نادیه یاسین هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ 30 ساڵه له ده‌ره‌وه‌یه و له كه‌نه‌دا ده‌ژیت، كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌م و كاری هونه‌ریی جوانی پێشكه‌ش به‌هه‌وادارانی كردووه. ئه‌و له چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ ''وشه'' گوتی، به‌رهه‌مه‌كانی كه‌می كردووه، به‌ڵام له كاری هونه‌ری دانه‌بڕاوه.
سه‌ره‌تاكان به‌رهه‌می باشت هه‌بوو بۆچی بێده‌نگ بووی؟
هۆكاری بێده‌نگیی من ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ژیانی تایبه‌تیی خۆم، چونكه ژیانی تایبه‌تیی خۆیشم لا گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌قی ته‌واوی خێزانه‌كه‌م بده‌م و به جوانی رایبگرم، وه‌ك دایكی دوو منداڵ كه دوو دیاری زۆر جوان و به‌نرخن له‌لام، هه‌روه‌ها زۆر گرنگه وه‌ك ئافره‌تێك تواناكانی خۆم په‌روه‌رده بكه‌م، بۆیه چه‌ند به‌رهه‌مێكم وه‌ك تراك بڵاو كردووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها بۆ من زۆر گرنگه به منداڵه‌كانم پێشان بده‌م كه ئێمه ده‌بێت هه‌رچه‌نده خێزاندارین، به‌ڵام ده‌بێت تواناكانی خۆشمان پێشان بده‌ین، بۆیه له موزیك دانه‌بڕاوم.
رۆیشتنت بۆ كه‌نه‌دا چۆن بوو و به نیازی به‌یه‌كجاری بگه‌ڕێیته‌وه كوردستان؟
له ته‌مه‌نی چوار ساڵییه‌وه به‌هۆی بارودۆخی جه‌نگی ئێران و عێراق له كوردستان دابڕاوم، هه‌رچه‌نده له ده‌ستی خۆمدا نه‌بوو و له ده‌ست دایك و باوكیشم نه‌بوو و ئه‌وانیش نه‌یانویستوه ئاواره بن، به‌ڵام ویستوویانه ئاسایش دابین بكه‌ن بۆ خۆیان و منداڵه‌كانیان، بۆیه من زۆر تامه‌زرۆی كوردستان‌م، له رووی زمان و كولتوور و فه‌رهه‌نگه‌وه، هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دام كه زمانی دایك له‌بیر نه‌كه‌م، بۆیه ئه‌وه 30 ساڵه كوردستان‌م جێهێشتووه، كه‌چی هه‌ر ئه‌و كچه كورده‌م و هه‌ر ئاواش ده‌مێنمه‌وه و كوردایه‌تیی خۆم ده‌پارێزم. وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ش چه‌ند جارێك سه‌ردانی كوردستان‌م كردووه، هه‌روه‌ها گۆرانیی "هۆی نێرگز نێرگز"م له شاری رواندز كلیپم كرد. ئێسته پلانم نییه به یه‌كجاری بگه‌ڕێمه‌وه كوردستان و وڵاتێكی زۆر جوان و ئاوه‌دانمان هه‌یه، به‌و هیوایه‌ی خودا بیپارێزێت.
له كلیپه‌كانتدا سه‌مایه‌كی زۆر جوان ده‌كه‌یت، له كاتی سه‌ماكردن و گۆرانیدا هه‌ست به‌چی ده‌كه‌یت؟
سه‌ماكردن یه‌كێكه له خولیاكانی خۆم، بۆیه خولیای سه‌ماكردن وای لێ كردم بچم له‌م بواره‌شدا بخوێنم و كلاس وه‌ربگرم، هه‌م وه‌ك وه‌رزش سه‌یری ده‌كه‌م و وه‌ك عیشق و خولیایه‌كیش سه‌یری ده‌كه‌م كه هه‌ستێكی زۆر خۆشم پێ ده‌به‌خشێت، چونكه هه‌موو جۆره هونه‌رێك ده‌ربڕینی هه‌سته، بۆیه كاتێك سه‌ما ده‌كه‌م هه‌ستی پێ ده‌كه‌م و ئه‌و هه‌ستانه‌ی له دڵمدایه ده‌توانم به جووڵه ده‌ریببڕم. هه‌روه‌ها له منداڵییه‌وه حه‌زم له گۆرانیگوتن بووه و باوكم ده‌یگوت پێش ئه‌وه‌ی زمان بزانیت، گرنگه له‌گه‌ڵ میلۆدی هه‌وڵم بده‌یت و وشه‌كان دووباره بكه‌یته‌وه.
ئێسته هونه‌رمه‌ند زۆر گرنگیی به جوانی رووخسار ده‌دات، ئایا جوانكاری بۆ ده‌رخستنی ناوبانگه؟
خۆشبه‌ختانه من جوانكاریم نه‌كردووه و خۆم رازیم به‌م شێوه‌یه‌ی هه‌م، هونه‌رمه‌ند به‌تایبه‌ت گۆرانیبێژ جه‌ماوه‌ر حه‌ز ده‌كات سه‌یری شتێكی جوان بكات و گوێ له شتێكی جوان بگرێت، به‌ڵام وه‌ك ئه‌دا كاتێك كاره‌كه‌ی جوانه، په‌یامه‌كه‌ی ده‌گات به‌بێ ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاری ئه‌نجام بدات، بۆیه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه به‌خۆم ناده‌م بۆ ئه‌و بابه‌ته، ده‌مه‌وێت كاری جوان و تایبه‌ت پێشكه‌شی هه‌وادارانم بكه‌م.
پێت وایه هونه‌ری كوردی له‌چاو ساڵانی پێشوو ده‌وڵه‌مه‌ندتر بووه؟
ئێمه ناتوانین هیچ شتێك به‌راوردی رابردوو بكه‌ین، چونكه ژیان ده‌گۆڕێت و نه‌وه‌كان ده‌گۆڕێن، ئێسته به‌هۆی ته‌كنه‌لۆجیاوه هه‌موو دنیامان له ژێرده‌سته، هه‌ست ده‌كه‌م ستایل و حه‌زه‌كانمان هه‌مووی تێكه‌ڵ بووه و كولتووره‌كان تێكه‌ڵی یه‌كتر بوون، به‌لای منه‌وه زۆر گرنگه ره‌سه‌نی خۆمان بپارێزین كه ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هونه‌رمه‌نده‌كه، كاتێك كاری هونه‌ریم كرد، هه‌وڵم دا ئه‌و به‌شه له ده‌ست نه‌ده‌م كه هونه‌ری ره‌سه‌نه، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كیشم هێنایه مه‌یدان له رووی جلوبه‌رگ و شێوازی كلیپ. موزیكه‌كه‌شم هه‌ندێك جیاوازی هه‌بوو و زۆر گرنگ بوو به‌ته‌واوی نه‌یگۆڕم و نه‌یكه‌م به ئه‌ره‌بێسك، بۆیه هیوادارم ره‌سه‌ن و كولتووری خۆمان له ده‌ست نه‌ده‌ین.
هه‌ولێر/ ئه‌حمه‌د تاریق