لە سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی "رەشت" كە لە ئێران بەڕێوەچوو، ماهیر حەسەن ئەكتەری دیاری كورد، خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاوی بەدەست هێنا.
بەخشینی خەڵاتەكە بە ماهیر حەسەن، لەسەر بنچینەی رۆڵگێڕانی بوو لە فیلمی سینەمایی "ژان" كەتێیدا رۆڵێكی هونەری بەرزی گێراوە.
فیلمی سینەمایی "ژان" لە نووسینی لەیلا باغ پیرا و لە دەرهێنانی بورهان ئەحمەدی و لەیلا باغ پیرایە، تا ئێستە چەندان خەڵاتی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە.
ماهیر حەسەن ساڵی 1965 لە شارۆچكەی عەربەت لە پارێزگاری سلێمانی لە دایك بووە، خوێندنی لە سلێمانی تەواو كردووە و لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان لە ساڵی 1985 بەشی شانۆی تەواو كردووە، لە ساڵی 1979وە دەستی بە كاری هونەری كردووە و زیاتر لە 200 بەرهەمی هەیە.
ساڵی 1983 دەبێتە باشترین نواندنكار لە شانۆیی "قاتێك جلت وەرگرت".
یەكەمین بەرهەمی شانۆیی "چینی چاوی چەوساوەی كرێكاران بە دەستی ئاغا و دەرەبەگدا" بووە. بەناوبانگترین بەرهەمەكانیشی بریتین لە "یاخیبوونی ستار، هەمەڕەنگ، پەتریپۆت، ماڵەكەی مەعرووف، بەختڕەش، گەردەلوول، فەنتەڵۆس، كەشكۆڵ".
كاری بەرهەمهێنانی بۆ 13 بەرهەمی شانۆیی كردووە و یەكێكە لە دامەزرێنەرانی تیپی هونەری ڕەنگاڵە، لە 500 بەرهەمی تەلەڤزیۆنیدا دەركەوتووە، خاوەنی 10 فیلمی سینەماییە.
زۆرینەی كات لەگەڵ هونەرمەند ئەحمەد جۆڵا دەردەكەوێت و پێكەوە دوانەیەكی هونەری كۆمیدییان دروست كردووە، گەورەترین دەركەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ درامای ماڵەكەی مەعرووف كە ماهیر حەسەن دەقی دراماكەی نووسیوە.