"تەكفیر".. بەرهەمهێنانی فیلمێكی نوێی هۆڵیوود لەبارەی جەنگی عێراق

:: AM:09:38:21/05/2025 ‌
پێگەیەكی تایبەت بە كارەكانی هۆڵیوود و سینەمای جیهانیی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، سێ ئەستێرەی سینەمایی هۆڵیوود لە فیلمێكی سینەمایی بەناوی "تەكفیر" بەشداری دەكەن كە تایبەتە بە جەنگی عێراق. ئەو فیلمە لەناو ئەم مانگەدا دەست بە وێنەگرتنی دەكرێت و چاوەڕێ دەكرێ تا پێشاندانی، بەلای كەمەوە ساڵێك زیاتری پێ بچێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی لە پێگەی "دیدڵاین"ی ئەمەریكی وەرگرتووە كە تایبەت بە كارەكانی هۆڵیوود و فیلمە سینەماییەكانە، ئاماژەی داوە فیلمی "تەكفیر"، سیناریۆكەی لە وتاری دیكستەر ڤلیكینز وەرگیراوە كە یەك لە نووسەرە ناودارەكانی ئەمەریكایە و ئەو وتارەی لە گۆڤاری "نیویوركر" لە ساڵی 2012دا بڵاو كردووەتەوە، تێیدا باس لە جەنگی عێراق دەكات كە بەهۆیەوە لەلایەك خەڵكی وڵاتەكە و لەلایەكی تریشەوە بەشێك لەو سەربازە ئەمەریكییانەی بەشدارییان لە جەنگەكە كردووە، تووشی دۆخی دەروونیی ئاڵۆز بوون.

باس لەوە دەكرێ كە لەو فیلمەدا سێ ئەستێرەی ناوداری هۆڵیوود رۆڵی سەرەكیی تێدا دەگێڕن، ئەوانیش پێكدێن لە ئەكتەری بەریتانی كینیس براناە، ئەكتەری فەلەستینی هیام عەباس و ئەكتەری ئەمەریكی بوێد هۆڵبروك. بڕیارە فیلمەكە لەناو ئەم مانگە "ئایار" وێنەگرتنی لە ئوردن و تێكساس دەست پێ بكات.

لەبارەی چیرۆك و سیناریۆی فیلمەیش ئاماژە دراوە، باس لە سەربازێكی مارێنزی ئەمەریكی دەكات كە بەهۆی جەنگی عێراقەوە تووشی دۆخی خراپی دەروونی بووە، هەوڵ دەدات تێكەڵ بە خێزانێكی عێراقیی بێت كە لە جەنگەكەدا لەلایەن یەكەیەكی سەربازیی ئەمەریكی لە ساڵی 2003 تەقەیان لێ كراوە و دواتر رزگار بوون.

فیلمی "تەكفیر" لە دەرهێنانی رێد ڤان دایكە كە پێشتر خەڵاتی ئۆسكاری بۆ فیلمی كورت لە ساڵی 2017دا وەرگرتووە. هەروەها فیلمەكە لە بەرهەمهێنانی ستۆدیۆكانی "ساوس ساید"ی سەربە كۆمپانیای "تالۆن ئینتەرتینمات"ـە.

جیا لە فیلمی "تەكفیر" بە نوێترین فیلمی سینەمایی لەبارەی جەنگی عێراق هەژمار دەكرێت، پێشتریش هەر لە ساڵی 1990 لە جەنگی یەكەمی عێراق و لە ساڵی 2003 لە جەنگی دووەمی ئەو وڵاتە كە بووە هۆی رووخانی رژێمەكەی سەدام حوسێن، دەیان فیلمی سینەماییان لەبارەیانەوە بەرهەم هاتوون، زۆربەی فیلمەكان رۆشنایی دەكەنە سەر دۆخی دەروونیی ئەو سەربازە ئەمەریكییانەی بەشدارییان لە جەنگەكاندا كردووە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د