ئەمڕۆ حەوتی ئایار، 60 ساڵ بەسەر مەرگی "قانع"ی شاعیردا تێدەپەڕێت و هێشتا كاریگەریی شیعری ئەو وەك خۆی ماوەتەوە، زۆر لە خەڵك رۆژانە دەیڵێنەوە و د. مەریوان قانعیش رای گەیاند، شیعری بووكی ئازادی چووە ناو مۆزەخانەی ئەمستەردام.
د. مەریوان وریا قانع رای گەیاند، دوای 60 ساڵ لە "مۆزەخانەی جیهان" لە شاری ئەمستردام، پێشانگەیەكی شیعریی گەورەی نێودەوڵەتی هەیە كە تا كۆتاییەكانی مانگی هەشت كراوە دەبێت. دوای ئەوە دەگوازرێتەوە بۆ شاری رۆتەردام لە هەمان وڵات، قانع وەك شاعیرێكی كورد لەم پێشانگەیەدا ئامادەیە.
پێشانگەكە ناوی "شیعری خەڵك" یان "شیعری میلەتان"ە، تایبەتە بە شاعیرانی كیشوەری ئاسیا. ژمارەیەكی گەورە لە شاعیرە گەورەكانی ئەم كیشوەرە لەم پێشانگە نێودەوڵەتییەدا ئامادەن. لە ناویاندا نازم حیكمەت، فروغی فروغزاد، مەحموود دەرویش، رومی و زۆرانێكی تر.
د. مەریوان باسی لەوەش كردووە، شیعری "بووكی ئازادی" كە قانع لە گرتووخانەدا لە تاران نووسیویەتی، بە وەرگێڕدراوی بۆ سەر زمانی هۆڵەندی و ئینگلیزی لەوێ ئامادەیە و لە بەردەستدایە. شیعرەكەش لەلایەن منەوە بە كوردی دەخوێنرێتەوە.