بنه‌ماڵه‌ى هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو محه‌مه‌د عه‌باس روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ناشتنى ته‌رمه‌كه‌ى ده‌ده‌ن

:: PM:07:48:16/05/2025 ‌
بنه‌ماڵه‌ى هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو محه‌مه‌د عه‌باس بارام روونكردنه‌وه‌یه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌ر چه‌نده‌ مه‌سروور بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یى نیشانداوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ته‌رمى هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو، به‌ڵام ته‌رمه‌كه‌ له‌ ئوردن به‌ خاك سپێردراوه‌. ده‌ڵێن به‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌ حاڵه‌تى ته‌نیایى و په‌رێشانى بوون، بۆیه‌ ئه‌و بڕیاره‌یان داوه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 16ى ئایار، بنه‌ماڵى هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو محه‌مه‌د عه‌باس بارام روونكردنه‌وه‌ و سوپاسنامه‌یه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تیێدا هاتووه‌، "بە داخ و پەژارەی زۆرەوە كە هونەرمەند محەمەد عەباس دوای گرفتاریی بە نەخۆشی، دوێنێ لە ئوردن كۆچی دوایی كرد، ئێمە كە وەك خێزان بەتەنیا لەگەڵیدا بووین و لەژێر سترێس و خەمێكی قووڵی لەدەستدانی ئەو ئازیزەماندا بووین، وەك پێویست نەمانتوانی بڕیاری بەخاكسپاردنەكەی بدەین و سوودیش لەو دەرفەت و بەدەنگەوەهاتن و پەرۆشییانە وەربگرین بۆ گەڕانەوەی تەرمی بۆ كوردستان، بەتایبەتی هەوڵ و خەمخۆریی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە رێی نووسینگەی بەڕێزیان و جەنابی پارێزگاری هەولێر و بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و بەڕێوەبە ی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێرەوە پەیوەندیمان پێوە كرا و سەرەخۆشییان لێ كردین و ئامادەیی خۆیشیان دەربڕی بۆ هەموو هاوكارییەك بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی هونەرمەند بۆ كوردستان"

هه‌روه‌ها له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ هاتووه‌، "تەنانەت بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان پێی ڕاگەیاندین كە خۆیان بەپیرمانەوە دێت بۆ ئوردن و تەرمەكە دەگەڕێننەوە بۆ كوردستان، بەڵام ئێمە چونكە ئەوكات لە دۆخێكی زۆر تەنیایی و پەرێشانیدا بووین، بۆیە هەر لەوێ لە ئوردن ناشتمان. ئێمە زۆر سوپاسی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو بەڕێز و لایەنانەش دەكەین بۆ خەمخۆرییان و سوپاسی خەڵكی كوردستانیش ئەكەین بۆ ئەم هەموو پەرۆشی و خ سەرەخۆشییانەی لە رێی جیاجیاوە لێیان كردووین."

محەمەد عەباس بەهرام لە ساڵی 1952 لە گەڕەكی تەپەی مەلا عەبدوڵای كەركووك له‌ دایك بووه‌، هونه‌رمه‌ندێكى هه‌ره‌ دیارى كورد بوو، دوێنێ له‌ ئوردن كۆچى دوایى كرد.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل