فێستیڤاڵی كان جلی رووت و درێژی لە هونەرمەندان قەدەغە كرد

:: AM:09:00:13/05/2025 ‌
فێستیڤاڵی كان جلی رووت و درێژی لە سینەماكاران قەدەغە كرد و رای گەیاند،  لەمەودوا رێگە نادرێت لەناو هیچ شوێنێكی فێستیڤاڵەكەدا كەسی بەشدار بە رووتی دەربكەوێت.

فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی كان، یەكێك لە گرنگترین و بەناوبانگترین فێستیڤاڵە هونەرییەكانی دنیایە و لە شاری كان لە فڕەنسا بەڕێوە دەچێت، تێیدا ھەموو جۆرە فیلمێك پێشكەش دەكرێت، لە ھەموو وڵاتانی دنیاوە هونەرمەندان بەشداریی تێدا دەكەن.

 ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵی 1946 دەستی پێ كردووە و یەكێكە لە ھەرە فیستیڤاڵە پێشكەوتووەكانی فیلم، ئێستە زۆرینەی هونەرمەندان بەتایبەت سینەماكاران ئارەزوویانە بگەنە كان.

لە بڕیارە نوێیەكەی فێستیڤاڵدا هاتووە: "رووتی لەسەر فەرشی سوور قەدەغەیە، هەروەها لە هەر گۆشەیەكی تری فێستیڤاڵەكەشدا".

 رێكخەرانی فێستیڤاڵ دوای چەندان ساڵ و دەركەوتنی هەرمەندان بەچەندان شێواز، ئێستە دەیانەوێت رێگریی لەو ئەستێرە و میوانانە بكەن كە دەیانەوێت بە رووتی یان بە پۆشینی جلێك دەركەون كە جەستەیان لە ژێرەوە دیار بێت.

كان ئاماژەی بەوەش داوە، جلی درێژیش كە رێگریی لە رۆیشتنی هونەرمەندان بكات قەدەغەیە. "نابێت ئەستێرەكان جلوبەرگێك بپۆشن كە دواوەی درێژ بێت و كاریگەریی لەسەر رۆیشتنی ئەستێرەكان دروست بكات".
 
فێستیڤاڵی فیلمی كان مەرج و یاسای زۆری بۆ جلوبەرگ هەیە، بۆ نموونە میوانە ژنەكان دەبێت پێڵاوی پاژنە بەرزیان لە پێ بێت، لە كاتێكدا بۆ چوونە ناو هۆڵی كۆشكی فێستیڤاڵەكان، پێویستە 24 پلیكانە بەسەر بكەوێت.
 
فێستیڤاڵەكە لە 2018 وێنەی سێلفیی لەسەر فەرشی سوور قەدەغە كرد، ئەمەش ناڕەزایی بەشێك لە بەشدارانی لێ كەوتەوە.
 
78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی كان لە 13 تا 24ـی ئایاری 2025 لە شاری كانی فڕەنسا بەڕێوە دەچێت. لەم هەفتەیەدا دوایین ئامادەكارییەكانی فێستیڤاڵ كراون و رووی كۆشكی فێستیڤاڵەكان كە فێستیڤاڵی كانی تێدا بەڕێوە دەچێت، بە پۆستەری سەرەكیی فێستیڤاڵ داپۆشراوە.
 



وشە - سۆران عەزیز