نارین فه‌قێ هونه‌رمه‌ندی ناسراوی رۆژئاوای كوردستان كه خاوه‌ن ده‌نگ و ستایلێكی تایبه‌ت به خۆیه‌تی و خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می گۆرانییه، داخوازییه‌ك پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
ئه‌و له ره‌وشی هونه‌ری گۆرانی و موزیكی كوردی نیگه‌رانه، له لێدوانێكدا بۆ ''وشه'' داوای له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت پێك‌بێنن بۆ ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵ و چاودێریی هه‌موو كه‌ناڵه كوردییه‌كان بكات و هه‌ر به‌رهه‌مێكی هونه‌ری له هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان به‌رهه‌م بهێنرێت، به‌رله‌وه‌ی له میدیاكانی كوردستان بڵاو بكرێته‌وه، هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد و هه‌مه‌لایه‌نه بۆ به‌رهه‌مه‌كه بكات.
نارین فه‌قێ پێی وایه ئه‌مه هه‌نگاوێكی زۆر پێویسته بۆ پێشخستنی هونه‌ری كوردی، پێشتریش له‌گه‌ڵ زۆر هونه‌رمه‌ندی گه‌وره ئه‌و پرسه‌ی باس كردووه و هه‌موویان هاوڕای بوون.
به‌گوته‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی رۆژئاوای كوردستان، ناكرێ هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت چه‌ند وشه‌یه‌ك به ناوی تێكست كۆ بكاته‌وه و دواتر ئاوازێكی ناڕێك و بیانیی بۆ دابنێت و به‌ناوی هونه‌رمه‌ند تۆمار و بڵاوی بكاته‌وه، پاشان به ملیۆنان ڤیۆ بۆ خۆیان په‌یدا بكه‌ن، ئه‌م جۆره كار و به‌رهه‌مانه بوون كه له ساڵانی ڕابردوودا ڕه‌وشی هونه‌ری كوردی‌یان تێكداوه.
هه‌ولێر/ ئه‌حمه‌د تاریق