەونی لەوە زیاتر هەڵدەگرێ كە تێیدا بەرهەمەكەی پاش ماندووبوون و شەونخونییەكی دوور و درێژ ئەو بەرهەمە زێدە نایابەی لێ دەرچووە."
عەونی شاعیر ناوی تەواوی عوسمان حەبیب عەبدوڵایە، لە 1914 لە گەڕەكی بەفری قەندی شاری كۆیە لە دایك بووە، لە سییەكانی سەدەی رابردوو دەستی بە نووسینی شیعر كردووە، یەكەم شیعری لە گۆڤاری هاوار لە ساڵی 1933 بڵاو كراوەتەوە، لە ناوەڕاستی سییەكان بووەتە ئەندام لە كۆمەڵەی برایەتی، لە حزبەكانی هیوا، رزگاری و پارتی خەباتی كردووە، بەشێك لە شیعرەكانی لەلایەن گۆرانیبێژانەوە بە تایبەت تاهیر تۆفیق كراونەتە گۆرانی، لە 20-7-1992 كۆچی دوایی كردووە.