شاعیری شیعری "دوو دانە دوو دەكاتە یەك، نابێتە چوار" پێویستی بەهاوكارییە

:: AM:11:32:10/05/2025 ‌
كەمپەینێكی كۆكردنەوەی هاوكاریی بۆ شاعیر نادری قازی ناسراو بە "خاڵە قازی" دەستی پێ كردووە، ئەو بە شیعری "دوو دانە دوو دەكاتە یەك، نابێتە چوار" لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر ناسرا.

شیعری "دوو دانە دوو دەكاتە یەك، نابێتە چوار" ماوەیەكی زۆرە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بەشێوەیەكی بەربڵاو بڵاو دەكرێتەوە، بەشێك لە هاووڵاتییان وایاندەزانی ئەو شیعرە شیعری قازی محەمەدی سەرۆك كۆماری كوردستانە، بەڵام دوای دەركەوت شیعری خاڵە قازییە.

خاڵە قازی ئێستە دووچاری نەخۆشییەكی قورس هاتووە و پێویستی بە چارەسەرە. لەمبارەیەوە ڕەسووڵ سوڵتانی نووسەر و هاوڕێی نادری قازی، بە "وشە"ی گوت، خاڵە قازی شاعیر دووچاری نەخۆشییەكی قورس هاتووە، چەندان نەشتەرگەریی بۆ كراوە و دواترینیان دەرهێنانی پەنكریاسی بوو.

كەمپەینەكە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی 'gofoundme' دەكرێت و هەر كەسێك هاوكارییەكە ببەخشێت، لە ماڵپەڕەكە ناوی تۆمار دەكرێت و بڕی پارەكەی پێشان دەدرێت.

نادری قازی كە بە "خاڵە قازی" ناسراوە، لە بنەماڵەی قازییەكانی مەهابادە، جگە لە شیعری ئەوینداری و سیاسی، هونەرمەندێكی شێوەكاریشە. 



وشە - سۆران عەزیز