بێگه‌رد حه‌مه‌سه‌لیم خانمه شانۆكار و ئه‌كته‌ری به‌توانا كه به‌شداریی له چه‌ندان فیلم و دراما و شانۆگه‌ریدا كردووه، یه‌كه‌م كاری هونه‌ریی ئه‌و كورته‌فیلمی ''هه‌ڵه'' بوو. خه‌ڵاتی یه‌كه‌م بۆ ئه‌كته‌ری كچ له شانۆیی ''تابو'' له فێستیڤاڵی شانۆی سه‌ر شه‌قام له ڕواندزی بردووه‌ته‌وه، ئه‌و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی دووه‌م باشترین ئه‌كته‌ری كچ له شانۆی ''كۆتا سه‌ره‌تا'' له فێستیڤاڵی شانۆی شه‌قام له ده‌ربه‌ندیخانی وه‌رگرتووه . ئه‌و له چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ ''وشه'' باس له پێگه‌ی شانۆ له كوردستان ده‌كات و پێی وایه، پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه له دووركه‌وتنه‌وه‌ی بینه‌ر له شانۆ و زۆر بواری تری كۆمه‌ڵایه‌تی.
ده‌ڵێن له پاڵ هه‌ر ئافره‌تێكی سه‌ركه‌وتوو پیاوێك هه‌یه، ئایا سه‌ركه‌وتنی تۆ و بوونی خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر، بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه هاوسه‌ره‌كه‌ت ده‌رهێنه‌رێكی باشه و پاڵپشتێكی باشه بۆت؟
بێگومان هاوسه‌ره‌كه‌م كاریگه‌ریی هه‌بووه له‌سه‌ر تواناكانم، هه‌ر به‌هۆی ئه‌ویشه‌وه من هاتمه ناو هونه‌ر، به‌ڵام به‌هره و هه‌وڵدانی خۆشم كاریگه‌ریی هه‌بووه له‌سه‌رم.
به‌حوكمی ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ت ئومێد كه‌مال ده‌رهێنه‌ره، هیچ كات بووه به واسته رۆڵی سه‌ره‌كی له هاوسه‌ره‌كه‌ت وه‌رگریت؟
جگه له كاره شانۆییه‌كان، له هیچ كارێكی دراما یان به‌رنامه كه ئومێد ده‌رهێنه‌ر یان نووسه‌ر بووبێ، ڕۆڵی سه‌ره‌كیم نه‌بووه، له‌باره‌ی كاره شانۆییه‌كانیش ئێسته ته‌نیا من وه‌ك ئافره‌ت له‌و تیپه‌دا كار ده‌كه‌م، بۆیه زۆركات یه‌كێك له ڕۆڵه سه‌ره‌كییه‌كان ده‌بینم .
هیچ كات بووه له‌سه‌ر كاری هونه‌ری مشت‌ومڕ بكه‌ی و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ت له یه‌كتر تووڕه‌بن؟
ده‌رهێنه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سی یه‌كه‌می كاره‌كه‌یه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه تووڕه بێت یان مشت‌ومڕ بكات بۆ جوانتركردنی كاره‌كان، ئێمه له كاردا جیاوازین و ئه‌و ده‌رهێنه‌ر و من ئه‌كته‌رم، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی له‌گه‌ڵ ئومێد كاریان كردووه، ئه‌وه ده‌زانن كه ئه‌و ده‌رهێنه‌رێكی زۆر له‌سه‌رخۆیه و هه‌میشه میزاجی ئه‌كته‌ری به‌لاوه گرنگتره.
وه‌ك ئه‌كته‌رێك رێگرییه‌كانی به‌رده‌م ژن له كاری هونه‌ریدا چۆن ده‌بینی؟
به‌داخه‌وه به‌شێك له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ئێسته‌یش كاری هونه‌ری به چاوێكی تر سه‌یر ده‌كه‌ن، بۆ پیاوانیش نه‌ك ئافره‌تان، ئه‌وه باسی كۆمێنتی نه‌شیاوی ناو فه‌یسبووك ناكه‌ین كه به‌داخه‌وه بووه‌ته دیارده‌یه‌كی ناشیرین.
كاتی خۆی هونه‌رمه‌ند بۆ هونه‌ر كاری ده‌كرد، به‌ڵام ئێسته هه‌موو كاره‌كان له پێناو پاره‌دا ده‌كرێن، بۆچوونی تۆ چییه له‌سه‌ر ئه‌مه؟
كاتێك هونه‌رمه‌ند كار ده‌كات و كاتی خۆی ده‌به‌خشێته كاری هونه‌ری، ئاساییه پاداشتیش وه‌ربگرێ، به‌ڵام نابێ پاره ببێته پێوه‌رێك یان هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی كاری لاواز و باش به چاوێك سه‌یر بكرێت.
ئافره‌تان به‌تایبه‌ت له بواری شانۆ و دراما و فیلم‌دا، رووبه‌ڕووی چ ئاسته‌نگێك ده‌بنه‌وه؟
ئاسته‌نگه‌كان زۆرن بۆ هه‌موو هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی و ئافره‌ت به تایبه‌تی، به‌تایبه‌ت ئێسته كه هونه‌ر نه‌بووه‌ته پیشه‌ی یه‌كه‌م، ئه‌مه جگه له ڕێگری و تانه‌ی كۆمه‌ڵگه.
تا چه‌ند ئافره‌تی كورد له بواری نووسین و ده‌رهێنان له به‌رهه‌می دراما و فیلم‌دا ڕۆڵی خۆی گێڕاوه؟
ئه‌مه ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێ زۆر به كه‌می هه‌بووه، ئه‌ویش ته‌نیا له بواری شانۆ . به هیوام له داهاتوودا له نووسین و ده‌رهێنان له‌و بواره ئافره‌تان ڕۆڵیان هه‌بێت.
پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا و بوونی ئامێره‌كانی بینراو و بیستراو، تا چه‌ند كاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی شانۆ له كوردستان؟
پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه له دووركه‌وتنه‌وه‌ی بینه‌ر له شانۆ و زۆر بواری تری كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌تایبه‌ت ئێسته خه‌ڵك تاقه‌تی سه‌یركردنی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانیشی نه‌ماوه و ژیانیش ئاڵۆزتر و قورس‌تر بووه له جاران، بۆیه خه‌ڵك كه‌متر كاتی هه‌یه بۆ چوونه هۆڵی شانۆ.
جاران هۆڵی گونجاو نه‌بووه، ئامێر و ته‌كنه‌لۆجیای باش له به‌رده‌ستدا نه‌بووه، هونه‌رمه‌ندی ئه‌كادیمی كه‌م بووه، كه‌چی بزووتنه‌وه‌ی شانۆیی له دۆخێكی باشتردا بوو؟
جاران زۆربه‌ی ماڵه‌كان ته‌له‌ڤزیۆنیان تێدا نه‌بووه، بۆیه خه‌ڵك بۆ بینینی سینه‌ما و شانۆ زیاتر چووه و هونه‌رمه‌نده‌كانیش ئه‌وكات چالاكتر بوون له ئێسته، بۆیه ئه‌و جیاوازییه ده‌بینین.
ئه‌و قه‌یرانه‌ی شانۆ له كوردستان تێی كه‌وتووه، پێوه‌ندیی به نه‌بوونی ده‌قی زانستی و كادری شانۆییه‌وه هه‌یه، یان چیتر؟
ئێمه ده‌قی باش و ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ری زۆر باشمان هه‌یه، به‌ڵام پێویستیمان به ده‌ستگیرۆیی زیاتره له‌لایه‌ن كه‌سانی پێوه‌ندیدار به‌و بواره.
جاران به‌شداربوونی ژن له شانۆدا یه‌كێك بوو له كێشه گه‌وره‌كان، زۆربه‌ی كات پیاو رۆڵی ئافره‌تی بینیوه، ئه‌و كێشه‌یه ئێسته هه‌یه؟
ڕێز بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده دڵسۆزانه‌ی له ڕابردوو ڕۆڵی ئافره‌تیان گێڕاوه كه بۆ ئه‌وكات خزمه‌تێكی گه‌وره بووه و له بیریان ناكه‌ین. ئێسته ئافره‌تانی زۆر به‌توانا و چالاك هه‌ن كه ئه‌و بۆشاییه‌یان پڕ كردووه‌ته‌وه.
هه‌ولێر\ئه‌حمه‌د تاریق