رەوەند جەواد دەیەمین پێشانگەی فۆتۆگرافیی لە ئەڵمانیا دەكاتەوە

:: AM:11:27:17/05/2025 ‌
رەوەند جەواد كە فۆتۆگرافەر و رۆژنامەنووسێكی كورد و هەولێرییە و ئێستە لە ئەڵمانیە نیشتەجێیە، دوێنێ دەیەمین پێشانگەی فۆتۆگرافیی خۆی لە ئەڵمانیا كردەوە.

رەوەند ئەمڕۆ شەموو 17ی ئایار، بۆ "وشە" رای گەیاند، دوێنێ دەیەمین پێشانگەی تایبەتی فۆتۆگرافیی خۆی لە ژێر ناوی "لە تاریكییەوە بۆ رووناكی- بەهیوای تاوسی مەلەك" لە سەعات 16:30ی بە كاتی ئەوروپا كردەوە.

رەوەند زیاتر دەڵێت، كردنەوەی ئەو پێشانگەیەی بە هاوكاریی رێكخراوی "یەك ماڵ" لە مۆزەخانەی مارتا كراوەتەوە و تا 6/6/2015 بەردەوام دەبێت. لە كردنەوەیشدا جەماوەرێكی زۆر ئامادە بوون.

ئەوەشی گوت كە لەو پێشانگەیە 16 تابلۆی فۆتۆگرافیی نمایش كردووە، تەواوی تابلۆكانیشی گوزارشت لە ژیانی پەنابەرانی ئێزیدی لە كەمپەكانی باشووری كوردستان دەكەن.

لەبارەی تابلۆكانیشەوە رەوەند دووپاتی كردووەتەوە، جیا لەو 16 تابلۆیە، هاوكات دوو تابلۆی لە ساڵی 2018دا گرتوونی، لەم پێشانگەیە نمایش كراون، ئەو دوو تابلۆیە خەڵاتیان لەلایەن ئینستیوتی میدڵ ئیست بۆ كاروباری مافەكانی مرۆڤ و سیاسیی ئینتەرناسیۆناڵ لە واشنتن وەرگرتووە.

رەوەند جەواد كە لە كوردستان وەك رۆژنامەنووس كاری دەكرد، لە ساڵی 2021یشەوە وەك فۆتۆگرافەر دەستی بەكاری هونەری كردووە، كاتێك چووە ئەڵمانیا و لەو وڵاتە نیشتەجێ بوو، لەوێش پەرەی زیاتری بە بوارە هونەرییەكەی داوە، بۆیە تا ئێستە چەندان پێشانگەی فۆتۆگرافیی لە ئەڵمانیا و پاریس و چەندان شوێنی تر كردووەتەوە.

دواتریش رەوەند حاجی خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو هەنگاوانە دەردەبڕێت كە لە ئەوروپادا چەندان رێكخراوی كورد دروست بوونە و هاوكاریی بوارەكانی كولتوور و كارە هونەرییەكان دەكەن.

وشە- وشیار ئەحمەد ئەسوەد




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د