بڕیارە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە، لووتكەی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوە بچێت، لە كردنەوەی لووتكەكەدا لەلایەن هونەرمەندێكی كوردەوە پارچە میوزیكێكی هەورامی پێشكەش دەكرێت.
هونەرمەند ئالان عارف كە وەك سۆلیستێكی كورد دیاری كراوە، لەم لووتكەیەدا بەشدار بێت بە یاوەری تیپی سیمفۆنیای نیشتیمانیی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئایار، ئەو هونەرمەندە بە "وشە"ی گوت، تیپی سیمفۆنیای نیشتیمانیی عێراق بەكۆمەڵێك میوزیك لووتكەكە دەكاتەوە، "من وەكو كورد بەشدارم و بە میوزیكێكی هەورامی دەست پێ دەكەن".
ڕوونیشی كردەوە، ئەوە شتێكی نوێیە كە لەناو كۆبوونەوەیەكی عەرەبی میوزیكی كوردی پێشكەش بكرێت، دەمانەوێ بەو كارە پێشانی بدەین كورد لە شتە جوانەكاندا بەشدارە و پەیامی یەكسانی و خۆشەویستی و پێكەوەژیان رادەگەیەنین.
هەروەها دووپاتی لەوە كردەوە، ئەو میوزیكەی ئەو پێشكەشی دەكات؛ بە هەورامی و لە شێوەی ئۆركسترا دەبێت.
وشە/ فەیسەڵ شێحانی