نه‌سرین عه‌بدین كچێكی كوردی ڕۆژئاوای كوردستانه، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی له ساڵی 2012 وه‌ك په‌ناخواز رووی له هه‌رێمی كوردستان كرد، سه‌ره‌تا سینه‌ما لای نه‌سرین وه‌ك خولیایه‌ك بوو دواتر وه‌ك پیشه ده‌ستی به كاری سینه‌مایی كرد، ماوه‌یه‌ك له كه‌مپی دۆمیز ئاواره بوو، به‌ڵام دواتر رووی له هه‌نده‌ران كرد و له‌وێ درێژه‌ی به كاره‌كانی خۆی دا. ئه‌و له چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ ''وشه'' پێی وایه هه‌رێمی كوردستان، خاڵی سه‌ره‌كی و ئه‌و شوێنه‌یه كه ده‌توانرێ كاری سینه‌مایی كوردی لێوه ده‌ست پێ بكات.
ره‌وشی سینه‌ما له رۆژئاوای كوردستان چۆنه؟
سینه‌ما له ڕۆژئاوای كوردستان ڕاسته‌وخۆ دوای شۆڕش ده‌ستی پێ كرد، پێشتر به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌ستێره‌كانی سووریا كورد بوون وه‌ك مونا وه‌سف خالید، تاجا عه‌بدولڕه‌حمان و چه‌ندانی تر كه له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا زۆر شتیان پێشكه‌ش به هونه‌ر و سینه‌ما و درامای سووریا كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه هیچیان له‌باره‌ی پرسی كورد له ڕۆژئاوای كوردستان و ئه‌و ئازارانه‌ی كه گه‌لی كورد پێوه‌ی ده‌ناڵاند باس نه‌ده‌كرد.
داعش كاره‌ساتی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان هێناوه، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی هونه‌ره‌وه به‌تایبه‌ت له سینه‌مادا سوودی زۆری هه‌بووه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی زۆر له ده‌رهێنه‌رانی بیانی و كورد سه‌ردانی رۆژئاوا بكه‌ن و له به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌كان، باس له بارودۆخی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن و تیشكیان خستووه‌ته سه‌ر ژیانی ئافره‌تانی كورد كه خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ ڕزگاربوون له ده‌ستی داعش، له هه‌مان كاتدا ئازار ده‌چێژێت و شه‌ڕ بۆ مافه‌كانی ده‌كات، بۆیه ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌بوو له پێشاندانی پرسی كورد له ڕۆژئاوای كوردستان.
وه‌ك ئافره‌تێك ئه‌و ئاسته‌نگانه چین كه ڕووبه‌ڕووت ده‌بنه‌وه؟
ڕاستییه‌كه‌ی ئاسته‌نگه‌كان زۆرن، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه من ئافره‌تم، له كاتێكدا یه‌كه‌م یان دووه‌م ئافره‌تم له ڕۆژئاوای كوردستان كارم كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌متوانی هیچ كارێك له ڕۆژئاوای كوردستان خۆیدا بكه‌م، بۆیه هاتمه باشووری كوردستان و لێره‌ش چه‌ندان فیلمم پێشكه‌ش كرد، یه‌كه‌م به‌رهه‌مم (دۆزه‌خی سارد) بوو كه خه‌ڵاتی باشترین فیلمی له فێستیڤاڵی واست له عێراق به‌ده‌ست هێنا، دواتر فیلمێكم به‌ناوی ''پێشوازیكردن له مردن'' له‌باره‌ی قاره‌مانێتیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، ئه‌م فیلمه زیاتر له چوار ساڵی خایاند و هێزی زێره‌ڤانی یارمه‌تییان دام، هه‌روه‌ها وێنه‌گری به توانا نزار میكائیل رۆڵێكی گرنگی هه‌بوو له وێنه‌گرتنی دیمه‌نه‌كانی شه‌ڕ، ئێسته فیلمه‌كه له فێستیڤاڵه سینه‌ماییه‌كاندا نمایش ده‌كرێت و له مانگی ئه‌یلوول له ئه‌ڵمانیا نمایشێكی تایبه‌تی ده‌بێت.
نه‌بوونی سپۆنسه‌ر ئاسته‌نگێكی تره، چونكه من په‌نابه‌ر بووم، نه‌مده‌توانی گه‌شت بكه‌م و به‌شداریی ئه‌م فێستیڤاڵانه بكه‌م بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كان، بۆیه بڕیارم دا بچمه ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وروپا و په‌شیمان نیم له جێهێشتنی وڵات، چونكه ده‌رفه‌تی زۆری پێ دام و نه‌مده‌توانی ئه‌و بیرۆكانه‌ی كه له خه‌یاڵمدا بوون له ئه‌رزی واقیع ئه‌نجامیان بده‌م و له فیلمه‌كاندا پیشانیان بده‌م، ئێسته دۆخه‌كه زۆر گۆڕاوه بۆ من.
باشووری كوردستان چ رۆڵێكی هه‌بووه له سه‌ركه‌وتنت؟
ڕاستییه‌كه‌ی باشووری كوردستان به خاڵی سه‌ره‌كی و ئه‌و شوێنه داده‌نرێت كه ده‌توانرێ كاری سینه‌مایی كوردی لێ ده‌ست پێ بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی پاڵپشتی هه‌یه و جۆش و خرۆشی ده‌رهێنه‌ره‌كان له ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان به‌دی ده‌كرێت، من سوودێكی زۆرم له باشووری كوردستان و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئه‌وێ وه‌رگرتووه، ئه‌م پاڵپشتییه ده‌بێت به‌رده‌وام بێت، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و گه‌نجانه بێت كه ده‌یانه‌وێت كاره هونه‌ری و سینه‌مایی بكه‌ن. فێستیڤاڵه‌كانی دهۆك و سلێمانی نیشانه‌ی پێشكه‌وتنی سینه‌مان، سینه‌ماكارانی ڕۆژئاوایی كه به‌شدارییان له فێستیڤاڵه‌كانی باشووری كوردستان كردووه، هه‌ست به‌و پێشكه‌وتنه ده‌كه‌ن كه له‌م به‌شه‌ی كوردستاندا ڕووی داوه، گه‌نجانێك هه‌ن شه‌و و ڕۆژ كار ده‌كه‌ن و وزه‌ی هونه‌ری زۆریان هه‌یه ده‌یانه‌وێت پێشكه‌شیان بكه‌م، هیوادارم ئه‌م ئه‌زموونه پێشه‌نگ و ناوازه‌یه بمێنێته‌وه بۆ پشتگیریكردنی سینه‌ماكارانی كورد له باشوور و هه‌موو پارچه‌كان كوردستان به مه‌به‌ستی پێشاندانی سینه‌مای كوردی به دنیا.
په‌یامت چییه كه ده‌ته‌وێ له رێگه‌ی سینه‌ماوه بیگه‌یه‌نێت؟
ژیانی ئاواره‌ییم هه‌ڵبژارد، چونكه ده‌توانم له ڕێگه‌ی سینه‌ما په‌یامێك بگه‌یه‌نم و بیسه‌لمێنم كورد چیی ده‌وێت و چیی وایكردووه په‌رشوبڵاو بێت، ده‌مه‌وێت په‌یامم گه‌یاندنی ده‌نگی گه‌لی كورد بێ به دنیا، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئاشنای ئه‌و ئازارانه بن كه به درێژایی مێژوو ڕووبه‌ڕوویان بووه‌ته‌وه.
ئایا سینه‌مای كوردی پێشكه‌وتووه؟
بێگومان كاری زۆر كراوه، به‌ڵام هۆكاره‌كانی پێشنه‌كه‌وتنی سینه‌مای كوردی زۆرن، له‌وانه هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌بوونی پاڵپشتی و سپۆنسه‌ری به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌كانی كورده، ئه‌م پاڵپشتییه ده‌بێت هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت به‌رهه‌می باش بۆ سینه‌ماكارانی كورد مسۆگه‌ر بكات، ئێمه خاوه‌ن سینه‌ماكاری گه‌وره‌ین، بۆ نموونه مانۆ خه‌لیل كه فیلمی ''دراوسێكان''ی به پاڵپشتی ده‌ره‌كی به‌رهه‌م هێناوه، واته پاڵپشتییه‌كه له ڕۆژئاوا، ڕۆژهه‌ڵات، باشوور و باكوری كوردستان نه‌بوو، ئه‌م فیلمه سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێنا .
ئه‌و فیلمه به‌شداریی زیاتر له 60 فێستیڤاڵی سینه‌مایی كرد، به هه‌مانشێوه فیلمه‌كانی یه‌ڵماز گونای، بۆیه ئه‌گه‌ر پاڵپشتیمان هه‌بێت ده‌توانین كاری سینه‌مایی گه‌وره به‌رهه‌م بهێنین، ده‌توانین له هه‌موو ده‌رهێنه‌رێكی تر واقیعبینانه‌تر ئه‌م واقیعه ده‌رببڕین، چونكه ده‌بێت له‌گه‌ڵ سه‌ختییه‌كاندا بژین، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی گه‌وره‌ی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه به‌رهه‌می نێوده‌وڵه‌تی پێشكه‌ش بكه‌ین كه له‌وه زیاتره سینه‌ماكارانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌یكه‌ن، یان داوا له سینه‌ماكاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌ین شتێكمان پێشكه‌ش بكه‌ن له‌باره‌ی مێژووی كورد، به‌و شێوه‌یه‌ی كه له تواناماندایه بیكه‌ین، چونكه ئێمه له‌گه‌ڵ واقیعدا ده‌ژین و له‌گه‌ڵیدا ژیاوین، ده‌توانین ئه‌زموونێكی ناوازه پێشكه‌ش بكه‌ین.
وشه\ئه‌حمه‌د تاریق