سارا تەڵایی لە ساڵی 1986 لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە مەهاباد لە دایك بووە و دەرچووی كۆلێژی هونەرە جوانەكان لە پەردیسی تاران و پیشەسازی دار و كاغەز لە مازەندەرانی ئێران، خاوەنی بڕوانامەی هونەری دكتۆرایە لە بەشی شێوەكاری و لە ڕۆژهەڵات خاوەنی فێرگەی هونەری شێوەكاریی ژیوار بووە، ماوەی 17 ساڵە بە فەرمی لە بازنەی هونەریدا خەریكی چالاكی، خوێندنەوە و بەرهەمهێنانی هونەری بووە، هاوكات لە 99 پێشانگەی شێوەكاری هاوبەش و تایبەت بەشدار بوو و خاوەنی چوار پەرتووكی هونەری و مێژووییە.
ئەو هەموو بوارەی لە خۆتدا كۆ كردووەتەوە وەك شێوەكار، پەیكەرتاش و شاعیر هەروەها ژەنینی دەف و كاری دەستی توانیوتە مافی بوارەكانت بدەیت بەتەواوی؟
ئەو بوارانە ئامرازی دەربڕینی ئەو هەست و توانایەمدانەیە كە سروشت و خاكەی من لە ناخی مندا خرۆشاندوویەتی و بە ئاوێتە بوون لەگەڵ ڕامان و هزری و ئەندیشەم، لە دەرەوەی من جوانییەكی تر دەخوڵقێنێ بۆ ئارامی خۆم و ژیان، هەرچەند هەوڵی خۆم داوە بتوانم بە باشترین شێوە پێشكەشی كەم، بەڵام گرنگ ئەوە نییە ئەو هونەرانەی كە تاوم داوەتێ چەندە بتوانم لە خزمەتیان دابم، بەڵكو هەر ڕێگەیەكی هونەری كە چێژم لێ بینیبێ، وەك چەكێك، بۆ بەتاڵكردنەوەی دەربڕینەكانم خزاندوومنە خزمەت هەستەكانم، هیوادارم كەموكورتیم نەنواندبێ، ئەگەریش وابێ ئەوە ڕێگەیەكی هەمیشەیی ژیانمە، بە پشتبەستنی ئەزموون و تێپەڕینی زەمەن، هەوڵ دەدەم كاریزماتر دەریان بخەم.
لەم هەموو بوارەدا كارت كردووە، چۆنە لە بواری نواندن و ئەكتەریش كارت نەكردووە؟
لە تەمەنی هەرزەكاریمدا ماوەیەك ئیشی شانۆشم كردووە، بەس وازم لێ هێنا، ئەگەرنا حەزێكی منداڵیمە، ئەگەر دەرهێنەرێك بۆ سناریۆیەكی بەهێز لە داهاتوو داوام لێ بكات، پێم وانییە ڕەتی بكەمەوە و ئەگەری هەیە ڕۆڵی تێدا ببینم.
لەم بوارانەدا كامە بوار لە تۆ زۆر نزیكە و زیاتر حەزی پێ دەكەیت؟
شێوەكاری و گەوهەرتاشی، وا هەست دەكەم ئەو دووانە هاوڕێی هەمیشەییم دەبن لە ژیان.
لەم هەموو ئامێرە بۆچی ئامێری دەفت هەڵبژاردووە، چونكە زۆر پێیان وایە ئامێری دەف ئامێرێكی موزیكی هونەری نییە؟
لەبەرئەوەی ئامێری "دەف" زیاتر لە ڕۆح و هەست و دنیای من نزیكترە، دەف لەسەر بنەمای ڕیتمە، موزیك پێكهاتووە لە تێكەڵبوونی "دەنگ و زەمەن" كە ڕیتم و میلۆدی دەخوڵقێنن، تێكەڵبوونی ڕیتم و میلۆدی دەبێتە موزیك و تەواوكەری یەكترن. تەنانەت دەتوانین بڵێن میلۆدیش لەسەر بنەمای ڕیتم بنیات دەنرێ، ئیتر ئەوەی پێی وایە دەف ئامێرێكی موزیك و هونەری نییە لە دنیای موزیك تێناگات.
كاروانی هونەریت لەگەڵ شێوەكاریدا كەی و چۆن دەستی پێ كرد؟
لە تەمەنی شەش ساڵی كە ئاشنا بووم بە قەڵەم ڕەنگ، ڕەنگ تێكەڵ ژیانم بوو بۆ هەمیشەیی، لە تەمەنی 11 ساڵیمدا خولیای خۆم دیتەوە و خۆزگەی ئەوم خواست ببمە هونەرمەندێكی شێوەكار كە بووم، لە تەمەنی 16 ساڵییەوە بە فەرمی تێكەڵی كاروانی هونەری بووم لە ڕێگەی حەز و خوێندنەوە.
یەكەم كاری هونەریت بیر دێتەوە كە ئەنجامت دا و هەستت كرد سەرەتایەكی ڕاستەقینەیە؟
یەكەم كاری هونەریم تەمەنی 12 ساڵی بوو كە ڕووخساری مامم ڕاستەوخۆ كێشایەوە بێ هیچ شارەزاییەكی هونەری، هەرچەند كێشەی زۆر بوو، بەڵام دركم بەوە كرد كە هەڵسەنگاندنی چاوەكانم باشە لە دنیای نەخش و نیگار.
ئەو ئاستەنگانە چی بوون كە لە سەرەتای كاروانی هونەریتدا ڕووبەڕووت بوونەوە و چۆن بەسەریاندا زاڵ بوویت؟
ئاشنا نەبوونی كۆمەڵگە بە هونەر، نەریتخوازی، دین و ئاین، كێشەی ئابووری، ژنبوون، هەموو ئەوانە كۆسپ و بەربەستێكی گەورە بوون بۆ ژیان و ڕامانی هونەریم كە زۆرجار گرفتیان خستووەتە سەر ڕێگەم، بەڵام بە هەوڵ و هیمەتی خۆم و ئومێد بە دواڕۆژی هونەریم، نەیانتوانیوە ڕێگر بن و هەر بەردەوام بووم.
كێن ئەو هونەرمەندە جیهانی و ناوخۆییە دیارانەی كە كاریگەرییان لەسەر ئەزموونی هونەریی تۆ هەبووە؟
زۆرن ئەو هونەرمەندانەی كە لە مێژووی هونەردا قوتابخانە بوون بۆ من و ڕووخسارێكی هونەری دیاریان هەبووە، بۆ نموونە لە شێوەكاریدا ڕۆبێنس، داڤینچی، پیكاسۆ، گۆتە، كاندینسكی و... و هتد، لە شیعردا خەیام و هێمن و هەژار و نالی و شكسپێر... هتد، لە دەفدا بیژەن كامگار، بەڵام گەورەترین قوتابخانە بۆ گەشەی ژیانی هونەریم ئەزموونەكانم بوون.
پەیامی سەرەكی چییە كە هەوڵ دەدەیت لە ڕێگەی تابلۆ و كارە هونەرییەكانتەوە بیگەیەنیت؟
سەربەستی و بیری ئازاد، دادپەروەری، شایستەییبوون، خۆناسینی مرۆڤ، دەرخستنی نهێنییەكانی سروشت و ڕەنگ، بەخشینی جوانی و ئاوەدانكردنەوەی ژینگە و گەیاندنی پەیامی ئاشتی و ئارامی ناساندنی دیوە شاراوەكانی ژنان و ژیان.
ئافرەت چۆن لە تابلۆكانتدا وێنا دەكرێت، زیاتر سەرنجت لەسەر كام ڕۆڵ یان بارودۆخی ئافرەتانە؟
لە بواری ژنان زیاتر كارم بۆ گەڕاندنەوەی شكۆی ژن و مافی یەكسانیخوازی ئافرەت و داكۆكی لە مافە سەرتاییەكانی ژنان كردووە، هەروەها ئەوەی كە ژنیش بتوانێ وەك پیاو لە كۆمەڵگەدا خاوەنی هەڵوێست و بوونەوەرێكی ئازاد و سەربەست بێت، پەیامی من و بۆ ژنان و تایبەت ئافرەتانی هونەرمەند و دەستڕەنگین، ئەوەیە بە باوەڕ بەخۆبوون و تواناكانی خۆیان، دەتوانن ڕێگە ئەستەمەكانی ژیان ببڕن و بە داهێنان و تێكۆشانی بێوچان، لووتكەی سەركەوتن ببڕن.
وشە/ ئەحمەد تاریق