نووسەری دیاری كورد شێرزاد حەسەن، سێ بەرهەم لە بوارەكانی ژنان و فكر و شانۆ دەخاتە بەر دیدی خوێنەران.
لەبارەی كتێبە نوێكانیەوە شێرزاد حەسەن بۆ "وشە" گوتی، ساڵانێكە لە بواری پەروەردە و بەرگریكردن لە مافی ژنان كارم كردووە، بەرهەمێكم بە ناوی "مانیفێستی دایك، لە ستایشی دایكانی ستەمدیدە و شكۆمەنددا" ئامادەیە كە بەمنزیكانە چاپ و بڵاو دەكرێتەوە.
هاوكات گوتیشی: لەم بەرهەمەمدا باس لە ژنان و دایكان دەكەم كە چۆن بە درێژایی مێژوو خراونەتە دەرەوەی مێژوو، لە كاتێكدا كە ژن لە پێشدا خوداوەند بوون و هونەر لای ژن بووە، ئەوە ژن بووە كە كشتوكاڵی دۆزیوەتەوە و ئاژەڵانی كەوی و دەستەمۆ كردووە. ئەوە ژن بووە دەرمانی دروست كردووە، بەڵام دواتر كە سیستمی باوكسالاری دێتە ئاراوە، هەوڵ دەدرێت بە هەموو شێوەیەك ژن لە مێژوو دەربكرێت و گرنگی بە ئەرك و رۆڵی ئەوان نەدرێت و زەحمەت و ماندووبوونی ئەوان بسڕێتەوە، لەو كتێبەدا باسی ژنان دەكەم هەر لە سەردەمی بەردینی یەكەم و دووەمەوە تا ئێستە.
شێرزاد حەسەن لەبارەی بەرهەمی دووەمیشی گوتی: ئەو كتێبەم سێ شانۆنامە لەخۆ دەگرێت كە لە ئینگلیزییەوە كردوومن بە كوردی، ئەمەش بە شێوەیەكی رێكوپێك دەكەوێتە بەر دیدی خوێنەران. بەرهەمی سێیەمیشم كتێبكە بەناوی "سیستمی باوكسالاری بە درێژایی مێژوو"، لەم كتێبەشدا باس لە نەمانی قۆناغی دایكسالاری و هاتنی قۆناغی باوكسالاریی دەكەم لە سەرەتای مێژووی سەرهەڵدانی ئەو قۆناغەوە تا ئەمڕۆ.